پێویستمان بە (ڕێگاوبانی لێبوردە)یە! سەرنجێک لەسەر رووداوەکەی چەمچەماڵ

لە جیهاندا (لە رێگە دەرچوون) بەشێکی گەورەی رووداوەکانی هاتوچۆ پێکدەهێنێت، بۆ رێگری لەو کارەساتە (ڕێگاوبانی لێبوردە) دروستدەکرێت. ئەم زاراوانە بە فەرهەنگی ئێمە نامۆن. لێرەدا کورت و پوخت هەندێک زانیاری دەخەینە روو، دواتر لەو روانگەیەوە سەرنجی رووداوەکەی رۆژى یەکشەممەى چەمچەماڵ دەدەین (کە بەپێی زانیاریە سەرەتاییەکان شەس کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا).

لە ڕێگە دەرچوون؛ ئەو رووداوانەن کە ئوتومبێلێک بەهۆی نەمانی کۆنترۆڵەوە لە رێڕەوی خۆی دەردەچێت و خۆی بە تەنێکی دەرەوەی شەقامدا دەکێشێت. هۆکارەکەشی بۆ؛ خێرایی لە رادەبەدەر، بێئاگایی شۆفێر (خەولێکەوتن، مەستی، سەرقاڵی ..)، نەمانی ئیستۆپ، تەقینی تایەو چەندانی تر دەگەڕێتەوە. ئەم رووداوانە پێشیان دەوترێت (رووداوی تاک ئوتومبێل) چونکە زۆربەی جار ئوتومبێلەکە بەربەستێک دەیگرێتەوەو ئوتومبێلی دیکە ناخاتە مەترسییەوە.

بە گوێرەی ئامارەکان ئەم رووداوانە ٤٥٪ی روداوە مەرگاویەکانی یەکێتی ئەوروپا پێکدەهێنن، بۆ رێگریکردن لێی، بیر لە جێبەجێکردنی زاراوەی (رێگاوبانی لێبوردە) کرایەوە. مەبەست لە رێگاوبانی لێبوردە؛ ئەو ڕێگایانەن کە بەشێوەیەک دروستکراون ئەگەر ئوتومبێل لە رێڕەوی خۆی دەربچێت، رێگاکە رێگری دەکات لەوەی هەڵەکە ببێتە هۆی نانەوەی کارەسات. بە مانایەکی دیکە؛ ڕێگاکە بەهۆی کۆمەڵێک ئامرازەوە ناهێڵێت ئەو هەڵەیەی شۆفێرەکە کردی زیان بە خەڵکانی دیکە بگەیەنێت و هێندە لێبوردەیە هەڵەکەی بۆ پەردەپۆش دەکات. بۆ نمونە کاتێک شۆفێرێک خەوی لێدەکەوێت، بەربەستی قەراغ جادەکە باوەشی بۆدەکاتەوەو ناهێڵیت بکەوێتە شیوێکەوە یان وەربگەڕێت.

بۆ ئەوەی رێگایەک لێبوردە بێت، جگە لە خودی رێڕەوی لێخوڕین، دەبێت قەراغ و دەرەوەی جادەکەش ئامرازی پارێزگارییان تێدا بێت و مەترسییەکانیان دور بخرێنەوە. واتە نابێت لە نزیک جادە، تەنی گەورەو رەقی وەک عەمودو قاڵبی کۆنکرێتی هەبن، بە پێچەوانەوە دەبێت هۆکارەکانی لێبوردەیی هەبن وەک: قەراغ جادەی گونجاو بۆ لادان، بەربەستی جیاکەرەوەی دوو جادە یان بەربەستی دەرچوون لە جادە، گرنج کردنی قەرا‌غی جادە بۆ بەئاگاهێنانەوەی شۆفێریی بێ ئاگا، ڕامپی دەرچوون و خاوکردنەوەی ئوتومبێلی بێ ئیستۆپ و هتد. بێگومان هەریەک لەمانە شیکردنەوەی پێویستە، بەڵام دەکرێت هەر لە ناوەکانیانەوە کەمێک لە ناوەرۆکەکەیان بگەین.

بە پشتبەستن بەم زانیاریانەو وردبوونەوە لە ڤیدیۆی ئەو رووداوەی ئەمڕۆ لە چەمچەماڵ رویداوە، دەردەکەوێت کە ئامرازەکانی رێگاوبانی لێبوردە لە جادەکەدا نین. ڕاستە بارهەڵگرێک بە خێراییەکی زۆر لە جادەکە دەردەچێت، بەڵام بوونی سیم یان بەربەستی ئاسن یاخود لانی کەم قوڵکردنی نێوان دوو سایدەکە ڕێگری دەکرد لەوەی ئەو بارهەڵگرە بگاتە سایدی ئەوبەرو شەس کەس بکوژێت. خۆ ئەگەر زانرا کە ئەم روداوانە بە هۆی نەمانی ئیستۆپەوە لێرەو لەوێ روودەدەن، دەبێت لە ‌هەندێک شوێن بە تایبەت ناوچە شاخاویەکان (رێگای دەربازبوون) دروست بکرێت. ئەمەش رێگایەکی چەوڕێژە و وەک هەوراز یان رامپ دروستکراوە، ئوتومبێلی بێ ئیستۆپ خۆی پێدەگرێتەوەو زۆربەی کات بێ زیان دەبێت.

رەوشی هاتوچۆی کوردستان لەوپەڕی مەترسیدایە، یەکێک لە هۆکارەکانی چارەسەریش چاککردنی ڕێگاوبانەکانە، پێویستمان بە ڕێگاوبانی لێبوردەیە. ئەمڕۆ چەند مەترێک سیمی بەربەست دەیتوانی گیانی شەش کەس ڕزگار بکات!

411 جار خوێندراوەتەوە