کۆمپانیای بەبازاڕکردنی
نەوتی عێراق (سۆمۆ) کۆتاییهێنانی بە سەرجەم گرێبەست و پابەندبونەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی
نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و جەختیشی کردەوە کە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی
نەوت لە کوردستانەوە ناوبانگی عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی نەوت بۆ بازاڕی تینوی
ئەوروپا دەگەڕێنێتەوە.
بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە،
عەلی نزار ڕایگەیاند، "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕویدا بابەتی تێگەیشتن و
دانانی میکانیزمی کارکردنە"، ئاماژەی بەوەشکرد "یاساکە هەمو کەسێک دەگرێتەوە".
ڕونیشیکردەوە، "وەزارەتی
نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە یەک چوارچێوەدا
کاردەکەن بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو نەوتەی بەرهەمدەهێنرێت نەوتی عێراق و تایبەتمەندییەکەی
تەنها لە سروشتی پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێم و ئەو کۆمپانیایانەی لەوێ کاردەکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد،
"حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان پێویستیان بە تەواوکردنی
میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای بودجە هەیە و لەمبارەیەوە لێکتێگەیشتنی تەواو هەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد،
"هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی کە ڕێگە بدات بە دەستپێکردنەوەی
هەناردەی نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا".
بەڕێوەبەری گشتی
کۆمپانیاکە وتی "ئەو نەوتە خاوەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت لە ئێستادا
هەناردە ناکرێت، بەڵکو لە ناوخۆی هەرێمدا بەکاردەهێنرێت، ئێمە بە پێی یاسای بودجەی
ساڵی 2025 کاردەکەین بۆ گۆڕینی بڕی زیادەی دوای بەکارهێنانی ناوخۆیی بۆ هەناردەکردن".
ئاماژەی بەوەشکرد،
"کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت سەرجەم گرێبەست و ئەرکەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی
کڕین تەواوکردوە و ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە نەوتانەی کە لەلایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان
و حکومەتی هەرێمەوە هەناردە دەکرێن".
429 جار خوێندراوەتەوە