یادی ٣٨ ساڵەی ئەنفال و خەمێکی کۆتایی نەهاتوو

KNN : Kurdish News Network
09:13 - 14/04/2026
کوردستان
+
-

38 ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالی گەرمیاندا تێدەپەڕێت؛ برینێک کە هێشتا سارێژ نەکراوە

 

ئەمڕۆ، 14ی 4ی 2026 ، 38 ساڵ بەسەر قۆناغی سێیەمی شاڵاوە دڕندانەکانی ئەنفالدا تێدەپەڕێت، کە لەلایەن ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە دژ بە خەڵکی سڤیلی گەرمیان و چەمچەماڵ ئەنجامدرا

 

ئەم قۆناغە کە لە نێوان 7 بۆ 20ی 4ی 1988 بەڕێوەچوو، بە بەرفراوانترین و خوێناویترین قۆناغی پڕۆسەی ئەنفال دادەنرێت و تێیدا زۆرترین قوربانی ڕەوانەی بیابانەکانی خوارووی عێراق کران و زیندەبەچاڵ کران

 

پڕۆسەی ئەنفال کە لە ساڵی 1986 دەستی پێکرد و تا 1989 بەردەوام بوو، لە 8 قۆناغی جیاوازدا زیاتر لە 180 هەزار هاوڵاتی بێتاوانی کوردی کۆمەڵکوژ کرد

 

 

لەم شاڵاوانەدا کە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی عەلی حەسەن مەجید (عەلی کیمیایی) و سوڵتان هاشمی وەزیری بەرگری ئەوکات بەڕێوەچوو، هەزاران گوند خاپوور کران و ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد کرایە ئامانج. هێزەکانی سوپای عێراق، گاردی کۆماری و جەیشی شەعبی بە پاڵپشتی فەوجە کوردییەکان کە ناسرابون بە ( جاشەکان )، بەشداربوون لەم جینۆسایدەدا کە هەموو تەمەن و ڕەگەزەکانی گرتەوە

 

لە ڕووی یاساییەوە، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە 24ی 6ی 2007دا، سزای لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانەدا سەپاند. هەر لەو ساڵەشەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 14ی نیسانی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی نیشتمانیی یادکردنەوەی قوربانیانی ئەنفال دیاریکرد، وەک وەفایەک بۆ خوێنی شەهیدان و یادکردنەوەی ئەو کارەساتە مرۆییە گەورەیەی بەسەر گەلی کورددا هات.

97 جار خوێندراوەتەوە