چەند گوتەیەک لەپێناو ئەوەی کورد نەبێتە پەنابەری خاکی
خۆی
٢٧ی خەرمانانی ٢٠٢٦
مژدە نەورەس:
ڕۆژێک لە ڕۆژان، کاتێک بە گەڕەکە کۆنەکانی هەولێردا تێپەڕبایت،
لە یەکێک لە کۆڵانەکاندا وەستابای بۆ ئەوەی ناونیشانێک بپرسیت، چەندین کەس بەدەمتەوە
دەهاتن و ڕێگاکەیان زۆر بە وردی بۆ شی دەکردیتەوە. بەڵام ئێستا لە هەر کۆڵانێک بوەستی
سێ پیاو کەمتر نین لەبەردەم دوکانێکی نوێ دانیشتبێتن، کە بە عەرەبی قسە دەکەن، ئەگەر
بە کوردی لێیان بپرسیت، دڵنیابە یەکێکیان خێرا بە زمانی عەرەبی وەڵام دەداتەوە «ما
أفهم كوردي، تكلم عربي». لە دڵی خۆتدا بەس ئەوەت بۆ دەمێنێتەوە بڵێی من لە کوێمە؟
ئەم گەڕەکە هەر ئەو گەڕەکەیە کە دە ساڵ لەمەوبەر تێیدا ژیاوم؟ ئایا ئەمە هەولێرە یاخود
بەغدای دووەم؟
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کاتێک لە هەولێرەوە بەرەو شارەکەی
خۆم و ماڵ گەڕامەوە، لە سەر ڕێگا لە دوو تابلۆ ڕامام، یەکێکیان بۆ قوتابخانەیەک
بوو، عەرەبی لە سەرەوە بە پیتی گەورە نووسرابوو، کوردی لە خوارەوە بە پیتی
بچووکتر، ئەوی تریش تابلۆی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بوو، بە عەرەبی و ئینگلیزی لە دیوە
دیارەکەی(واتا ئەو دیوەی خەڵک چاکتر و گەورەتر ناوەکان دەبینن نوسرابوو ناوەکەی)،
بەڵام لە دیوەکە شاراوەکەی زۆر بەبچووکی بەکوردی لەسەر نوسرابوو، ئەوە باسی میوانخانە
(هۆتێل و مۆتێل)کان هەر ناکەم کە زۆربەی هەرە زۆری عەرەبین ناوەکان، بەهەرحاڵ لەو
گەشتە کورتەدا، لە ماوەی چل خولەکدا، هەموو ئەو پرسیارانەم بۆ گەڕایەوە کە ماوەیەکە
خۆیان لە ناخم دەکوتی، ئایا هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئایا ئەوەی لە
داهاتوودا چاوەڕێمان دەکات، هەمان چارەنووسی فەلەستینە کە لە ماوەی نیو سەدەدا، لە
خاوەن خاکەوە بوونە پەنابەری خاکی خۆیان؟
پێش ئەوەی بچمە ناو بابەتەکەوە، پێویستە لەسەر یەک وشە
ڕابوەستین، کە ئەیش وشەی "خـــاک"ـە. ڕاوەستانیش لەسەر ئەم ووشەیە پێویستە،
چونکە بۆ ئێمەی کورد گرنگە و خاک بۆمان وشەیەکی سادە نییە. خاک، خوێنی باپیرانمانە
کە لە هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال و کۆبانێدا ژیاون. خاک، ئەو شیبوەوەی لاشەی ئەو
ژنانەیە کە لە کاتی جێنۆساید، تەرمی منداڵەکانیان لەباوەش دەگرت تاوەکو پێش منداڵەکانیان
خۆیاندن شەهید ببن، لەکاتی کۆڕەویشدا دایکان منداڵەکانیان دەگرتە سەر شانیان و بەرەو
چیاکان هەڵدەهاتن. خاک، ئەو کۆڵانانەیە کە زمانی کوردی تیایاندا فێر بووین، ئەو
باخانەیە کە باپیرانمان بە دەستی خۆی نالەکەی کوتاوە.
