جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە، گەیشتە سویسرا، بە مەبەستی دەستپێکردنی فەرمیی دانوستانەکان لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران سەبارەت بە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و فراوانکردنی ڕێککەوتنە کاتییەکەی نێوانیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
دوای واژۆکردنی چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە لە هەفتەی ڕابردوودا، ئێستا دانوستانکارانی باڵای ئەمریکا و ئێران لە هەوڵێکی چڕی 60 ڕۆژەدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر وردەکارییە تەکنیکییەکان، کە کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی جیهان و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژانی سەرەتای ئەم قۆناغە دوو مانگییە ڕووبەڕووی ئاڵۆزی بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی پێکدادانە توندەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە لوبنان و ڕاگەیاندنی سوپای ئێران سەبارەت بە داخستنی گەرووی هورمز، کە ڕێڕەوێکی ئاویی ستراتیژییە و یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
شاندی دانوستانکاری ئێران، کە پێکهاتووە لە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، شانبەشانی بەرپرسانی بانکی ناوەندی و نەوتی ئەو وڵاتە، گەیشتوونەتە سویسرا.
هاوکات، وڵاتانی پاکستان و قەتەریش وەک نێوەندگیر بەشداری لە گفتوگۆکاندا دەکەن.
ڤانس کە بڕیار بوو ڕۆژی هەینی بگاتە سویسرا، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی لوبنان و هەڵوەشاندنەوەی کاتیی گەشتی شاندی ئێران، گەشتەکەی بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
پێش بەڕێکەوتنی بۆ ئەو وڵاتە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئومێدەوارین لەسەر پرسی ئەتۆمی و ئاگربەستی لوبنانیش بەرەوپێشچوون بەدەست بهێنین".
لەلایەکی دیکەوە ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریدا و ڕایگەیاند: "تاران داوای جێبەجێکردنی کرداریی ئەو بەڵێنانە دەکات کە پێشتر دراون، ئەگەر لایەنی بەرامبەر پابەند نەبێت، تەواوی لێکتێگەیشتنەکە دەکەوێتە مەترسییەوە".
60 جار خوێندراوەتەوە