ڕەجەب تەیب
ئەردۆغان ڕامکارێکی دەگمەنی شانۆی سیاسی و نێو جیهانە. چارەکە سەدەیەکە تورکانی بە
ڕەوانبێژی ئیسلامی و نیوە-وەسمانلی و دژایەتی ڕۆژئاواوەپەروەردە کردوە. هەر دەمێ
ژمارەی ڕاپرسییەکانی داکەون، دەیگۆت: ''ئێ ئاخر ئەوە پەیوەستە بە ئاسایشی وڵاتەوە''.
ساڵانێکە
باسی دوژمنی خەیاڵی دەکا کە بە گۆتەی ئەو کۆمەکی کورد دەکەن بۆ دەنێوبردنی دەوڵەتی
تورکیا. تەنانەت بۆیکرا بەڵایەکی سروشتی بگۆڕێ بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی. وێڕای ناهەڵوێستی
و ئاشکرابونی ئەوەی کە پارتەکەی خۆی مۆڵەتی بیناسازی داوە بەو باڵەخانە ساختانەی کە
لە خراپترین زەمینلەرزەی سەردەمی ئێمەدا ڕوخان، لانیکەم هەزار کەسی دەنێو برد. سەرباری
ویش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2023 -دا سەرکەوت. دەمێ سەرۆ-شارەوانییەکانی کوردیان
لە کارەکانیان دور خستەوە و پاڕلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنی دە زیندان نا، ئەوجا تورکان
زیاتر دەنگیان پێدا. دەمێ نەیاران و خەڵکانی خاوەن بیروبۆچونی جیاوازی بە تیڕۆڕیست
نێوبرد، کەسێ ئەو بۆچونانەی نەخستە ژێر پرسیارەوە. خۆ دەمێکیش گەنجینەی حەتاڵوبەتاڵی
دەوڵەت، بێکاری زۆرەزەوەند و هەژاری بەربڵاوی وە ئەستۆی ڕۆژئاوا نا، بە ڕێژەی
مامناوەندی تورکان ئەو بۆچونانەیان بێ چەندوچون قۆستەوە. خەڵک دوبارە و دوبارە و،
دیسانەوە دەنگیان بە ئێردۆگان دا. ئیتر دەشێ ئەو زەمەنە هاتبێتە کۆتا.
ئەوەی ڕۆژانە
لە دەرزەنێ کەناڵی تێڤێوە و دەیان ڕۆژنامەوە سەرگەرمی مێشک شۆردنەوەی هاوڵاتیان بون،
پێدەچێ ئیدی دەکار کەوتبن. دە نۆزدەی نەورۆزەوە بە ملیۆنان کەس لە سەرجەمی دەڤەرەکاندا
لەهەمبەر ئەرۆدغانی دیکتاتۆر بۆچونی خۆیان بە ئاشکرا دەربڕیوە. بۆ زۆرینەی هاوڵاتیان
ڕونبۆتەوە کە سەرۆک بەڕاستی دەخوازێ تورکیا بگۆڕێ بۆ کۆمارێکی سەنتڕاڵی ئاسیایی، بەبێ
هیچ ئاسەوارێکی ئازادی مێدیاگەری و ڕادەربڕین، یانشە هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە.
بڕیاری ئەردۆغان
بە دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵۆ، سەرۆ-شارەوانی خەڵکدۆستی ئیستەنبۆڵ و شا-ڕکابەری ئەو،
بڵێسەی پڕیشکێ بو وایکرد دانیشتوانی تورکیا خۆیان لە تەوقی دەردی ستۆکهۆڵم، سیندڕۆمی
ستۆکهۆڵم، ڕزگاربکەن.
