سه‌رده‌مێك بوو
دوو تیڤی و له‌تێك له‌باشوری كوردستان هه‌بوون، به‌ڵام به‌شێك له‌به‌رنامه‌و بابه‌ته‌كانی
پهخشدهكران روناكیهكیان ده‌گه‌یاند به بیری ئێمه و پرسیاری جدیان لا دروست ده‌كردین.
هه‌ندێ له‌و كه‌سانه‌ی له‌و دهزگایهنهوه موناقه‌شه‌ی بابەتێکیان ده‌كرد یان
زانیارییه‌كیان ده‌گه‌یاند فعله‌ن كاریگه‌ری ئه‌رێنی دروست ده‌كرد له‌سه‌رمان.
بۆچی؟ ده‌توانم بڵێم،
چونكه ئه‌و میدیا‌و ده‌زگایانه وه‌ك جیهه‌تێكی سه‌قافی ئیشیان ده‌كرد و به‌هه‌موو
كهموكورتیهكیانهوه هێشتا كوالێتی و سه‌نگێكیان هه‌بوو، چونكه هێشتا وای لێنههاتبو
هه‌ر به‌رپرسه‌و ده‌زگایه‌كی هه‌بێ و هه‌موو مههامیشی كوتینهوهی نه‌یاره‌كه‌ی بێت
له‌و ده‌زگایه‌وه یان جێبه‌جێكردنی ئه‌جێنداكانی خۆی به‌ڵكو جوهدێكی زۆر ده‌درا
كه ئه‌م دزگایانه ده‌وریان هه‌بێ له تهسقیفكردنی خه‌ڵك و هوشیار كردنه‌وه‌یان.
له‌هه‌مان كاتدا به‌رنامه‌ی زۆر جددی له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك ده‌كرا كاریگه‌ری جێده‌هێشت.
به‌ڵام، ره‌وڕه‌وه‌ی
مێژوو له دوو ده‌یه‌یی رابردوا ئێمه‌ی له شته روكهشیهكانا برده ئاسمان و له
مه‌سه‌له جهوههریهكانا به قوڕیا بردین.
له‌دوای ئه‌وه‌ی
گۆڕان هه‌موو ئه‌حزاب و گروپێكی فێركرد كه به‌ڵێ میدیا ده‌توانێ كاریگه‌ری هه‌بێت
تا ئه‌و ڕاده‌یه‌یی چۆنت بوێ وا كۆمه‌ڵگه‌ی پێ هه‌ڵسوڕێنی، ئیتر به‌رپرسه‌كانی
كورد كه‌سی نه‌ماوه ده‌زگایه‌كی ئیعلامی دانه‌نێت و بوقی خۆی لێوه فو پیا نه‌كا.
ئه‌م به‌رپرسانه
دارایی و پشگیری مه‌عنه‌ویان بۆ ئه‌م میدیایانه زامن كردوه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا
له‌شكرێك له میدیا كار بۆ زه‌مانی پشگیری له‌سیاسه‌تی ئه‌وان ده‌كه‌ن به‌بێ فلته‌ر
به‌بێ هوشیاری و ته‌نكترین توێكڵی ئاگایی به‌رامبه‌ر ئه‌و وێرانكاریهیی ئه‌وان
له‌سه‌ر دڵ و مێشك و یاده‌وه‌ری ئینسانی كورد جێیده‌هێڵن.
ئاستی كاره‌ساته‌كه
ئه‌وه‌نده قوڵه له‌وه‌یا نیه كه ئینسان ته‌نها شه‌رم بكات یان دڵی پڕ بێت له
گریان له‌به‌ر ئه‌و كاولكاریهیی ڕوو ده‌یات، به‌ڵكو هه‌ستێكی وات بۆ دروست ده‌بێ
كه به‌ڵێ ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕۆژێ له‌م ده‌زگایانه‌وه ئه‌یبیستی و ئه‌یبینی هاڕه‌ی وردبونی
مێشكی نه‌وه‌یه‌ك و دوان و سیانه بۆ سهدهیهكیتر .
ئه‌وه به فعلی
كاره‌ساته ده‌زگایه‌ك ملیۆنان دۆلار مه‌سره‌فی مانگانه‌ی بێت و به كوالێتی به‌رزتر
له میدیایی عاله‌م په‌خش بكات، به‌ڵام له‌ڕوی په‌یامی ئیعلامیه‌وه هێشتا له قۆناغی
ڕه‌گه‌زپه‌رستی و قۆناغی دژوهستنهوه له‌گه‌ڵ ماف و ئازادی و ده‌یان پێشێلكاری
ئاشكرایا بێت به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێ قیه‌م و به‌های گرنگ. هێشتا زمانێكی ڕاقی و جیاوازی
نه‌ك نه‌بێت به‌ڵكو خهیاڵێكیشی له‌بارا نه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی زمانی میدیا هه‌ڵگری
تۆوی ئه‌و به‌هایانه‌یه كه له قانوێكی دادپه‌روه‌ره دێن, له‌ناو گوتاری ڕۆشنبیری
و هوشیاریه‌وه دێن, وه له‌هه‌موی گرنگتر له‌ناو په‌روه‌ده‌و زانسته‌وه دێن.
پرسیاری ئێمه
هه‌ر ئه‌وه نیه كه ئایا ئیعلام له‌و وڵاته به‌ڕاستی ده‌یه‌وێ به‌كوێمان بگه‌یه‌نێ؟
به‌ڵكو ده‌بێ ئه‌و پرسیاره‌ش بكه‌ین گه‌لێك به‌ڕاستی ده‌یه‌وێ به‌ره‌و كوێ بڕوات؟
647 جار خوێندراوەتەوە