زانینی بارودۆخى کەشوهەوا لە ڕێگەی هەواڵەکانى
تایبەت بە کەشوهەوای ڕۆژانەوە پێویستیەکی گرنگە، چونکە ئەم جۆرە هەواڵانە بارودۆخی
کەشوهەوای هەنوکەیى و پێشبینییەکان بۆ ڕۆژانى ئایندەمان پێ دەڵێت. ئەمەش لە بەرامبەردا
هەمیشە یارمەتیدەرمانە بۆ پلاندانان بۆ ژیانى ڕۆژانەمان بە وردی لە بوارە جیاجیاکاندا،
لەوانە کۆمەڵایەتی، تەندروستی، کشتوکاڵ، پیشەسازی، ئۆپەراسیۆنی سەربازی، و گواستنەوە
بە هەمو جۆرەکانییەوە.
و گومانى تێدا نییە لە ١٠ ساڵى رابردودا
هەواڵى کەشناسى (دابارین وپلەى گەرمى وپەڵەدان و...هتد) گرنگییەکى زۆرى پێدراوە.
نەوەک تەنها لاى جوتیاران وخاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەڵکو لاى خەڵکى ئاساییش.
ئەمەش تایبەت نییە بە هەرێمى کوردستان، بەڵکو زۆرێک لە وڵاتانى جیهان ئەم
دیاردەییە تێیاندا بەدى دەکرێت. ئەم گرنگیدانە تەنها بە ڕێکەوت پەیدانەبوە، بەڵکو دەگەڕێتەوە
بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئاو و هەواى گۆى زەوى ڕویداوە، و دواتر کاریگەرى لە
سەر هەمو ڕەگەزەکانى کەش وهەوا دروستکردوە. هەر بۆیە هەواڵ یا ڕاپۆرتی کەشوهەوا یەکێکە
لەو ئامرازە بینراو و بیستراوانەی کە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژانەی توخمەکانی کەشوهەوا
پیشانی خەڵک دەدات.
جیاواز لە هەمو وڵاتانى جیهان، هەرێمى
کوردستان لەم بوارە ئەزمونێکى تاڵ و تایبەتى خۆى هەیە و بەجۆرێک لەجۆرەکان ئەم
بوارە بەشێوەیەکى زۆر خراپ ئیستغلالکراوە چ لەلایەن ڕاگەیاندن وڕاگەیەندکارانەوە
یا لە لایەن ئەو بەڕێزانەى کە ناو خۆیانیان ناوە (شارەزاى کەشناسی!!) یا ڕاگەیاندن
وڕاگەیەندکاران بەوشێوەیە ناویان لێناون. لە گەڵ هەمو ئەوانەش بەداخەوە ئاستى
رۆشنبیرى خەڵک بە گشتى لەم بوارە لاوازە و زۆرێکیان باوەڕ بە هەمو قسەیەک دەکەن.
بەداخەوە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن بە گشتى
و ڕاگەیاندکاران وپەیامنێران خراپترین ڕۆڵیان گێڕاوە لەم بابەتە. زۆر جار خەڵکێک
دێننە سەر شاشەى تیڤى یا مایک بۆ خەڵکێک دەگرن کە هیچ بڕوانامەیەکى ئەوتۆى نییە لە
بوارى کەشناسیدا یا تەنها دەرچوى زانکۆیە لە بەشی جوگرافیا یا بەشێکى تر، وبە
زانیارییەکى زۆر سەرەتاییەوە و بەپشت بەستن بە زانیارى و ڕادارى پەیجە جیهانییەکانى
تایبەت بە کەش وئاو وهەوا قسە لە سەر بارودۆخى کەش وهەوا دەکەن. بەمەش ڕانەوەستاون بەڵکو لە زۆرێک لە بوارە
جیاوازەکاندا قسە دەکەن جگە لە کەشناسی وەکو فەلەکناسی و پێشبینى ڕودانى بومەلەرزە
و تۆرنادۆ بۆ ئەمپەڕ و ئەوپەڕى جیهان لە کاتێکدا ئەم زانیارییانە لە دەیان پەیجى
دەزگا زانستی ولێکۆڵینەوە جیهانییەکان بەردەستن. هەروەها قسەکردن لە سەر
دیاریکردنى ڕۆژانى یەکەمى جەژن وڕەمەزان و زۆر شتى تر. تەنانەت هەواڵى کەش و هەوا
لە هەندێ لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن بوەتە بابەتێکى گاڵتەجاڕى کە بە پێکەنینو گاڵتەجاڕییەوە
هەواڵەکە پێشکەشدەکرێت لە نێوان پێژەر و کاکى (شارەزا)، کە هیچ جددیەتێکى تێدا
بەدى ناکرێت. بۆ نمونە بێژەرى بەڕێز بە پێکەنینەوە پرسیار لە بەناو (شارەزاى
کەشناسی) دەکات وبە پێکەنینەوە پێى دەڵى پێشبینیەکانت وادەرنەچون. لە کاتێکدا
ڕاگەیاندکار ئەبێ لە هەمو خەڵک زیاتر ئەوە بزانێ کە ئەو زانیارییانەى کەشناسی
بەڕێز باسى دەکات پێشبینى خودى خۆى نییە بەڵکو وەرگیراوە لە پەیجى دەزگا
جیهانییەکان.