بەڵام کەچی ئەمڕۆکە، ئەو خاکە، ئەو ژیانە پیرۆزەی لەسەریمان
دروستکردووە، بەم ئاسانییە دەفرۆشرێت. ئەوەتا لە یەکێک لە دائیرەکانی تاپۆی سلێمانی،
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەر مانگێک ١٥ تا ٢٠ عەرەبی عێراقی پشتگیریی ئاسایشیان
بۆ دەردەچێت بۆ کڕینی موڵک، واتە بە حیسابێکی سادە، تەنیا لە سلێمانیدا، پتر دوو سەد
و چل ماڵ لە ساڵێکدا لە دەستی کوردەوە بۆ عەرەب دەگوێزرێتەوە، کە ئەڵبەتە ئەم ڕێژەیە
زۆر بەرزترە لە هەولێر و دەهۆک، ئەمەش ڕێژەکەی ڕۆژ بەڕۆژ زیادتر و زیاتر دەبێت...
ئەگەر ئەو ژمارەیە لە هەولێر و دهۆکیش بەرزتر بێت (کە ئاماژەکان ئەوە دەسەلمێنن)،
ئەوا مێژووی نەنووسراوی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە دائیرەکانی تاپۆ و لە نووسینگەکانی
سیمساری موڵکەوە نووسراوەتەوە لەداهاتوودا چیمان بەسەردێت.
بەپێی نوێترین زانیارییە فەرمییەکان و ئەنجامە سەرەتایی
و کۆتایییەکانی سەرژمێریی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجامدرا
و داتاکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ وەک سەرچاوەی سەرەکی بەکاردێن... ژمارەی خێزانە عەرەبەکان
(ئاوارە و نیشتەجێبووەکان) لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی
وەزارەتی ناوخۆ، لە پارێزگای هەولێر نزیکەی ٤١٪ی کۆی گشتیی ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی
کوردستان لەم پارێزگایەدا نیشتەجێن. ژمارەی خێزانە عەرەبە ئاوارەکان لە هەولێر بە
نزیکەیی ٣٥،٠٠٠ بۆ ٣٨،٠٠٠ خێزان دەخەمڵێنرێت کە لەناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکاندا
دەژین. لە بەرانبەردا لە پارێزگای دەهۆک کە ئەم پارێزگایە دووەم زۆرترین ژمارەی خێزانی
عەرەبی تێدایە، کە نزیکەی ٤٠٪ی کۆی ئاوارەکان پێکدەهێنن، کە بە نزیکەیی ٣٢،٠٠٠ بۆ
٣٦،٠٠٠ خێزان دەخەمڵێنرێت. لە پارێزگای سلێمانی خۆشبەخشتانە کەمێک ئەو ڕێژەیە کەمترە
کە نزیکەی ١٩٪ی ئاوارەکان لەم پارێزگایە نیشتەجێن. ژمارەی خێزانە عەرەبەکان لە سلێمانی
بە نزیکەیی ١٥،٠٠٠ بۆ ١٨،٠٠٠ خێزان دەخەمڵێنرێت. واتە عەرەبەکان زیاتر لە ١٢٪ بۆ
٪١٤دانیشتووانی هەرێم پێکدەهێنن.
با ئەم بابەتەی خۆمان بەلاوە بنێین و بچینەوە بۆ ساڵی
١٩٤٧، واتە ساڵێک پێش دامەزراندنی ئیسڕائیل. بۆیەشە دەمەوێت بابەتەکە کەمێک بگۆڕین
چونکە هەستەکەم کەیسەکانمان زۆر لێکەوە نزیکە و بەهەمان دەرد دەچین... بەهەرحاڵ
جوولەکەکان لە هەموو خاکی فەلەستیندا، ئەوکاتە تەنها ٦٫٦٪ی
زەوی و خاکیان لە ژێر دەستدا بوو، واتە کەمتر لە ٢ ملیۆن دۆنم لە کۆی ١٣ ملیۆن دۆنمی
خاکی فەلەستین. عەرەبە فەلەستینییەکان، خاوەن ٩٤٪ی خاکی نیشتیمانی خۆیان بوون ئەوکاتە،
بەڵام بە ماوەی یەک ساڵ دواتر، لە جەنگی ١٩٤٨ دا، ئیسڕائیل توانی ٧٧٫٩٪ی
خاکی فەلەستین بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. پرسیار ئەوەیە، ئەم گۆڕانە خێرایەی دیموگرافیا
و جوگرافیایە چۆن ئەوە ڕوویدا؟ چۆن نەتەوەیەک لە ماوەی نیو سەدەدا، لە خاوەنی خاکی
باپیرانی خۆیەوە بووە پەنابەری خێوەتی زاعتەری و لوبنان و ئوردن و عێراق...؟
وەڵامی بێ غەل و غەش ئەوەیە پرۆسەکە سەرەتا بە هێز و
تانک و بۆردومان دەستی پێنەکرد. بەڵکو پرۆسەکە لە نووسینگەکانی تاپۆدا دەستی پێکرد.
