وەزارەتی نەوت هێرش دەکاتە سەر حکومەتی هەرێم و هەڕەشەی ڕێکاری یاسایی دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:41 - 17/03/2026
عێراق
+
-

 

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، وەڵامێکی توندی بەیاننامەیەکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی دایەوە و بە "بەیاننامەیەکی سیاسی و حزبی" ناوی برد کە گوزارشت لە دیدی پیشەیی و یاسایی ناکات

 

 

وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە کار بۆ چاککردنەوەی بۆری کەرکوک-جیهان دەکەن و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواو دەبێت، بەڵام بۆ ئێستا داوای بەکارهێنانی بۆریی "سارلۆ-فیشخاپور"یان کردووە بۆ هەناردەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، کە لەگەڵ نەوتی هەرێم دەگاتە ٤٥٠ هەزار بەرمیل، ئەمەش وەک ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووی هورمز

 

وەزارەتی نەوت جەختی کردەوە کە بەپێی ڕێککەوتنی (ITP)، بۆرییەکە موڵکی حکومەتی فیدراڵییە و توانای هەناردەکردنی زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیلی هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەستنەوەی مەلەفی نەوت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و سیستەمی "ئەسیکۆدا" لەلایەن هەولێرەوە جێگەی سەرسوڕمانە، چونکە مووچە لە دەسەڵاتی وەزارەتی داراییە و سیستەمی ئەسیکۆداش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وەزارەتی نەوت هۆشداری دا کە ڕێگریی حکومەتی هەرێم لە هەناردەکردن، پێشێلکردنی دەستوورە (ماددەکانی ١١٠، ١١١، ١١٢) و سەرکێشییەکی بەرپرسانە نییە بە بەرژەوەندیی گشتییەوە. داواشی لە ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتارانی کورد کرد بێنە دەنگ، چونکە ئەگەر هەولێر لە هەڵوێستەکەی پاشەکشە نەکات، بەغداد تەواوی ڕێکارە یاساییەکان دەگرێتە بەر

241 جار خوێندراوەتەوە