کار بەمەش نەوەستاوە بەڵکو کۆنگرەى
ڕۆژنامەنوسی گرێدەدرێت لە سەر بارودۆخى کەش وهەواى ڕۆژانى داهاتو وئەگەرى لافاو وپێدانى
هۆشدارى زۆر توند وترساندنى خەڵک و هاتنى لافاو و پێشنیارى داخستنى ناوەندەکانى
خوێندن.. وهتد!!. هەر بۆ نمونە لە مانگى ١١ى ئەمساڵ بڕێ باران بارى زۆرێک لەو
بەڕێزانەى کە بە شارەزاى کەشناسی ئەناسرێن باسی تێپەڕاندنى وشکەساڵیان دەکرد
وهەواڵى دڵخۆشکەریان بڵاودەکردەوە وەک موژدانەى بێ بەرانبەر!!. ئایە لە ڕوى
زانستیەوە ئەکرێ بارانى مانگى ١١ ئاماژەى ڕەها بێت بۆ تێپەڕاندنى وشکەساڵى؟!.
تەنانەت تا مانگى ئادار زۆرێکیان لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندنەوە ئەوەیان بڵاودەکردەوە
کە بە هیچ شێوەیەک وشکەساڵى نییە، ئەمە نەک تەنها بۆ ئەمساڵ بەڵکو بۆ ساڵانى
پێشوتریش کە وشکەساڵى بەڕۆکى هەرێمى کوردستانى گرتبوەوە دەیانوت بە هیچ شێوەیەک
وشکەساڵى ڕونادات. یا کەشناسی واهەیە ئەڵێ بە هیچ شێوەیەک من وشەى وشکەساڵى نابێ
بێتە سەر زمانم ونابێ جوتیاران دڵ تەنگ بکەم بەو وشەیە!!. ئاخر ئەمە کەى بيانوە؟!.
ئەی ناکرێ ڕاستگۆبین لە گەڵ خەڵک وهۆشدارییەکانمان پشت بە لێکۆڵینەوەى زانستى
ببەستێت وهەموانى لێ ئاگاداربکەینەوە بە مەبەستى گرتنەبەرى ڕێوشوێنى پێویست بۆ
ڕوبەڕوبونەوەى دیارە توندەکانى ئاو وهەوا؟!.
یا پسپۆرێکى ئەکادیمى لە بوارى
جیوفیزیا کە لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندنەوە ئەیوت بە هیچ شێوەیەک پێشبینى وشکەساڵى ناکەین،
کەچى لە بەرنامەیەکى تەلفزیۆنى لەم ڕۆژانەى ڕابردو وتى من زانیومە کە وشکەساڵییە
بەڵام حەزمنەکردوە باسی بکەم!! ئایا ئەگەر ڕاست بێت، ئەم قسەیەى ئەو پسپۆرە تاچەند
لە گەڵ بنەماى ئاکارى زانستی یەک دەگرن؟!. لەکاتیکدا ئەبێ کەسی ئەکادیمى وپسپۆر
بوێرانە باسی مەترسییەکان بکات نەوەک بیشارێتەوە.
چەندین ساڵە هۆشدارى دەدەین بە پشت
بەستن بە لێکۆڵینەوە نوییەکان وداتا وزانیارییە زانستییەکان کە جیهان دوچارى
گوڕانکارییەکانى ئاو و هەوا بوتەوە، و بارودۆخى سیستەمى ژینگە بە تەواوەتى گۆڕاوە.
گەرمبونى جیهانى وزیادبونى ڕودانى دیاردەتوندەکانى ئاو وهەوا بە تایبەتى وشکەساڵى
یەکێکە لەو دیاردانەى کە هەڕەشەى جددی هەیە لە سەر عیراق وهەرێمى کوردستان، کەچى
(کەشناسی) وامان هەیە پارساڵ لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن ولە پەیجى تایبەتى خۆى ئەیوت:
(بەپێى لێکۆڵینەوەکانم تا حەوت ساڵى داهاتو وشکەساڵى ڕو لە هەرێمى کوردستان ناکات)!!!.