چونکە لە ساڵی ١٨٩٧ەوە، سندووقی نەتەوەیی جوولەکە (JNF/KKL) دامەزرا، کە ئەویش یەک ئامانجی لێ هەبوو، کە کڕینی زەوی بوو لە فەلەستینییەکان،
بە هەرچی نرخێک بێت. سەرەتا کارەکە لە زەمینخاوەنەی عوسمانییەکان کە فەلەستینییان
نەبوون دەستیان پێکرد، پاشان لە فەلەستینییە هەژارەکانی کە ئابووریان ڕۆژ بەڕۆژ زۆر
خراپ بوو، لەدوای ئەوانیشەوە پاشان لە هەندێک کەسایەتی کە یاخود ئەوانە بەرتیل وەردەگرتن
یاخود بێدەنگ دەکران و خاکەکانیان لێ دەکڕین. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە نووسەرێکی فەلەستینی
وتەیەکی جوانی هەیە و دەیگوت «ئێمە خاکەکەمان بە دۆلار و پاوەند فرۆشت، پاشان بە
خوێنی منداڵەکانمان هەوڵی کڕینەوەی دەدەین». بەڵام ئەوەی جێگای ترسە و ئێمە پێویستە
لەبری دەسەڵاتدارەکانیشمان بترسین لەڕۆژگارێکی نزیک هەمان قسەبکەینەوە.
با ئێستا بگەڕێینەوە بۆ خاکی خۆمان. کاتێک لە نزیکەوە
تەماشای پڕۆسەی تەعریب لە هەرێمی کوردستان دەکەیت، دەبینیت کە ئەمە دیاردەیەکی
سروشتی نییە کە بەخۆی ڕوویدابێت. بەڵکو زنجیرەیەک لە بڕیار و یاسا و کارکردنی حکومی
هەن کە هەموویان پێکەوە ڕێگای بۆ تەعریبکردن خۆش کردووە.
هەر بۆ نموونە بڕیارێکی حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٨ هەیە.
کە ئەم بڕیارە ڕێگای دا بە هەموو غەیرە کوردێک، تەنانەت بەبێ رەزامەندیی ئاسایشی
تایبەتیش، ببێتە خاوەنی زەوی و خانوو لە هەرێمی کوردستاندا. بەڵکو تەنها بەڵگەیەکی
سادەی وەکو کارتی نیشتمانی یاخود ناسنامەی عێراقی، بەسە بۆ ئەوەی هەر عەرەبێک، لە
هەر گۆشەیەکی عێراق، بێت تەنانەت لە هەر پارچەیەک لە خاکی کوردستان بۆ خۆی و نەوەکانی
لەوێ نیشتەجێ بێت، کەچی هیچ کوردێک لە بەغدا یاخود لە کەرکووکی تەعریبکراودا،
ناتوانێت پارچە زەوییەک بەبێ هەموو ئەو کێشە یاسایی و ئەمنییانە بکڕێت کە لەهەرێمی
کوردستان بۆ عەرەبەکان بەم شێوەیە نییە.
دواتر زمانی عەرەبی لە سەر تابلۆکان دووەم غەدرە لە خۆمانی
دەکەین، جگە لە خۆ بچووکردنەوە هیچی تری لێ بەرهەم نایات، چونکە لە زۆربەی فەرمانگەکانی
حکومی و ئاسایشی و نەخۆشخانە تایبەتەکاندا، زمانی عەرەبی بەبێ هیچ سنوورێک بەکاردێت،
تەنانەت زۆرجاریش بەسەر زمانی کوردی سەردەکەوێت. کاتێک بەرپرسانی شاری هەولێر بڕیاریاندا
کە زمانی کوردی دەبێت لە سەرەوە بێت لە سەر هەموو تابلۆکان، ئەو بڕیارە بۆ چەند ساڵێک
هەر جێبەجێ نەکرا، تا ئەوەی ماوەیەک پێش ئێستا بابەتەکەیان کەمێک زیندووکردۆتەوە و
هیوادارین کاری بەردەوامی لەسەر بکرێت.
