بۆ تاوتوێکردنی هاوکارییە ئەمنی و بازرگانییەکان شاندێکی عێراق لە دیمەشقن

KNN : Kurdish News Network
08:45 - 26/04/2025
عێراق
+
-

شاندێکی عێراقی بۆ تاوتوێکردنی هاوکارییە ئەمنی و بازرگانییەکان و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، سەردانی دیمەشقیان کردوە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوریا کۆبونەتەوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردوەتەوە، شاندەکە بەسەرۆکایەتی حامید ئەلشاتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی عێراق، رۆژی هەینی چونەتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا و بەرپرسانی حکومەتی ئەو وڵاتە کۆبونەتەوە.

 

ئاماژەیان بەوەشکردوە، کۆبونەوەکان بەمەبەستی گفتوگۆکردن بوە لەبارەی هاوکارییەکانی هەردولا بەتایبەت لە بواری ئەمنی و بازرگانی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، هەروەها گفتوگۆکردن لەبارەی نۆژەنکردنەوەی بۆری عێراق بۆ گواستنەوەی نەوت لەرێگەی خاکی سوریاوە بۆ بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست.

 

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا (سانا) بڵاویکردەوە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی عێراق نامەیەکی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی گەیاندوەتەوە ئەحمەد شەرع بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە لە 17ـی ئایار لە بەغداد بەڕێوەبچێت.

 

شاندەکە پێکهاتون لە بەرپرسانی فەرماندەیی هێزەكانی سنور لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرپرسانی وەزارەتەكانی نەوت و بازرگانی و دەستەی دەروازە سنورییەكان.

 

ئەمە دوەم سەردانی شاندی عێراقییە بۆ دیمەشق لە دوای ڕوخانی ئەسەدەوە.

27 جار خوێندراوەتەوە