سەردەق
لە مێژووی پێکهاتن و گەڵاڵەبوونی شوناسی سیاسی و فەرهەنگی لە باشووری کوردستان، لە دەستپێکی سەدەی بیستەمەوە، ناوکە ڕاستەقینە و بزوێنەرە هەرە کاریگەر و نوێنەرایەتییە ڕاستینەکەی ئەم باڵاکردن و شکڵگیرییە، ڕۆشنبیران، ڕێکخراو و کۆمەڵە و دەستە ڕۆشنبیرییەکان بوون. ئەم فۆڕمە لە فەرهەنگسازی و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و کەلتووری، لە هەناوی نەخشە ڕۆشنبیری و مۆدێرنەخوازییەکەیدا، ڕێگەخۆشکەرن بۆ کۆمەڵگەسازی و دواتریش نەتەوەسازی. ئەم ڕەهەندە مەزنەی دەستبردن بۆ قەڵەم، ڕۆژنامە، گۆڤار، کتێب، چاپەمەنی و وەشانەکان، لە ڕاستیدا پارێزەری شوناسی نەتەوەیی بوون، و لایەنە ڕۆشن و زەقەکانی ئەم پێکهاتن و گەڵاڵەبوونەن، کە تا ئێستاش لە شاڕێی کاریگەریی خۆیاندان و بەردەوام نوێ دەبنەوە. هەرچەندە کۆسپ و تەگەرەکانی خێڵ، نەریت و واقیعی چینایەتی، و ئەمری واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان، بەربەست و ڕێگرە هەرە گەورە و قەبەکان بوون لە سەڕەڕێی داڕشتنەوەی ئەم شوناس و خویندنەوە نوێیە بۆ سیاسەتکردن، و دەربازبوون لەو هەموو تەپکە و داوانەی نرابوونەوە بۆ گەیشتن بە ئاسۆیێکی ڕۆشنتر بۆ نەتەوەکەمان.
زمان و شوناس، دوو مەرجی بنچینەیی نەتەوەسازین. ڕۆشنبیران و نووسەرانی ئەم قۆناغە هەستیار و بەراییەی کورد، درکی تەواویان بە گرنگیی ئەم دوو مەرجە کردووە. هەر بۆیەشە لە ڕێگەی نووسین و بڵاوکراوەکانیانەوە، یاخود لە ڕێی گەڵاڵەنامەی ڕێکخراو و کۆمەڵە فەرهەنگییەکانیانەوە، ئەم بیرۆکەیان پەرەپێداوە و لە هەوڵی نووسینەوە و داڕشتنەوەیدا بوون. ئەوەی سیاسەت و جووڵانەوە چەکدارییە لەناکاوەکان و نەفەس کورتەکان نەیانتوانیوە بە ئاکامی بگەیەنن، ئەمان بە دەمەزەردکردنەوە و تێخوێندنەوەی نوێ بۆ سەرجەم کایەکان، توانیویانە کاریگەریی هەستپێکراو بکەن، کە تا ئێستاش لە بیروهۆشی دەستەجەمعیی خوێندەواراندا جێی گرتووە و بە ئاسانی نالەخشێت. ئەم پرۆژەیەی ڕۆشنبیرانی سەدەی بیست، لە ڕێگەی زمان و شوناسەوە توانیویانە پەرژین و سێبەر بۆ فەرهەنگ و سیاسەت بکەن، و وەڵامدەرەوەی خواستە بنەڕەتییەکانی ئەو قۆناغە هەستیارەی ڕۆشنبیری بن، و پارێزەری قەوارەی زمان و شوناسی کوردبوون بن. کەوابێ، دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە تەقەلا ڕۆشنبیرییەکان، و هەنگاونان بۆ خۆڕێکخستنەوە و داڕشتنەوەی دنیای فەرهەنگ و سیاسەت، و شۆڕکردنەوەی بۆ ناو جەماوەر و کۆمەڵگە، بە بێ باج و خوێن تێناپەڕێت. چونکە لە سایەی دەسەڵاتە ستەمکارەکان و داگیرکەراندا، هەر چەشنە بازدان و تێپەڕاندنی ئەو هێڵە سوورانەی کە دەسەڵات و سیستم دەیكێشت، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی ئەستەم و بڤەیە. بۆیە لە سۆنگەی پیلانگێڕی و کودەتاگەرییەوە شیکاریی بۆ کراوە، و نوێنەرانی ئەم ئاراستەیە دووچاری کوشتن و تیرۆر بوونەتەوە. ڕۆشنبیران لەم دۆخە ئاڵۆزەی بیرکردنەوە و نوێنەرایەتیکردندا، لە نێوان دوو بەرداشی تاقەتپڕووکێندا بوون. یەکەم: ستەمی دەسەڵات و سیستمی سیاسی. دووەم: وەستانەوە بە ڕووی هێز و ڕەوتە کۆنەپەرستەکان، و ئەو هێزانەی دەسەڵات و دەوڵەت چاوپۆشی لە کار و کردەوە قێزەونەکانیان دەکەن. یەکێک لەو ئەدیب، چیرۆکنووس و نووسەرە خاوەن هەڵوێست و پرەنسیپانە، (موحەڕەم محەمەد ئەمین)ـە.
