وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە ڕێگەی
ئاژانسی فەرمی (سانا)وە، ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)
کرد و ڕایگەیاند کە کردەوەکانیان لە باکووری خۆرهەڵاتی وڵات لەگەڵ دروشمەکانیان بۆ
یەکێتیی سوریا ناگونجێت.
وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە کە
قسەکانی هەسەدە دەربارەی ئەوەی "نەوت موڵکی هەموو سورییەکانە" هیچ
ڕەوایەتییەکی نییە، تا ئەو کاتەی نەوتەکە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەنەبرێت و
داهاتەکەی نەچێتە بودجەی گشتییەوە.
حکومەتی سوریا گومانی خۆی لە جدیەتی
هەسەدە دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان "ئەحمەد شەرع و مەزڵۆم
عەبدی"، ئاماژەی بەوەش کرد کە تائێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی یان خشتەیەکی
زەمەنی بۆ یەکخستنی دامەزراوەکان نەبینراوە.
: وەزارەتەکە پێیوایە هەسەدە گوتاری دیالۆگ تەنها
بۆ مەبەستی میدیایی و کەمکردنەوەی فشارە سیاسییەکان بەکاردەهێنێت، نەک بۆ گەیشتن
بە چارەسەری ڕاستەقینە.
دیمەشق هۆشداری دا کە بوونی هێزی
چەکدار و فەرماندەیی سەربەخۆ لە دەرەوەی سوپای سوریا، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر
سنوورەکان وەک کارتی فشار، پێچەوانەی بنەماکانی سەروەریی نیشتمانییە و هەڕەشە لە
یەکپارچەیی خاک دەکات.
36 جار خوێندراوەتەوە