وەزارەتی
پێشمەرگە باس لەوە دەکات کە لە سنووری چەمچەماڵ هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان و لەوبارەشەوە
داوایەک ئاراستەی سودانی دەکات.
لە
راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: "شەوی ڕابردوو، جارێکی دیکە
تاقمە تیرۆریستییە لەیاسا دەرچووەکان دەستیان دایەوە کردەوەیەکی تێکدەرانە و لە
ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە
سنووری چەمچەماڵ".
وێڕای ئیدانەکردنی
ئەو پەلامارە وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە: ئامانج لە کردەوانە "تێکدانی
ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە".
هەر لە
راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە بۆ سەر
بارەگاکانی پێشمەرگە لە کاتێکدایە کە دۆخی ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم قۆناغێکی
هەستیار و ئاڵۆزدایە."
لە کۆتاییشدا
داوای لە محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە "سنوورێک
بۆ ئەم دەستدرێژییە بێپاساوانە دابنێت کە دەکرێنە سەر بارەگاکانی پێشمەرگە."
52 جار خوێندراوەتەوە