ڕووداری بێکردار

وەک چۆن لەناو دەسەڵاتدا خەڵکی گەندەڵ و قسەزلی بێ کردار هەیە، لەناو ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی ناڕازییشدا خەڵکی فێڵباز و دەمهەراش و چەواشەکاری بێکردار هەیە، ئەمانە کاتێک دەردەکەون کە پێویستییان بەدەرکەوتنە، لەبەردەم کامێرادا زۆر بڵێ و لەناو لیژنە و کارەکانی خۆیاندا تەمبەڵ و کەم کردار و هیچ تیانەبوون... دەرکەوتن و جوڵە و سەردانیان (وەک دەوترێت) بۆ خوا نییە بۆ خورمایە، بۆ خەڵک نییە بۆ خۆیانە...

 

ئێمە پێویستیمان بەکەسانێکە لەناخ و بیروباوەڕیاندا مرۆڤ دۆست و دادویستبن، ئەوەی دەیانجوڵێنێت بیروباوەڕ و قەناعەتی ڕاستگۆیانەی دوور لەخۆپەرستی بێت ... بڕوایان بەوە بێت مرۆڤەکان یەکسانن و نیشتیمانیش هی هەمووانە و گەندەڵی و خراپەکار و ستەم من بیکەم یان ئەو هەر یەکە، بوونی من لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازی کارتی ئەستۆپاکی بەمن نابەخشێت...


کەم نین ئەوانەی لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندان بەڵام هیچێکی وەهایان لەگەندەڵکاران کەمتر نییە، ئەگەر بیناخەیتەسەر کورسی دەسەڵاتیش هەمان سیناریۆکانی ئێستای دەسەڵات دووبارە دەکەنەوە...

 

من کە ئەمە دەنووسم وێنەی کەسێکی دیاریکراو یان گرووپێکم نەخستووەتە بەرچاوم تا بە ئامانجی بگرم، بەڵکو زنجیرەیەک دیمەنم لەپێشچاوە کە هەم تاکن و هەم کۆن، لە زەمەنی جیاجیا و کەسانی فرەڕەنگ و فرە سەنگەردا بینیومن! لێرەوە گرنگە ئێمە سەرناس بین و بەو ئاسانییە فریونەدرێین و عەقڵمان لەچاوماندا نەبێت و قووڵتر خوێندنەوە بۆ جووڵە و هەڵسوکەوت و گوفتاری کەس و گرووپەکان بکەین . دڵنیابین لەوەی تا کەسانێکی مەبدەئی و گرووپگەلێکی سەرڕاست نەیەتە ئاراوە و نەبنە دەمڕاست و پێشڕەو ؛ ئەوەی دەیگۆڕین تەنها کەس و کورسییەکانە نەک گۆڕانی ڕیشەی و سیستەمێکی جیاواز!


مرۆڤ دەبێت لەناخەوە بگۆڕێت تا گۆڕانکاری ڕاستەقینە بەدی بهێنێت، مرۆڤ بێت تا ڕێز و کەرامەتی مرۆڤ بپارێزێت، ئازاد بێت تا نرخ و بەهای ئازادی بزانێت، ڕێزدار بێت تا لەبێڕێزی تێبگات، لەسەرووی هەموویەوە خوای گەورە بەچاودێر و لێپرسەرەوە بزانێت.

163 جار خوێندراوەتەوە