بۆچی پڕۆژە بڕیارەکەی پەرلەمانی فەرەنسا دەنگی نەھێنا

ھەوڵدەدەم بەکورتی و لە ١٠ خاڵدا وەڵامی ئەو ناونیشانە بدەمەوە.
ئامادەکردنی پڕۆژە بڕیاری ناساندنی کۆمەڵکوژی کورد لە کوردستانی عیراق وەک ھەوڵێک بۆ ناساندن، گرنگ بوو. لەوەش گرنگتر چوە ناو بەرنامەی کاری پەرلەمان و خرایە دەنگدانەوە، بەڵام دەنگی پێویستی نەھێناو نەبوو بە بڕیار.

یەکەم: دەستخۆشی و گەیاندنی پێزانین بۆ ئەو پەرلەمانتار و پارتانەی پشتگیری پرۆژەکەیان کردوە گرنگە، بەئامانجی بەردەوامیدان بە پەیوەندی و ھاوسۆزی.

دووەم: دیراسەکردنی ھۆکارەکانی پشتگیری نەکردنی پرۆژەکە لەلایەن ئەوانی ترەوە گرنگە.

سێیەم: بە درێژایی ئەمڕۆ میدیای پارتەکانی کوردستان بێبایەخ و کەمتەرخەمانە لەو ھەوڵە و لەو پرۆژە گرنگەیان روانی و رووماڵ کرد.

چوارەم: دەرکەوت پرسی ناساندنی جینۆسایدی کوردستان لە ئەجێندای سیاسی کورددا ئەولەویەتی نیە.

پێنجەم: دیبلۆماسیەتی کورد لەفرەنسا لاواز و بێ کاریگەرە، تەنانەت ناتوانن ئەو پرۆژانەی خەڵکی تر بۆ کوردی دەکات، ھاوپشتی بۆ دروست بکەن و رای سیاسی و گشتی ناوەوەی کوردستانی لێ بەئاگا بھێنن.

شەشەم: رەوەندی کوردی نادیدە گیراوە، ئەگینا کەمپەین بکرایە پێشترو، پەیوەندی و ھاوپشتی لەگەڵ ئەو ھێزە گەورە مرۆییە بکرایە، ئەوان دەیانتوانی بە چالاکی مەدەنی لەبەردەم پەرلەمان و ساڵۆنەکانی تر. رۆڵ ببینن.

حەوتەم: پرۆژەکە لە بنەمادا بیرۆکەی لایەنەکانی دەرەوەی حکومەتی فرەنسا بووە، بۆیە زۆرینەی پەرلەمانی پشتیوانیان لێ نەکردوە.

ھەشتەم: لۆبی ئەرمەنی توانیویانە جینۆسایدی گەلی ئەرمەن بە پرۆژە بڕیارێکی ھاوشێوە لە پەرلەمانی فرەنسا بناسێنن. ئەوەی کوردستان سەرکەوتوو نەبوو. دیارە لۆبی کوردی بوونی نییە.

نۆیەم: فرەنسا ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە، ئەو پرۆژە ببوایەتە بڕیار پەلی دەکێشا بۆ ئاستی باڵاتر. مەبەست ئەوەیە کاریگەری بڕیار لەپەرلەمانی فرەنسا وەک پەرلەمانی وڵاتانی تری ئەوروپا نیە.

دەیەم: ئەم ھەوڵە گرنگەی کە دراو ئاکامی نەبوو لەم قۆناغە باببێتە دەرفەتی بەھۆشداریدان بە حکومەتی ھەرێم و حزبەکان بۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێی کارکردن لەسەر بە جیھان ناساندنی جینۆسایدی کورد.

ئەم پرسە چارەنوسسازە ھەرگیز کۆن نابێ. جینۆساید تاوانی نێودەوڵەتیە و یاسای نێودەوڵەتی ھەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی.

614 جار خوێندراوەتەوە