پوختەی ژیانی (موحەڕەم محەمەد ئەمین)
ناوی موحەڕەم محەمەد ئەمینە، یەکێکن لە خێزانە دیار و ناسراوەکانی شاری سلێمانی، باوکی قایمقامی زاخۆ و شەقڵاوە بووە. موحەڕەم لە ساڵی ١٩٢١ لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی هاتۆتە ژیانەوە. ساڵی ١٩٣٦ لە شاری سلێمانی خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٣٤ قۆناغی ئامادەیی بە سەرکەوتوویی بڕیوە و لە کۆلێجی یاسای بەغدا وەرگیراوە، بەڵام بە هۆی هەندێک هۆکاری تایبەت بە خۆیەوە، نەیتوانیوە درێژە بە خوێندنی زانکۆ بدات. ساڵی ١٩٤٤ لە فەرمانگەی تەموینی شاری سلێمانی وەرگیراوە.
ساڵی ١٩٤٥ لە فەرمانگەی مەعاریفی سلێمانی دامەزراوە. دواتر بۆتە ئەمینداری کتێبخانەی گشتیی شاری سلێمانی. ساڵی ١٩٤٨ بۆ ماوەی ساڵێک ئەمینداری کتێبخانەی گشتیی شارۆچکەی خاڵس بووە. وەک کوردپەروەرێک بە هۆی هەڵوێستەکانیەوە، چەند جارێک دەستگیرکراوە و زیندانی کراوە.
لە ساڵانی ١٩٥٢ بۆ ١٩٥٦ لە فەرمانگەی قەڵاچۆکردنی مەلاریا لە سلێمانی خزمەتی کردووە. ساڵی ١٩٥٧ لە فەرمانگەی شارەوانیی سلێمانی دەستبەکابووە، و ماوەیەک بەڕێوەبەری کارگێڕیی شارەوانی بووە. لە تشرینی یەکەمی ١٩٧٤ بۆ ٣٠ی ١ی ١٩٧٥، بۆتە بەڕێوەبەری شارەوانیی سلێمانی. دواتر لە ڕۆژنامەی هاوکاری و گۆڤاری بەیاندا کاری کردووە. ساڵی ١٩٧٧ دوای خزمەتێکی زۆر خانەنشین کراوە.
