تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بوون بە وێستگەی تەنز
و گاڵتەکردن بە سیاسەت بۆ گەنجان، کە گەنجانی نەک تەنیا کۆمەڵی ئێمە، بەڵکو هەموو
جیهان بە شێوەیەکی گشتی هەمان هەڵوێستیان هەیە، جگە لەوەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەکارهێنەرە گەنجەکانیان لەم
سەردەمەدا تووشی دابڕانێکی کۆمەڵایەتی بوون لەگەڵ نەوەی پێش خۆیان، بەتایبەت ئەو نەوەیەی
هەمان خێرایی نییە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.
لە سەردەمی بەلشەویدا (یەکێتی سۆڤیەت)،
زاراوەی زمانی تەختەیی (Wooden language)
دەرکەوت، کە فەرەنسییەکان بەسەر گوتاری سیاسی میدیای سۆڤیەتییاندا سەپاندبوو، وەک
گوزارشتێک لە چەقبەستوویی سیاسی و میدیای کۆمۆنیستیدا. بەزمانی فەرەنسی (langue de bois) زمانی تەختەیی،
بە واتای زمانێکی بێ هەست و سۆز دێت، هەمان ستراتیژی دیماگۆجیەتی هەبوو، کە ستراتیژی
رازیکردنی ئەوانیتر بوو بە ترساندن بیرکردنەوەی پێشوەختەی خۆیان.
وەک جۆرج ئۆریۆل لە نووسینێکیدا ئاماژەی پێداوە،
کە زمان و زاراوەکان بەهۆی داڕوخانی بیرکردنەوەوە شێواون و کاریگەری خراپیشیان لەسەر
سیاسەت دروستکردووە و گوزارشت و فۆرمی زمانیی ئامادەکراوی مەبەستدار بۆ بارودۆخی نەخوازراو
و واقعی تاڵ بەکاردەهێنن، ئەو زمانە تەختەییە، زاراوەی بێ رۆحن و گیانیان لەبەردا
نییە بۆیە بە تەختە ناودەبرێن و دەشێت بسوتێنرێن.
ئەم فۆرمی سیاسەتکردنەی هەیە، گەنجانی هەڵوەدای
جیهانی خەیاڵی و گریمانەیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، ئەو جیهانەی گرفتە کۆمەڵایەتی
و رۆشنبیری و ئیتیکییەکانی کەم نین، بەڵام رەنگە بۆ گەنجان جێگرەوەی سیاسەتکردن بێت
بە زمانە تەختەییەکە، لەگەڵ ئەوەی دابڕانێکی قووڵیان لە ەیوان نەوەکاندا
دروستکردووە، گەیشتووە بەوەی نە گەنجان دەزانن سیاسییەکان چی دەبێژن و چییان دەوێ
، نە سیاسییەکانیش دەزانن چۆن دەستیان بە تێگەیشتنی گەنجان بگات، لەوەش زیاتر گەنجان،
بە زمانی گاڵتە پێکردن و تەنزەوە لە گوتاری سیاسی و حزبەکان دەڕوانن و مامەڵەی لەگەڵدا
دەکەن.
لە دۆخی سیاسیی ئێمەدا، بەکارهێنانی زمانی تەختە
لە برەو سەندندایە، زاراوە و دەستەواژەی ئامادەکراو هەن لەگەڵمان گەورەبوون و رۆژانە
دەیانبیستین و دووبارە دەکرێنەوە، ئەو زاراوە و دەستەواژانە، هێند دووبارە دەکرێنە
و هێند بە سیاسی و حزبی کراون، هێندە بۆ مەبەستی تایبەتی بەکاردەهێندرێن، بەداخەوە
هەرە جوانەکانیان رەونەق و پیرۆزییان شێوێندراوە، لە شێوەی (پاراستنی خوێنی شەهیدان،
پاراستنی دەستکەوتەکان، پاراستنی ئەزموونەکەمان،
دەستی دەرەکی، خیانەت، بەکرێگیراوی بیانی، خەباتی شاخ، مەترسیەکانی سەرمان، پیرۆزییەکان،
لە کەسی قبووڵ ناکەین، مەترسی تیرۆر، دەستیان دەبڕین، سەروەری و ... ) دەیان و سەدان
زاراوەی دیکەی ئەرێنی و نەرێنی، کە زۆریمان بەباشی لەبەرکردووە و بەردەوام لە
گوتاری سیاسی حزبەکاندا لە هەموو بۆنەیەکدا دووبارە دەبنەوە، کە زۆربەی هەرە زۆریان
تەنیا بۆ ترساندن و تۆقاندن و خەڵەتاندنی خەڵکن و بەشێکن لە پروپاگەندی حزبیی بۆ هەڵبژاردن.
