موحسین
پاکنژاد، وەزیری نەوتی ئێران ڕایگەیاند، بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و
ئەمریکا، کەرتی نەوتی وڵاتەکەی دەبێتە گەورەترین گۆڕەپانی خستنەڕووی دەرفەتی
وەبەرهێنان بۆ ئابووریی جیهان، جەختیش دەکاتەوە کە ئەگەر سەرمایەی دەرەکیش نەگاتە
وڵاتەکەیان، بەردەوام دەبن لە بەرەوپێشبردنی کەرتی نەوت.
وەزیری نەوتی
ئێران لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە قۆناغی دوای ڕێککەوتنەکە ئاماژەی بەوە کرد، بە
واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا و لەژێر سایەی ڕێنماییەکانی
ڕێبەری باڵای ئێراندا، وڵاتەکەیان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی کار و پێشکەوتنەوە.
باسی لەوەش کرد کە کەرتی نەوت لە کاتی شەڕدا لە ڕیزی پێشەوەی بەرگری بووە و بێ
وەستان بەردەوام بووە لە کارەکانی، بە جۆرێک بە خێرایی توانراوە دامەزراوەکان
نۆژەن بکرێنەوە و توانای بەرهەمهێنانی غازی لەدەستچوو بگەڕێنرێتەوە.
لە بارەی
ئامادەکارییەکانیان بۆ قۆناغی داهاتوو، موحسین پاکنژاد ڕوونیکردەوە: "لە
قۆناغی دوای ڕێککەوتنەکەدا، کەرتی نەوت گەورەترین گۆڕەپانی خستنەڕووی دەرفەتی
وەبەرهێنان و بەشداریکردنی تەکنیکییە بۆ ئابووریی جیهان. سەدان دەرفەتی وەبەرهێنان
و گرێبەستی هاوبەش ئامادە کراون و وەزارەتی نەوت ئامادەیە بە خێرایی گروپەکانی
کارکردن ڕێکبخات."
لە کۆتایی
لێدوانەکەیدا، وەزیری نەوتی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە کەرتی نەوتی وڵاتەکەی بە
وریایی و سەربەرزییەوە ڕێگەی خۆی دەبڕێت و ڕایگەیاند: "ئەگەر سەرمایەی
دەرەکیش نەهاتە ناوخۆوە، ئێران بەردەوام دەبێت لە ڕێگەی بەرەوپێشبردنی نیشتمان."
96 جار خوێندراوەتەوە