لە کاتێکدا لە ماوەى پێنج ساڵى رابردودا (بەئەمساڵەوە) سێ جارە هەرێمى کوردستان
ڕوبەڕوى وشکەساڵى بوەتەوە!!، ئەگەر بە پێشبینى بەناو (شارەزایانى کەشناسی) بوایە
ئەم پێنج ساڵە ئەبوایە لافاو بمانیپێچایەتەوە!!.
تایبەت بە وشەى یا نازناوى (شارەزا) کە
زۆرترین وشەیە ڕاگەیاندنى کوردى بەکاریدەهێنێ و (ما شاء الله)ى لێ بێ کورد شارەزاى
زۆر زۆرە!!. بەڕاستى ستەمێکى زۆر گەورە دەکرێت لەم وشەیە یا ئەم نازناوە. ولە هەمو
کەس زیاتر ئەبێ ڕاگەیاندن وڕاگەیاندکاران ئەم نازناوە بە هەمو کەسێ نەبەخشن چونکە
مافى ئەوان نییە ئەم نازناوە بۆ هەمو کەسێ بەکاربێنن. نازناوى (شارەزا) یا (خبیر)
مەرجى خۆى هەیە وبە هەمو کەس نادرێ، خەڵکى وامان هەیە لە وەزارەتەکانى عیراق
وهەرێمى کوردستان خاوەن ئەزمونە وپسپۆرە وهەڵگردى بڕوانامەى ماستەر یا دکتۆرایە و
خاوەن دەیان توێژینەوەى و لێکۆڵینەوەى زانستییە، کەچى ئەو نازناوەى پێ نەبەخشراوە
لەلایەن حکومەتەوە، واتا حکومەت خاوەن دەسەڵاتە بۆ بەخشینی نازناوى (شارەزا) لە
سەر کۆمەڵێ بنەماو برنسیپ کە حکومەت دایدەنا. بۆیە ڕاگەیاندنى کوردی ئەبێ زیاتر
هۆشیار بێت لەبابەتى ناساندنى خەڵک وناساندنى کەسانى پسپۆر. ولەسەر ئەم بابەتە لە
گەڵ هەندێ لە پەیامنێرانى کەناڵە جیاوازەکان قسەم کردوە کە ئەم نازناوە هەڵەیە و
نابێ بەهەمو کەسی ببەخشن ونابێ هەمو ڕۆژێ لێدوان لە کەشناسەوە وەرگرن چونکە ئەم
بابەتە بەلاڕێدا دەچێت، وزۆربەى یا هەمو ئەو پەیامنێرانە ئەم بابەتەیان خستە سەر
ئەستۆى ئیدارەى کەناڵەکانیان کە ئەوان داوایان لێ دەکەن لێدوان لەو کەسانە وەرگیرن
وهەر ئیدارەى کەناڵەکانیشە بەو نازناوە ئەیانناسێنێ.
یا ڕاگەیاندن زۆر جار هەندێ لە بەناو (شارەزایانى
کەشناسى) بە یەکەمى عیراق ودوەمى عیراق ویەکەمى کوردستان ئەناسێنن!!، لە کاتیکدا
پێشبڕکێ لە نێوان ئەو بەڕزانە نا لە عیراق ونا لە هەرێمى کوردستان نەکراوە. یا بە
شارەزا گەنجەکە یا شێخى کەشناسی یا یەکەمە بێ ڕکابەرەکە یا ئەو شارەزا کەشناسیەی
کە پێشبینییەکانى (١٠٠%)ـه یا نازناوى تریان پێ ئەبەخشن!! ونازانم لە سەر چ
بنەمایەک. بۆیە ڕاگەیاندکاران تا ڕادەیەکى زۆر بابەتى هەواڵى کەشناسیان بە جۆرێک
لە جۆرەکان تێکداوە، بێژەر یا ڕاگەیاندکار هەیە خۆى لە ستۆدییەوە بە مۆبایلە
تایبەتەکەى خۆى پەیوەندى بە (بەناو شارەزاى کەشناسی)ـیەوە دەکات، یا بە پێچەوانەوە،
وکاکى پێشکەشکار لە کاتى بەرنامەکەو لە سەر زمانى کاکى (شارەزا) موژدانە دەداتە
خەڵکى کەلار کە قەڵاى شێروانە سپی ئەپۆشێ!!. لە کاتێکدا ساڵانە سپی پۆشبونى قەڵاى
شێروانە وەکو موژدانە بڵاودەکرێتەوە کەچى ٢٠٠٨ کۆتا جار بو قەڵاکە سپى پۆشی. ئایا