بەڵام
نا-لۆژیکداری، وەک ئاشنایە، یەکێکە لە لک-و-پۆپە بە هێزەکانی ئەردۆغان. دەمێ چۆتە
دانوستان دەگەڵ ڕێبەری پێکەکەی کورد، هاوکات دڵنیایشی داوە بە یەکێ لە دادگاکانی ئێیستەنبۆڵ
کە ئیمان ئۆغڵۆ لە سۆنگەی، یەکێ لەوانە، پەیوەندیکردن بە هەمان پێکەکەوە کە بەو
دواییەی خۆیان هەڵوەشاندەوە و چەکیان دانا و لەتەک خۆشیدا کەتونەتە دانوستان، دەستبەسەرکردوە!
گرتن و ڕاگرتنی ئۆغڵۆ دوڕویی ئەردۆغان ئاشکرا دەکا. بە ملیۆنان کەس دژایەتی بە قەدەخەکردنی
گردبونەوە و لێکەواتەکانی دەکەن بێ گوێ بەو جۆرە فرمانانە نادەن، بێ منەتن بەوەی چەند
ئەفسەر و پۆلیس و گازی فرمێسکڕێژ بۆ سەریان دەنێرێ. خەڵکی سەبر و ئارامی لەتەک ئێردۆگان-دا
نەماوە.
یواکیم
نێدیم، (ڕۆژنامەوانی سوێدی) وەک پەیامنێرێ بۆ ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی دەربارەی ئەم شەپۆلە
نوێیانە چوە تورکیا. ئێستێ گەڕاوەتەوە وڵاتی خۆی، سوێد، بەڵام وێنەی هەزاران ڕۆژنامەنوس
و ئۆپۆزیسیۆنکاران بە ''ئەندامبون لە ڕێکخراوێکی تیڕۆڕیستی چەکدار'' تاوانبار دەکرێ.
مێدین لە بەشی زیندانی مارمەڕە، ڕەگەڵ ڕکابەری سەرەکی ئەو، کە ئیمامئۆغڵۆیە، دە زیندان
نرابو.
هەرچەندە
پرسیاری دیار بێگومان ئەوەیە کە چما ئەردۆغان دەستپێک ئیمام ئۆغڵۆی دە زیندان نا؟
وەک دەزانرێ، چون تۆقی چوە. ڕاپرسییەکان گشتیان دەریدەخەن کە ئیمام ئۆغڵۆ لە هەڵبژاردنی
داهاتوی سەرۆکایەتیدا سەردەکەوێ. ئێستێ ئەردۆغان شەڕی مان و نەمانی خۆی دەکا. چون زۆرێک
لە یاساکانی هەڵبژاردنی دەستوری تورکیای پێشێلکردوە. دەگەڵ ئیمام ئۆغڵۆ ئاڵوگۆڕی جێگە
دەکەن، گەر دۆڕا.
پێویست
ناکا پسپۆڕی بواری پرسەکانی تورکیا بین تا بزانین ئەردۆغان حاڵی شڕە. خەونێ کە هەی
بو بەوەی خۆی نەیارانی خۆی هەڵبژێرێ ورد و خاش بو. ئیدی ئێردۆگان وەک سەرۆکێکی ڕژد
چاوی لێناکرێ. ناکرێ کۆپییەی پراکتیزەکردنی ئەو ڕەفتارە بێ بەزەییانەی هاوڕێیی خۆی
ڤلادمێر پۆتن بکا، چون تورکیا خاوەنی نەوت و گازی سروشتی خۆی نییە بۆ دابینکردنی دیکتاتۆرییەت.
پرسیار
بۆ سەرۆکی ئایندەی تورکیا یەکخستنەوەی وڵاتەبەوەی دان بە بونی کورد دە دەستوردا
بنرێ و داوای لێبوردن لە جینۆسایدی کریستیانەکان، ساڵی 1915،بکرێ و دیموکراسی ڕستەقینە
بەرپا بکا و بهێنێتە گۆڕێ.
**
سەرچاوە:
ڕۆژنامەی داگنس-نیوهێتەر، 09-06-2025، ستۆکهۆڵم-سوێد، لە زمانی ماکەوە.
نوسینی:
کوردو باکسی
وەرگێڕانی:
گۆران مەریوانی
206 جار خوێندراوەتەوە