لەم نێوەندەدا، سیاسییە کلاسیکییە نەریتییەکان،
هەمان نەریتی کاری سیاسی دێرینیان هەیە، نایانەوێ ئاشنای گۆڕانکارییە تەکنەلۆژی و
پێشکەوتنەکانی سەردەم و گەنجە بەکارهێنەرەکانیان بن، سروشتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
گەنجانەیە و زۆرینەی بەکارهێنەرانی لە تەمەنی 20-35 ساڵیدان، بەدەگمەن گەنجێک ببینیت
خوێنەر و بینەر و بیسەری میدیای نەریتی بێت، لەسایەی مۆبایل و تابلێتدا.
ئەوە نەوە سیاسییە باڵادەستەکانن دەبێ خۆیان
لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و ئەو شێواز و بەکارهێنانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بگونجێنن و درک بەوە بکەن، کە سەردەم سەردەمی گەنجانی سۆسیال میدیایە، نەک هیچ شتێکی
تر، ئەو گەنجانەی دوو دەیەی رابردوو خوێنەری کتێب و رۆشنبیریی و سەرسامی دەستەبژێری
رۆشنبیران و بیرمەندان بوون، ئێستا تەواو جیاوازن و نەوەیەکی جیهانین، ئەگەر بە
ناوەررۆک و دونیابینیش نەبێت، ئەوا لە فۆرم و روخساردا لەو شێوەیەن، چونکە گەنجانی
ئەم سەردەمە لۆژیکی و کردەیین، کە بەوپەڕی ئازادی و سەربەخۆیی و لەخۆوەیی گوزارشت
لە بۆچوونەکانی و ویستەکانی دەکات، ئەو دابڕانە بە شێوەیەکە، دەستەبژێری سیاسی
قورسایی کاری سیاسی لە میدیای تەقلیدیدایە و گەنجانیش لە میدیای نوێ کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن،
ئەمەش ئەو لەیەک دوور کەوتەنەوەیە وێنا دەکات، کە لەنێوان ئەو دوو نەوەیەدا هەیە.
بە وردبوونەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و
چالاکییەکانی گەنجان تیایدا، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە گەنجان سیاسەتیان تەڵاقداوە و
لە کەشی گریمانەیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەژین، ئەمەش بە ئاشکرا کاریگەریی لەسەر
پەیوەندیی نێوان نیشتمان و گەنج و هەست و ویستی نیشتمانی ئەون هەیە لە ژینگەی کۆمەڵایەتیدا.
ئەوەی بە وردی لە پەیوەندی نێوان میدیای تەقلیدی
و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڕوانێت، هەست بەوە دەکات، کە سۆسیال میدیا بووە بە وێستگەی
بڵاوکردنەوەی هەموو ئەو هەست و بۆچوون و تێگەیشتنانەی لای گەنجان بە تایبەتی هەن،
تا دەگات بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دروست و ساختە و راست و هەڵبەستراو و شیاو و نەشیاو،
هەندێجاریش بڵاوکردنەوەی بابەتی نابابەتی نابەرپرس بە زمانێکی زبری داماڵراو لە بەها
نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکان، هەندێجاریش هەرچی رق و قینەی دڵڕەقانەی نەخوازراو هەیە
بڵاو دەکرێنەوە، ئەمانە هەموو ژینگەیەکیان خوڵقاندووە، ئاستی متمانە کردن بە هەواڵ
و بابەتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگاتە نزمترین ئاستی.
ئەمڕۆ گوتاری رق لێبوونەوە و گوتاری توندوتیژی
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەرەی سەندووە، ئەو بێ متمانەییەی لە نێوان دەسەڵات و گەنجان
دروستبووە، زیاتر برەو بەو جۆرە گوتارە دەدات، لەگەڵێشیدا بەشێک لە هێز و کەسایەتییە
سیاسییەکان گۆمی ئەو جۆرە گوتارەیان بە هەڵڕشتنی پارەی زۆر و کڕینی کەسانی شارەزا
لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پاشان سپۆنسەر کردنی گوتارەکانیان خەرج دەکەن
و پانتایی دووری نێوان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و نەوەکان و تێگەیشتنەکان زیاتر
دەکەن و لەو ئاوە شێلوەدا مەلە دەکەن، بەبێ ئەوەی گوێ بەو کارەساتە بدەن کە لەدوای
خۆیان بۆ کۆمەڵی ئێمەی بەجێدێڵن و ئاستی خۆشەویستی و بەرپرسیارێتی نیشتمانی لای ئەو
نەوەیە دادەبەزێنن.
797 جار خوێندراوەتەوە