موحەڕەم محەمەد ئەمین، وەک فەرمانبەر و کەسایەتییەکی ئیداریی سەرکەتوو، بە زۆرەملێ لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە ڕاژەکەی بۆ شاری بەغدا گواستراوەتەوە. ساڵی ١٩٧٥ لە دەزگای ڕۆشنبیری بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، سەرنووسەری گۆڤاری بەیان بووە. زمانزانێکی بە ئەزموون و شارەزایەکی وردی بواری وەرگێڕان بووە. شارەزایی لە زمانی عەرەبی و ئینگلیزیدا هەبووە. چەندین چیرۆکی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. لە ڕۆژنامە و گۆڤارە بەناوبانگەکانی وەک (ژین، ڕۆژی نوێ، بڵێسە، شەفەق، نەورۆز، بەیان)، بابەت و نووسینی گرنگی بڵاوکردۆتەوە. کورتە شانۆییەکی بە ناوی (جنۆکە لە قەفەزی تاوانباریدا) نووسیوە. هاوکاتیش گەلێک بابەتی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر کوردی، کە بایەخێکی ئێجگار گەورەیان هەیە و ئاستبەرزیی ئەو لە بواری ڕۆشنبیریدا دەردەخەن. موحەڕەم محەمەد ئەمین، وەک چیرۆکنووسێک چەندین چیرۆکی بایەخداری چاپ و بڵاوکردۆتەوە، لەوانە: (چیرۆکی مام هۆمەر ١٩٥٤، گۆمی شڵەقاو ١٩٥٧، گردی شەهیدان ١٩٥٨، ڕێگای ئازادی ١٩٥٩، و ئادەمیزاد ١٩٦٩).
لە لایەکی ترەوە، لە کایەی چیرۆکنووسیدا لە ژێر کاریگەریی گەورە چیرۆکنووسانی جیهانی وەک مەکسیم گۆرکی، گۆگۆڵ، ئەناتۆڵ فرانس، دیکنز، و نەجیب مەحفووزدا بووە. لە بواری ئەدەبی، سیاسی و فەلسەفیشدا، چەند کتێبێکی لە زمانی عەرەبییەوە کردووە بە کوردی: (یادی گۆڕستانەکە) لە نووسینی دیستۆیڤسکی لە ساڵی ١٩٥٨. هەروەها (شۆڕشی بارزان) لە ساڵی ١٩٥٩، کە ئەم کتێبە لە لایەن یەکەم سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەمزە عەبدوڵڵا نووسراوە، و موحەڕەم محەمەد ئەمین کردوویەتی بە کوردی. ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا نووسینێکی هەمزە عەبدوڵڵایە، و بە دوو بەش لە گۆڤاری (المثقف) لە ژمارەکانی ١١ و ١٢ بڵاوکراوەتەوە. کە گۆڤارێکی فیکریی گشتی بووە و لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە بەغدا بڵاوکراوەتەوە. لە ژمارە ١٤٥١ی ڕۆژنامەی ژین، هەواڵی لە چاپدانی ئەم کتێبە بڵاوکراوەتەوە و نووسراوە: "لاپەڕەیەکی خوێناوی لە خەباتی گەلی کورد دەرئەخات لە پێناو ئازادی و ئاشتیدا، بە پێنووسی مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵا بە زمانی عەرەبی و لە لایەن موحەڕەم محەمەد ئەمینەوە وەرگێڕدراوە بۆ زمانی کوردی. بەم نزیکانە ئەکەوێتە بازاڕەوە." ئەمە یەکێک بووە لە بڵاوکراوەکانی نامەخانەی خەبات لە سلێمانی. هەروەها کتێبێکی بە ناونیشانی (مەبدەئە بنەڕەتییەکانی فەلسەفە) لە ساڵی ١٩٦٠ وەرگێڕاوە. لە بواری سیاسیشدا، کتێبێکی بە ناونیشانی (مافی بڕینەوەی دواڕۆژ) لە ساڵی ١٩٧٢ چاپکردووە.
وەک یەکێک لە نووسەر و ئەدیبە گەورەکانی کوردستان، زۆربەی کتێب و چیرۆکەکانی لە شاری سلێمانی بە چاپ گەیاندووە. لە دەیەی پەنجا، شەست و حەفتاکاندا، یەکێک بووە لە سیمبولە دیارەکانی ئەم شارە. گرنگترین چیرۆکەکانی موحەڕەم محەمەد ئەمین لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بریتین لە: (شای قەرەجەکان، بۆخۆیی، پەتیارە، خوێن و بەفر، هەر خواردیانەوە، سڵاوێکی پێکەنیناوی، و هەڵپەڕکێیەک لە بلکیان). موحەڕەم محەمەد ئەمین، لە ساڵی ١٩٧٠ بۆتە ئەندامی یەکەم دەستەی بەڕێوەبەریی لقی سلێمانیی یەکێتیی نووسەرانی کورد. بەشدارێکی سەرەکیی چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانی یەکێتییەکە بووە. پێشەکیی بۆ چەندین کتێب نووسیوە، یەکێک لەوانە: ساڵی ١٩٦١ پێشەکیی بۆ کتێبێکی شەهید عوسمان عوزێری نووسیوە بە ناونیشانی (شۆڕشی دیاربەکر).
