بێشەرمی کاستی سیاسی

کاستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان زۆرینەیان، بە کۆن و تازەیانەوە، شایەنی رەخنە و لێپرسینەوەن. ئەم کاستە لەوە ئەچێت هەرگیز خۆیان لە ئاوێنەدا نەبینیبێت، چونکە بە حوکمی پاساوی شەرعیەتی رابردو، دوای راپەڕین دەستیان گرت بەسەر چەک، پارە و دامودەزگاکاندا، لێرەوە بازنەیەکیان لە میدیا، نوسەر، رۆژنامەنوس و خەڵکی پیاهەڵدەریان بە دەوری خۆیاندا کۆکردەوە تا هەرگیز وێنەی هەقیقی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان نەبینن و نەبیستن. ئینسان کە بەیاننامەکانیان لەسەر یادی راپەڕین ئەخوێنتەوە، سەرسام ئەبێت بەوەی کە ئەڵێیت ئەم کاستە لە دنیایەکی ترەوە هاتون و لە سی ساڵی رابردودا ئەمانە بڕیاردەر نەبون! باشترین ئاوێنەیەک بۆ ئەوەی ئەم کاستە خۆی تێداببینێت بریتیە لە خراپی و دەڵەمەیی حوکمڕانی، بە جۆرێک بێمتمانەی خەڵک و لایەنگرانی خۆتان بە خۆتان، لە هەرە خراپترین ئاستدایە.

کاتێک زۆرێک لە خەڵکی کوردستان (گەورەتر لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان) لە یادی راپەڕیندا، یادی نەوشیروان مستەفا ئەکەنەوە، بە پلەی یەک پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەو بە ئەخلاقی سیاسی خۆی ئەوەی سەلماند کە ئەو لە "شەڕی دێوەکەدا خۆی نەبو بە دێو". بۆ ئەو و ژمارەیەکی کەم لە خەڵکی خاوەن هەڵوێست، راپەڕین بەواتای دروستکردنی سەرەتایەکی نوێ بو لە حوکمڕانی کە پایەکانی بریتی بن لە سەروەری یاسا، دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات، دادپەروری کۆمەڵایەتی و ژیانێکی شایستە. بە پێچەوانەوە، راپەڕین بۆ زۆرینەی زۆری کاستی سیاسی، بە واتای خۆ سەپاندن و گرتنەدەستی دەسەڵات بو. بە مانایەکی تر، زۆرینەی زۆری کاستی سیاسی لە "شەری دێوەکەدا، خۆیان بون بە دێو" و هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ناشیرنیەکانی دژەکانیاندا نەما.

ئەم کاستە سیاسیە، رۆژ لە دوای رۆژ لە گەشەسەندندایە. زۆر هەڵەیە کە ئەم کاستە تەنها لە زۆرینەی نەوەی پێشودا بچوک بکەینەوە، چونکە ساڵانە دەنگ و رەنگی تر، دەموچاوی تازە لە هەمو لایەکەوە تیکتی بون بە ئەندام لەم کاستە ئەبڕن. بڕینی ئەم تیکتە لەو جێگایەوە دەست پێئەکات کە رەفتار و ئەخلاقی سیاسی زۆرینەی فیگەرە سیاسیە "نوێکان" جیاوازییەکی ئەوتۆی نامێنێتەوە لەگەڵ کاستی سیاسی کۆندا.

بۆ دروستکردنی دنیایەکی باشتر، سەرەتاییترین ئەرک ئەوەیە کە خوێنەوەی ورد و ئازایانە بۆ رەفتار و ئەخلاقی سیاسی کۆی کاستە سیاسی لە هەرێم بکەین، بە هیوای ئەوەی کە لە داهاتودا نەوەیەک پەروەردە بێت کە رەفتار و بیرکردنەوەی تەواو لەم کاستە سیاسیە جیاواز بێت. زۆرینەی خەڵک لە حاڵەتی بێهیوای و بێ متمانەی تەوادا ئەژین، چونکە ئەم کاستە هیچ بەهایەکیان بۆ قسەکردن و متمانەی سیاسی نەهێشتۆتەوە. رەخنەکردنی کلتوری کاستی سیاسی لە هەرێم، پەروەردەکردنی نەوەیەک لەسەر کۆمەڵێک فەزیڵەتی سیاسی راستەقینە، رەنگە یەکێک بێت لە هەنگاوە هەرە سەرەتاییەکان بۆ دنیایەکی باشتر.

531 جار خوێندراوەتەوە