ئیتکى ڕۆژنامەگەرى ڕێگە بەم جۆرە هەڵسوکەوتانەى ڕاگەیانکاران دەدات چونکە
ڕاگەیاندکار ئەبێ لە هەمو کەس زیاتر ئاگاى لە زانیارییە گشتییەکان هەبێت،
وڕاگەیاندکار ئەبێ خاوەن پەیام بێت وئامانجى هەبێ لە بڵاوکردنەوەو پێشکەشکردنى
بابەتەکەى نەوەک تەنها هەوڵى ئەوە بدات زۆرترین هەواڵى هەبێت بەمەبەستى دەستکەوتنى
ماددى. پێم سەیرە ڕاگەیەندکاران وپەیامنێران لە خۆیانیان نەپرسیوە ئایا ئەمە
چەندین ساڵە ئەو هەمو موژدانە بڵاودەکرێتەوە لە سەر باران کەچی وڵاتەکەمان بە دەست
گۆڕانى ئاو وهەوا و وشکەساڵییەوە دەناڵێنێ!! ئایا بۆتان دەرنەکەوت کە بابەتەکە
هەڵە تێگەیشتنێکى تێدایە؟! ئایا ڕون نەبوەوە بۆ بەڕێزتان کە ئەم بابەتە ئەبێ زیاتر
لیى وردبینەوە وچیتر نابێ هەمو کەسێ باس لەم بابەتانە بکات؟!. ئەوەى تێبینیم کردوە
تەنها یەک بێژەرى کەناڵێکى ئاسمانى کوردیی لە ڕێگەى پەیامنێرێکەوە پرسیارى لە
بەناو (شارەزایەکى کەشناى/بومەلەزەزانى) کرد ولێى پرسی ئایا ئەم زانیاریانەت وئەم
شارەزاییەت لە کوێوە وەرگرتوە؟! ئایا هیچ بڕوانامەیەکى ئەکادیمیتان هەیە؟!. لە
وڵامدا ئەو بەڕێزە تێکەڵ وپێکەڵییەکى زۆرى کرد، هەر بۆیە پێژەرەکە لە ستۆدیۆوە
قسەکانى پێیان بڕى و وتى تەواو واتا ئەو بەڕێزە تەنها لە ڕێی سێرجەوە (لە
پەیجەکان) ئەو زانیاریانە وەردەگرێ نەوەک لە ڕێى ئەکادیمییەوە.
بۆیە باشترین ڕێگا بۆ سنوردارکردنى ئەم
جۆرە گرفتانە ئەوەیە کە ڕاگەیاندن بە وریاییەوە مامەڵە لە گەڵ بابەتەکانى کەشناسی
و گۆڕانى ئاو وهەوا وپێشبینیکردنى کەش و هەوا و بومەلەرزە بکات. ودەبێ
زانیارییەکان لە لایەنى فەرمییەوە وەرگرێت کە (بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و
بومەلەرزەزانی)ـیە لە هەرێمى کوردستان. ئەگینا ئیتر حکومەت بۆ دەزگایەکى لەم جۆرەى
هەیە؟!. ودەبێ ئەم دەزگایە یا ئەم بەڕێوەبەرایەتییەى کە سەر بە وەزارەتى گواستنەوە
و گەیاندنە خۆیان بەرنامەو وتەبێژیان هەبێ کە لە کەناڵەکانەوە زانیارى بڵاوبکەنەوە
وچیتر نابێ سست ولاوازبن ونابێ بابەتى کەشناسی بەم هەڕەمەکییە بەردەوام بێت. هەروەها
بە گشتى ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندکاران وپەیامنێرانى کەناڵە جیاوازەکان ئەبێ وریا بن لە
بەکارهێنانى نازناو بە تایبەتى (شارەزا). ولە هەممان کاتدا ئەکرێ ڕاى کەسانى
ئەکادیمى وشارەزایانى (ڕاستەقینە) کە نازناوى فەرمییان (شارەزا)یە ولە لایەن
دەزگایەکى حکومى فەرمییەوە یا جیهانییەوە ئەو نازناوەیان پێ بەخشراوە. وحکومەت
ئەبێ کارى پێشبینى کردنى کەش وهەوا ڕێکبخات وسنورێک بۆ ئەم کێشەیە دابنات ئەگینا
تا چەند ساڵێکى تر هەر گەڕەکێک و ئەبێتە خاوەن کەشناسێک یا بەناو شارەزایەکى
کەشناسی!!.
201 جار خوێندراوەتەوە