وردەکاریی جموجۆڵی سیاسی، زۆربۆهێنان و تیرۆرکردنی (موحەڕەم محەمەد ئەمین)
موحەڕەم محەمەد ئەمین، وەک نووسەر و ئەدیبێکی ناسراوی کورد، هەر لە دەستپێکی کاری سیاسییەوە هەڵگری بیری چەپ بووە. ئەم بیروبڕوا فیکری و سیاسییەی تێکەڵ بە خەباتی نەتەوەیی کردووە، و لەسەر هەردوو هێڵەکە درێژەی بە تێکۆشانی سیاسی داوە.
ناوبراو لە (کۆمەڵەی برایەتی)دا ئەندام بووە، و یەکێکیش بووە لە هاوڕێکانی محەمەد قودسی. ساڵی ١٩٣٨ لەسەر پێشنیاری محەمەد قودسی و بە هۆی ئۆسمان سەبرییەوە، ئاشنایەتی لەگەڵ کۆمەڵەی (خۆیبوون) پەیداکردووە. گەلێک پەیام و نامەیان لەگەڵ ئەم کۆمەڵەیەدا ئاڵوگۆڕ پێکردووە، و کۆمەڵەکەیان لە بارودۆخی کوردستانی عێراق ئاگادارکردۆتەوە.
ئۆسمان سەبری، یەکێکە لە کەسایەتی و سیاسەتوانە بە دیمەنەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان. لە پاش شکستهێنانی ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیران، بەرەو سوریا هەڵاتووە و لە کۆبانێ گیرساوەتەوە. هەر لەوێ جەلادەت بەدرخانی ناسیوە و بۆتە ئەندامی خۆیبوون. لەسەر ڕاسپاردەی جەلادەت بەدرخان چۆتە لای سەید ڕەزا. لە ساڵی ١٩٣٨ ئۆسمان سەبری (ڕێکخراوی یەکێتیی لاوان)ی دروستکردووە. لە ساڵی ١٩٥٦ بیری لە دروستکردنی پارتی دیموکراتی کورد کردۆتەوە، و لە لایەن هەریەک لە جەلال تاڵەبانی و نورەدین زازاوە هاوکاریی کراوە. لە ١١ی ١٠ی ١٩٩٣ لە شاری دیمەشقی سوریا لە دنیا دەرچووە. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر باسوخواسی ژیان و بیرەوەرییەکانی بڕوانە: (مذكرات أوسمان صبري ١٩٠٥-١٩٩٣: ترجمة هورامي يزدي ودلاور زنكي، الطبعة الأولى، مطبعة أميرال، بيروت، ٢٠٠١). دواتر لەسەر داوای محەمەد قودسی بۆتە ئەندامی (کۆمەڵەی هیوا).
