بۆچی پۆلی ١٢ ی ئامادەیی کراوەتە شمشێری سەر گەردنی قوتابیەکانمان؟!

 دەیان ساڵە کۆمەڵگەی ئێمە کوڕو کچە قوتابیەکانیان ئامادە دەکەن بۆ قۆناغی ئامادەیی و بە دیاریکراویش پۆلی ١٢ ، چونکە بڕوایان وایە ( پۆلی ١٢ تاقیکردنەوەی تەمەنە) و٫ (تاکە  دەروازەیە بۆ داهاتوو ) ،  بەڕادەیەک قوتابی ماوەی ساڵێکی تەواو دەکەوێتە ژێر فشارو پاڵەپەستۆیەکی دەروونیی و جەستەیی سەختەوە ، وەک ئەوەی شکست لەم قۆناغەدا ( پۆلی ١٢ ) یەکسان بێت بە کۆتایی خەونەکان ، یان یەکسان بێت بەبڕیاری شکستی یەکجاری ژیانی ئەم قوتابیە! ئەڵبەتە هەموو سەرکەوتن و دەستکەوتێکی زانستی نەوعی جێی سوپاس و دڵخۆشیەو هەنگاوێکی گرنگە بۆ خۆ پێگەیاندن و خۆ بنیاتنان ، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبێ ئەو تێڕوانینە گشتیە باوەش ڕاستبکرێتەوە کە پێی وایە شکست لە تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ئامادەییدا ، یان بەدەست نەهێنانی نمرەی بەرز لە پۆلی ١٢ ی گشتیدا کۆتایی دنیایە ! چونکە ڕاستە قۆناغی ئامادەیی گرنگ و یەکلاکەرەوەیە ، بەڵام تاکە پێوەر نیە بۆ شکست یان سەرکەوتن .. پۆلی ١٢ و قۆناغی ئامادەیی و قوناغەکانی پێش ئامادەییش قۆناغی ڕاگوزەرین و کۆتایی ڕێگاکە نین ، تێپەڕاندنی ئەم قۆناغ و وێستگەیە تەنها پەڕینەوەیە بەرەو ئاراستەی قۆناغێکی تر کە قۆناغی زانکۆیە..مەرج نیە هەموو قوتابیەکیش زانکۆ تەواو بکات و بەکالۆریۆس یان ماستەر یان دکتۆرا بەدەست بهێنێت ، بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامانە سەرکەوتنە بۆ تەنها چینێک و کۆمەڵە کەسێک ، ئەزموونەکانمان و قۆناغە جیاجیاکانی ژیانمان ئەو ڕاستیەی سەلماندووە کە دەستکەوت و سەرکەوتن لە ژیاندا هەمیشە خۆی لە خوێندنی باڵاو بڕوانامە باڵاکاندا نابینێتەوە . لەهەموو وڵاتانی دنیا کەسانێک خوێندنیان خوار ئاستی زانکۆیە ، بەڵام زیاتر لە دەرچوانی زانکۆ کەسانی بەرهەمدارو داهێنەرو سەرکەوتووتر بوون ، لە دنیای ئەمڕۆدا گەشەکردن و پێگەیاندن شەمەندەفەرێکە هەر جارێک ڕێ دەکات و لەوێستگەیەکدا دەوەستێت کۆمەڵێک لە سەرنشینەکانی دادەبەزێنێت بۆ ئەوەی بەدوای ئامرازو دۆزینەوەی ڕێگای ترەوە بن بۆ گەیاندنیان بۆ شوێنی مەبەست ، دەگونجێت هەندێک لەو سەرنشینانەی شەمەندەفەری پێشوویان لەدەست چووە سەرکەونە سەر ئەم شەمەندەفەرەو بگەنە جێ و شوێنی مەبەستی خۆیان.. دەتوانین بڵێین :  لە ژیان و قۆناغی زانکۆو مەیدانی کارکردنیشدا ئەو ڕاستیە دەرکەوتووە کە زۆرێک لەوانەی لەقۆناغی ئامادەییدا زیرەک و بەتواناو لێهاتوو بوون لە قۆناغەکانی تردا  پاشەکشەی گەورەیان کردووە ،  بە پێچەوانەشەوە زۆرێک لەو قوتابیانەی لە ئامادەییدا نەیانتوانیوە نمرەی بەرزو ئەنجامی باش بەدەست بهێنن ، لە قۆناغی خوێندنی زانکۆدا زۆر سەرکەوتوو بوون و ، لەبواری پراکتیزدا داهێنانی گەورەو بەرچاویان تۆمار کردووە !  نموونەی زیندوو : قوتابیەک کۆنمرەکانی لە ١٢ ی ئامادەییدا مام ناوەند بووە ، بەڵام لە خوێندنی زانکۆدا زۆر بەتوانا بووەو بۆتە کاروپرۆژەسازێکی  هەرەسەرکەوتوو ! یەکێکی تر بەهۆی نزمی نمرەکانیەوە بوارێکی هەڵبژاردووە کە خەون و ئارەزووی خۆی نەبووە ، بەڵام دواتر ئارەزوومەندی بوارەکەی بووەو توانیویەتی ببێتە کەسایەتیەکی ئەکادیمی دیارو بەناوبانگ ! ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە سەرکەوتن تەنها بەدەستهێنانی نمرەی بەرزە بۆ چوونە نێو بەشە زانستیەکان ئاراستەی کێبەرکێی بەرەو ئاقارێکی خراپ و ناپەسەند بردووەو ، وای لێهاتووە قوتابیانی نمرە نزمیش لەلایەن خێزانەکانیانەوە بەهەر نرخ و قوربانیەک بووە بخرێنە بەر خوێندنی ئەو بەشانە ، ئەمەش بە لەژێرپێخستنی هەموو  یاساو ڕێساو پێوەرە زانستیەکان و ، لەبەرچاونەگرتنی مەرجی کەفائەت و تواناو لێوەشاوەیی پێویستی قوتابی بۆ چوونە نێو جیهانی ئەو زانستانە .. ئیتر ئەو پرسیارە ئازار بەخشەش ناکرێ کە ئایا :  چەند قوتابی لەڕووی دەروونیی و خوێندنەوە شکست و هەرەسیان  هێناوە تەنها لەبەر ئەوەی بەشێک و بوارێکیان هەڵبژاردووە کە ئارەزوویان لێی نەبووە ، یان ناچار کراون تێیدا بخوێنن!! ئایا چەند وزەو توانای گەورە سەربڕێنراوە لە ژێر بیانووی ( یان پزیشکی یان ئەندازیاری ) ، واتە چەندین بەهرەی گەورەو بێ وێنە لەدەست دراون کە دەکرا لەبواری ئاداب یان هونەر یان فەلسەفە یان کۆمەڵناسیی یان دەروونناسی یان ئابوریناسیدا بدرەوشایەنەوە ! مەرج نیە ئەم قوتابیە پەروەردگار دروستی کردبێت ببێتە زانایەک یان پزیشکێک ، پێدەچێت - ئەگەر بواری بۆ بڕەخسێت -  ببێتە بیرمەندێکی مەزن کە جیهان بگۆڕێت ، بارودۆخ و کۆمەڵگە بگۆڕێت .. ئەم جۆرە بیرکردنەوە باوە لە نێوان خێزان و تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمەدا نەک تەنها بڕیارێکی نالۆژیک ناعەقڵانییە ، بەڵکو دەرخەری لاوازی و لەرزۆکی زیهنییەت و تێگەیشتنی ئێمەیە لە حاڵی بوون لە ئاست خەمڵاندنی زیرەکی مرۆڤ ! بۆ دەبێت سوور بین لەسەر ئەوەی کە (زیرەکی و سەرکەوتن) تەنها بە توانای لێکدانەوەی هاوکێشە کیمیایی یەکان یان بیرکارییەکان بپێوین؟! ئەی ئایا زیرەکی زمانەوانیی و توانای دەربڕین و زمان پاراویی و ڕەوانبێژیی زیرەکی نیە؟! ئایا بەهرەی شیکردنەوەو ڕەخنەو توانای بەراورد کردن زیرەکی نیە؟! ئایا ئەمانە توانا زانستی و بەهرەی مەعریفی نین  کە دەبێت ڕێزیان لێ بگیرێت؟! ئایا ( تەها حسێن ) و ، ( مەحمود دەروێش ) و ، (مالک بن نەبی ) و ، ( جۆن بۆڵ سارتەر ) و ، ( ئیدوارد سەعید ) و ، ( ئیبنو خەلدون ) و، ( محەمەد صادق رافعی ) و ، ( ئەحمەد ئەمین ) لەجیاتی ئەوەی پزیشک و پسپۆڕی ئامێرو تاقیگەکان بن ، عیملاقی وشەو نوسین و  فیکر و فەلسەفەو مەعریفە نەبوون ؟! هەڵەیەکی گەورەیە بوارە ئەدەبی و عەقڵی و ئینسانیەکان وەک پەناگەیەک بۆ قوتابی و کەسە شکستخواردووەکان تەماشا بکرێن ، بەڵکو - وەک شارەزایان دەڵێن - ئەم زانستانە مەیدان و کەشێکن بۆ سەرنج و وردبوونەوە و داهێنان و بیرکردنەوەی قوڵ.
ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی بێ دەنگ هەیە لە شێوازی بیرکردنەوەمان ، دەبێت میدیای پەروەردەییش هاوکاربن بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم بیرکردنەوە سەقەت و هەڵەیە ، کە فەشەل لە بەشە ئەدەبیەکاندا دەبینێت و سەرکەوتنیش لە بوارە زانستیەکان ! ئێمە پێویستمان بەکۆمەڵگایەکە بڕوای بەوە بێت کە پزیشکێک گرنگتر نیە لە ئەدیبێک و بیریارێک ، ئەندازیارێک لەمامۆستایەک سەنگینترو گرنگتر نیە ، بەڵکو هەموو بوارو پسپۆڕییەک ، هەموو مرۆڤێک لە شوێنی شیاوو بواری گونجاوی خۆیدا دەتوانێت کاریگەری و گۆڕانکاری گەورە دروست بکات .

125 جار خوێندراوەتەوە