مەسەلەی کەرتی وەبەرهێنان و نیشتەجێبوونیش لە لایەکی
تر بوەستێ. چونکە ٣٠٪ی هەموو وەبەرهێنانەکانی هەرێمی کوردستان واتە (نزیکەی ٢٠ ملیار
دۆلار) لە کەرتی موڵک و خانوبەرەدا وەبەرهێنراوە، لە کاتێکدا کە کەرتی کشتوکاڵ و تەندروستی
و پەروەردە هەموویان پێکەوە تەنها ٦٪ی وەبەرهێنانەکانیان بەردەکەوێت ئەمەش لە
قازانجی عەرەبەکانە... چونکە ئەم پرۆژە گەورانەی نیشتەجێبوون لە ڕاستیدا بۆ خەڵکی
کوردستان دروست نەکراون، چونکە هەزاران یەکەی نیشتەجێبوونی کۆن هێشتا نەفرۆشراون و
کەچی ٤٧ هەزار یەکەی نوێش ئامادە دەکەن وا. ئەم پڕۆژانە ڕاستی دروست دەکرێن بۆ عەرەبی
توێژی دەوڵەمەندی بەغدا و بەسرە و مۆسڵ کە بە ٤٠ هەزار تا ٧٠ هەزار دۆلار پارچە موڵکێک
دەکڕن، لە کاتێکدا کوردێکی مامناوەند، بە داهاتی ٤٠٠ دۆلاری مانگانەی، ٢٠ ساڵی پێدەچێت
بۆ کڕینی هەمان موڵک.
بەڵام لە پشتی زۆربەی ئەم پڕۆژە نیشتەجێبوونانەوە، کۆمپانیا
گەورەکان دەبینین کە بە ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ بە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی وەکو
پارتی و یەکێتی بەستراونەتەوە. کۆمپانیای قەیوان لە سلێمانی، کە پەیوەندی بەهێزی بە
یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانەوە هەیە، لە دامێنی چیای گۆیژە پڕۆژەیەکی بڕی تاوەکو بەبڕی،
نیو ملیۆن تا دوو ملیۆن دۆلار بەس ڤیلا دروست بکات، چیایەک کە دەبووایە بە بەشێک لە
کەلتوور و شوناسی سلێمانی مابایەوە، بەڵام ئێستا دەکرێتە بازاڕێک بۆ فرۆشتن بەو کەسانەی
کە پارەیان لە شەڕی بەعس و شەڕی داعش و شەڕی ئێران و ئەمریکاوە کۆکردووەتەوە.
کاتێک دەربارەی ئەم بابەتە قسە دەکرێت، زۆربەی کات
باس لە ژمارە و ئامارە گشتییەکان دەکرێت. بەڵام هەندێک ڕاستی هەیە کە کەم باس دەکرێن،
بۆ نموونە
لە هەندێک لە گەڕەکە نوێیەکانی هەولێر، وەک دڕیم سیتی
و ئیمپاریاڵ سیتی، ڕێژەی خاوەنی موڵکە عەرەبییەکان لە ٦٠٪ تێدەپەڕێت. کە ئەمەش ئەمە
تەنها ژمارە نییە، ئەمە واتای ئەوەیە کە زمانی ئەو گەڕەک وناوچانە بەرەبەرە بۆتە عەرەبی،
دوکاندارە کوردەکان ناچار بوون فێری عەرەبی ببن نەک بە پێچەوانەوە. لە یەکێک لە
دوکانە عەرەبییەکاندا، بە کوردێک وترابوو، «هنا كردستان، لكن اللغة عربية» (ئێرە
کوردستانە، بەڵام زمانەکە عەرەبییە).
لە بەرامبەردا ٦٠٪ی هەموو کڕیار و کرێچییەکانی نووسینگەکانی
خانوبەرە لە هەولێر و سلێمانیدا، عەرەبن. دووبارە ئەمەش تەنها ژمارە نییە، ئەمە
واتای ئەوەیە کە بازاڕی موڵکی هەرێم، بەرەبەرە دەچێتە دەستی بازرگانە عەرەبەکان،
نرخەکان بۆ کورد بەرز دەبنەوە و کوردی مامناوەند ناچار دەبێت لە شارەکانی خۆی دەربچێت
و بەرەو دەرەوەی شار و قەزا و لادێکان دووبارە بڕوات...