موحەڕەم محەمەد ئەمین، وەک سیاسەتوان و نووسەرێکی کاریگەری سلێمانی، لە چەلەکاندا ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە لە ڕێکخستنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لەم شارەدا. هەر لە بازاڕی سلێمانی و لە سابونکەرانەوە بینرابێت، هێما بووە بۆ دروستبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی. لە ساڵی ١٩٤٦ ڕۆڵی بەرچاوی لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی بینیوە، و لە جموجۆڵە سیاسییەکاندا دووچاری قۆڵبەستکردن و جەزرەبەدان بۆتەوە. ئەو دژی سیستمی پاشایەتی بووە لە عێراق، و بە داردەستی ئیمپریالیزم و ئەڵقەلەگوێی ئینگلیزەکانی لە قەڵەم داوە. زۆر دڵخۆش بووە بە سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی تەمموز بە ڕێبەرایەتیی عەبدولکەریم قاسم. هەر بۆیەشە لە ژمارە ١٤٧٦ی ڕۆژنامەی (ژین)دا، بە ناونیشانی (تاقە پێشەوای کورد و عەرەب کاک عەبدولکەریم قاسم تەقدیری ئەدیبێکی کورد ئەکا) سوپاس و ڕێزی پێشکەش کراوە لە پای پێشکەشکردنی دانەیەک لە چیرۆکی (ڕێگای ئازادی) بە عەبدولکەریم قاسم. تێیدا هاتووە: "کاک محەڕەم محەمەد ئەمین، دایەرەی شارەوانی، لە پاش سڵاو... جەنابی پێشەوا عەبدولکەریم قاسم سەرۆک وەزیران، زۆر بە خۆشییەوە دیارییەکەتانی (ڕێگای ئازادی) وەرگرت. و جەنابی لە کاتێکدا سوپاسی هۆشی بەرزتان ئەکا و تەقدیری ئەم کۆششەتان ئەکا کە بەجێتان هێناوە تا چیرۆکەکەتان بەم شێوە نایابە هێناوەتە بەرهەم. لە بنی دڵییەوە داوای سەرکەوتن و پێشکەوتنتان بۆ ئەکا لە کۆششەکانتانا لە کۆڕی سەقافەت و زانیاریی کوردیدا. لەگەڵ ئەم نووسراوەدا دانەیەک لە وێنەی تاقانە پێشەوامان کە خۆی ئیمزای کردووە، لەگەڵ چەند نامیلکەیەک و مەبادیئی شۆڕشی ١٤ی گەلاوێژتان بۆ ئەنێرم، ئیتر گەورەترین ڕێزم پێشکەشتان ئەکەم. ڕەئیس سەعید دووری لە لایەن سکرتێری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ڕۆژنامە".
موحەڕەم محەمەد ئەمین، لە دەستپێکی کاری سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆتە ئەندامی ئەم حیزبە. یەکێک بووە لە کەسایەتییە چالاک و بە ئەمەکەکانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، و لە کاری سیاسی و ڕێکخراوەییدا خاوەن پێگەی تایبەت بووە و بەرپرسیارێتیی گەورەی لەسەرشان بووە. تێڕوانینی پێشکەوتووخوازانەی بۆ کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەبووە، و هەڵگری بیری ئازادیخوازی و مارکسیستی بووە. وەک نووسەرێکی ئازادیخواز و داکۆکیکار لە مافی ژنان، لەسەر بابەتێک بە ناونیشانی (سەربەستیی ئافرەت) لە کۆمەڵگەی کوردی و ئازادییەکانی، لە لایەن مامۆستایانی ئایینی لە شاری سلێمانی و بە دیاریکراوی (یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لقی دوو) ڕەخنەی لێ گیراوە و هەڵوێستیان لە دژی وەرگرتووە و بەیاننامەیان لەسەری بڵاوکردۆتەوە. موحەڕەم محەمەد ئەمین بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٠، لەگەڵ هەریەک لە نووسەران و شاعیرانی دیاری ئەو قۆناغە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەی وەک: (شێخ محەمەدی خاڵ، شاکر فەتاح، کامەران موکری، ڕەمزی مارف) و چەندین ئەدیب و نووسەری تر، داوای دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کوردیان کردووە، و داواکەیان لە ژمارە ١٠٩ی ڕۆژنامەی پێشکەوتن بڵاوکراوەتەوە.
هەر لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە شاری سلێمانی، یەکێک بووە لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی یەکێتییەکە.