بابەتێکی تر کە شایستەی هەڵوێستە لەسەر کردنە، بەپێی
زانیارییەکان، لە هەرێمی کوردستاندا قوتابخانەی عەرەبی تایبەت و حکومی لە زیادبووندان.
ئەمە دیاردەیەکی زۆریش مەترسیدارە؟ ئاخر کاتێک نەوەیەکی نوێی عەرەب لە ناو خاکی
کوردستان بە زمانی عەرەبی فێردەبن و هەرگیز کوردی فێرنابن، ئەوا ٢٠ ساڵی تر، ئێمە
دەیان هەزار عەرەبی زگماکی کوردستانمان دەبێت کە کوردی نازانن و دوای بیست ساڵی تر
داوای مافی نیشتیمانی و مافی سیاسی لە خاکی ئێمە دەکەن.
لەم ماوەیەدا ڕاپۆرتێکم بینی کە لە ناوچەیەکی دەڤەری
هەولێر، عەرەبێک بە تەنها بە جارێک حەوت مەزرەعەی کشتوکاڵی لە یەک گوندی کوردی کڕیوە.
ئەمە بە بیرکردنەوەیەکی ستراتیژی ڕوودەدات، ئەوان لە بازاڕی زەویی کشتوکاڵی
وردبوونەتەوە، لەبەرئەوەی زانیویانە کە خاوەندارێتیی زەوی کشتوکاڵی، لە درێژخایەندا،
جێگیرترە لە خاوەندارێتیی خانووی ناو شار...
با ئێستا بگەڕێینەوە بۆ فەلەستین، بەڵام ئەم جارە نەک
بۆ بەراورد، بەڵکو بۆ فێربوون. ئەویش ئەوەیە کە لە ساڵی ١٩٠١ دا، سندووقی نەتەوەیی
جوولەکە بە دروشمێکی زۆر سادە دامەزرا، کە «کڕینی خاک، بە پارچە پارچە، بۆ ئەوەی ڕۆژێک
بگاتە هەموو نیشتیمانی جوولەکە». دەستی بەکارەکانی کرد، لەو کاتەدا، فەلەستینییەکان
پێکەنینێان دەها بەم ئامانجەی جولەکەکان، یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی قودس، لە ساڵی
١٩٢٠ دا نووسیبووی «ئەوان یەک لە سەدی فەلەستینیەکانن، چۆن دەتوانن ببنە خاوەن نیشتیمانی
ئێمە؟». کەچی دواتر، ئەم کەسایەتییە هەر خۆشی، لە ساڵی ١٩٤٨ دا، بە شێوەیەک لە شێوەکان
لە خانووەکەی خۆی لە حەیفا دەرکرا و لە خێوەتێکی زاعتەری لوبناندا مرد!
فەلەستینییەکان لە ماوەی ٥٠ ساڵدا، لە ٩٤٪ی خاکەکانیانەوە
گەیاندە ٢٢٪. ئئ با بپرسین ئایا ئێمە بە هەمان مێژوودا دەڕۆین؟ ئایا سەد ساڵی تر،
لە زانکۆکاندا مامۆستایەکی کورد لە شێوەی هەمان مامۆستای فەلەستینی، لە خانووەکەی
خۆی دەردەکرێت و لە خێوەتێکی نائاسنودا دەمرێت؟ بێگومان وا بڕوات بەڵێ.
بەڵام لێرەدا یەک جیاوازی هەیە کە دەبێت بابهێنین، ئەویش
ئەوەیە جوولەکەکان لە فەلەستین بە بەرتیل و بە دراوی زۆر خاکەکانیان دەکڕی، کەچی عەرەبەکان
لە کوردستان بە نرخێکی زۆر هەرزانتر لە نرخی بازاڕ، خاکەکانمان دەکڕن، چونکە ئێمە
کورد خۆی بازاڕەکەیان بۆیان کردووەتەوە. ئەمە کارەساتێکی گەورەترە دڵنیابن.
بابەتەکە زۆر لەوە قووڵترە کە تەنها بە ڕەخنەگرتنی
حکومەت چارە بکرێت. ئێمە پێویستمان بە پرۆسەیەکی چاکسازیی گشتییە کە چەند لایەنێکی
گرنگی هەیە.