موحەڕەم محەمەد ئەمین، تا ساڵی ١٩٧٠ بۆ ١٩٧١ وەک ئەندامێکی کارای پارتی بەردەوام بووە لە کاری سیاسی و حیزبایەتی. لەم ساڵە بەدواوە دەستبەرداری کاری سیاسی بووە، بەڵام بەشێکی دانەبڕاو بووە لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد لە عێراق و لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە چاوی لەسەر بووە. وەک نووسەر و توێژەرێک بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی کوردستانی شیکردۆتەوە. بەردەوام سەرقاڵی خوێندنەوە بووە، بە جۆرێک لە دوای خانەنشین بوونیەوە، هەموو ڕۆژێک لە بەیانییەوە لە کتێبخانەکەی خۆیدا لە ماڵەوە خەریکی نووسین بووە. ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی نووسینەوەی بیرەوەری و یاداشتەکانی بووە. ڕژێمی بەعس بەردەوام چاویان لەسەری بووە و زۆریان بۆ هێناوە و ویستوویانە بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، بەڵام بە هیچ جۆرێک لە هێڵی نیشتیمانپەروەری لای نەداوە. وەک تێکۆشەرێکی سیاسی، بە نووسین و چیرۆک خزمەتی بە نەتەوەکەی کردووە. ڕۆژانە تا دەمەوئێواران کاتەکانی بە خوێندنەوە و نووسینەوە بەسەر بردووە، ئێوارانیش بۆ حەوانەوە و تێکەڵبوون بە نووسەران و خوێنەران لە شەقامی مەولەویی شاری سلێمانی، لە کتێبخانەی گەلاوێژ دانیشتووە، و بیروڕای لەگەڵ دانیشتوانی کتێبخانەکە گۆڕیوەتەوە و گەنگەشەیان لە بارەی بابەتەکانی ئەو ڕۆژگارەوە کردووە.
سەرەنجام، موحەڕەم محەمەد ئەمین لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە فشاری لێ کراوە خۆی کاندید بکات بۆ ئەندامێتی لە مەجلیسی تەشریعی و تەنفیزیی ڕژێم. بەڵام ڕەتی کردۆتەوە و نەچۆتە ژێرباری زۆربۆهێنانێکی لەم شێوەیە. دواتر بە گیروگاز لێیان ویستووە خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی کاندید بکات، کە سەرلەنوێ ڕەتی کردۆتەوە. بەم جۆرە ڕژێمی بەعس لێی دەکەونە تەقە، و لە ڕۆژی ٢٣ی ٧ی ١٩٨٠ هێزێکی سەربازی هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی سابونکەران، و قۆڵبەستی دەکەن. بە ئۆتۆمبێلی (هینۆ)ی سەربازی گسک لە کتێبخانەکەیشی دەدەن و هەرچی کتێب و نووسینی هەیە لەگەڵ خۆیان دەیبەن، کە یاداشت و بیرەوەری و چەند نووسینێکی بڵاونەکراوەی تێدابووە. دوابەدوای دەستگیرکردنی موحەڕەم محەمەد ئەمین، ڕاپێچی ئەمنەکەی دەکەن. لەوێ لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە ئازارێکی زۆری پێدەگەیەنن و ئەشکەنجەی دەدەن. هەر هەمان ڕۆژ دوای سێ کاتژمێر لە گرتنی، بە هۆی جەزرەبەدانیەوە شەهید دەکرێت و بە مردوویی تەرمەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاری دەکەن. لەگەڵ بیستنی هەواڵی شەهیدکردنی موحەڕەم محەمەد ئەمین، جەماوەرێکی زۆری شاری سلێمانی دەگەنە سەر تەرمەکەی و نیگەران دەبن لەو دۆخەی بەسەریدا هێنراوە. تەرمەکەی بە ئاپۆڕایێکی گەورە لە شەقامی برایم پاشاوە بەرەو مزگەوتی (شێخ ئەمینی خاڵ) دەبەن، و دواتر تەرمەکەی ئەسپەردەی خاک دەکەن، و ٣ ڕۆژ لە مزگەوتی گەورە پرسەی بۆ دادەنرێت. شەهیدکردنی موحەڕەم محەمەد ئەمین دەچێتە چوارچێوەی تیرۆری دەوڵەت بۆ لەناوبردن و تیرۆرکردنی دژبەران و نەیارانی سیاسی لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە. تیرۆرکردنی ئەم نووسەرە ئازادیخواز و چیرۆکنووسە پێشکەوتووخوازە، لێدانێکی گەورە بوو لە سیمبولە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانی شاری سلێمانی.
سەرچاوە: کتێبی (تیرۆری ڕۆشنبیران لە کوردستان: نووسینی بەرزانی مەلا تەها، چاپخانەی بینایی، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٥).
178 جار خوێندراوەتەوە