بۆ نموونە پێویستە یاسایەکی نەتەوەیی بۆ خاوەندارێتیی
خاک لە پەرلەمانی کوردستاندا دەربچێت. یاسایەکی وا، وەک ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا
هەیە، سنوور بۆ کڕینی موڵک لەلایەن ناکوردەکان دیاری بکرێت، بەتایبەت لە ناوچەی
سنوورییەکان و ناوچەی کشتوکاڵی. ئەمە جیاوازی نێوان بێگانە و خۆجێی نییە، ئەمە
پاراستنی هاوسەنگی دیمۆگرافییە کە هەموو دەوڵەتی سەردەمیانە دەیکات.
لە بەرانبەردا پێویستە زمانی کوردی، بێ قەید و شەرت بەبێ
هیچ گفتوگۆیەک، دەبێت لە پێشەوە بێت لە سەر هەموو تابلۆکان، لە فەرمانگە حکومی و کۆمپانیا
تایبەت و نەخۆشخان و قوتابخانەکان. زمانی عەرەبی و ئینگلیزی دەکرێن لە خوارەوە بێن،
بەڵام ناکرێت زمانی خاوەنی خاک لە خاکی خۆیدا لاببرێت یان بچووک بکرێتەوە.
بەهەماهەنگ پێویستە قوتابخانە حکومییەکان بە زمانی
کوردی وانە بڵێنەوە، و هەر منداڵێک کە لە هەرێمی کوردستاندا لەدایک دەبێت، دەبێت
زمانی کوردی وەک زمانی یەکەم فێربێت. ئەمە ڕاسیزم و نەتەوە نەتەوەپەرستی نییە، بەڵام
ئازادیی خوێندن بە زمانە بێگانەکان، ئازادییەکە، بەڵام ئەرکی دەوڵەت ئەوەیە کە
زمانی نەتەوەیی خاوەک خاک بپارێزێت.
دواتر ئەرکی حکومەتە و پێویستە بەرنامەیەکی گشتی بۆ فێرکردنی
هاووڵاتییان لەبارەی مەترسیی فرۆشتنی خاک دەربچێنێت. دەزانم زۆرێک لە کوردەکان کە
خاکەکانیان دەفرۆشن، بە نیازی خراپەوە نییە، دەزانین ڕەنگە ئەوان تەنها بەدوای بژێویدا
بگەڕێن. ئەمە کێشەیەکی ئابوورییە پێش ئەوەی کێشەیەکی نیشتیمانی بێت. بۆیە ئەگەر
حکومەت هەلی کار و بابەتی بازرگانی بۆ کورد دابین بکات، هیچ کوردێک بەبی هۆکارێکی
زۆر گرنگ خاکی باپیرانی نافرۆشێت.
بیرمان نەچێت و بابەتێکی زۆر کاریگەرتر ئەوەیە پێویستە
سۆشیاڵ میدیا و کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لەم مەسەلانەدا، ئەم بابەتە نابێت
ببێت بە بابەتێکی سیاسی و حیزبی، بەڵکو دەبێت ببێتە بابەتێکی نیشتیمانی گشتی.
هاوکاتیش، بابەتەکە دەبێت بەبێ ڕەگەزپەرستی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. کێشەکە لەگەڵ عەرەبی
تاک نییە، کێشەکە لەگەڵ سیاسەتی نەبوونی سیاسەتە، لەگەڵ کارئاسانی حکومییە بۆ گۆڕینی
دیمۆگرافیای خاکێک کە بە هەزاران کوردی ئێزیدی و ئەنفال و هەڵەبجەی بۆ فیدا کراوە.
ئێمە وەک فەڵەستینیەکان نین، هێشتا کاتمان هەیە. ئەم
سەردەمە، سەردەمی هەڵبژاردنە بۆ ئێمە، نەک ناچاری، دەرفەتێکمان ماوە کە لەکیس نەچووە،
لەبەردەستماندایە، کە ئایا دەبێت بە دەنگی سۆدسازانی حیزب گوێ بدەین کە دەڵێن «موڵک
فرۆشتن ئازادیی کەسییە»؟ یاخود بە دەنگی مێژوو گوێ بدەین کە دەیانگوت «خاکی هەرچی
نەتەوەیەک بفرۆشرێت، ئەو نەتەوەیە ڕۆژێک بێنیشتیمان دەبێت»؟
بۆ ئەوەی نەبینە فەلەستینی سبەی، دەبێت ئەمڕۆ دەست بەکار
بین.
233 جار خوێندراوەتەوە