مێژوی دراوی عێراق



دراوی عێراق وەك هەر پنتێكی تر، مێژویەكی پڕ هەڵبەز و دابەز و گۆڕانكاری هەبوە.

كاتێك عێراق بەشێك بوە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لیرەی توركی و چەند جۆرە دراوێكی تری ئەوروپیش ئاڵوگۆڕی پێ ئەكرا، بەڵام پاش داگیركردنی عێراق لەلایەن ئینتیدابی بەریتانی لە جەنگى یەکەمى جیهانی ئەوكات عێراق كرایە بەشێك لە سیستمی دراوی (هەرێمی هیندی) كە لەلایەن بەریتانیاوە بەڕێوەئەبرا روپیەی هیندی وەك دراوی سەرەكی بەكارئەهات تا ساڵی (1932) بەجۆرێك یەك دینار=13.33 روپیە.

ساڵی (1931) بەپێی یاسای ژمارە (44)ی ساڵی (1931)، (لیژنەی دراوی عێراقی) لە لەندەن پێكهێنرا بەمەبەستی دەركردنی دراو و پاراستنی شكۆی دراوی عێراقی سیاسەتێكی زۆر خۆپارێزیی گرتەبەر بەوەی ئیحتیاتێكی زۆری دائەنا وەك روپۆش بۆ دینار و پەیوەستكردن و یەكسانكردنی بە پاوەنی بەریتانی تاساڵی (1959).

دواتر ئەم لیژنەیە ئیلغاكرا و (بانكی نیشتمانی عێراقی) لە لەندەن دامەزرا بەپێی هەردو یاسای (42 و 43)ی ساڵی (1947) بۆئەوەی سەرۆكاری دەركردنی دراوی عێراق بكات، دواتر بەپشتبەستن بە یاسای ژمارە (72)ی ساڵی (1956) ناوەكەی گۆڕا بۆ (بانكی ناوەندیی عێراقی) ئەمیش بەهەمان شێوە سیاسەتی نەختینەی خۆپارێزی گرتەبەر و ئیحتیاتی روپۆشی بۆدینار كردە (100%).

كاری بانكەكە فراوان بوو، لە ساڵی (1959) رایەڵەی دینار لە پاوەنی بەریتانیەوە گۆڕا بە رایەڵكردنی بە دۆلاری ئەمەریكی بەنرخی (یەك دینار=2.8) دولار.

لە (14)ی تەموزی (1964) حكومەت گشت بانكەكانی تەئمین كرد و خۆی پشتیوانی بەهای دیناری ئەكرد، ئەوەبو پاش دابەزینی بەهای دۆلار لەساڵانی (1971-1973) بەهای دینار بۆ (یەك دینار=3.37دۆلار) بەرزبوەوە.

لە ساڵی (1987) بەهۆی پێكهاتەی یەكگرتوی بانكی ناوەندی لەگەڵ هەریەك لە بانكی رافیدەین و بانكی كشتوكاڵى و پیشەسازی و عەقار، بەهای دینار بەرێژەی (5%) دابەزی (یەك دینار =3.21دۆلار) ئەم نرخە بەشێوەی فەرمی مایەوە تا كۆتایی (1989) هەرچەند لە بازاڕی رەش (یەك دینار=1.89دۆلار) بو.

پاش شەڕی كەنداو و سەپاندنی ئابڵوقەی ئابوری بەسەر عێراقدا، ئیترعێراق لە جیهان دابڕا و چیتر نەیتوانی دینار لە دەرەوە چاپ بكات بەناچاری لەناوخۆی وڵات دراوەكەی چاپ ئەكرد بەشێوەیەكی زۆر ئاست نزم و بێ‌ كەڵك بەبێ‌ بەرنامەو بەبڕێكی زۆر، بۆیە بەشێوەیەكی خێرا بەهاكەی دابەزی بەجۆرێك لە ساڵی (1995) نرخى (یەك دۆلار=3000دینار) بو.

پاش روخانی سەدام دەسەڵاتی كاتیی هاوپەیمانان لەماوەی نێوان (15)ی تشرینی یەكەم و (14)ی كانونی یەكەمی ساڵى (2003) دراوێكی نوێیان دەركرد بەجۆرێكی زۆر باش و ئاستی بەرز. لەیاسای بانك ژمارە (56) ی ساڵی (2004) بڕگەیەك دانرا بە رەهایی تەنها بانكی ناوەندیی عێراقی مافی دەركردنی دراوی كاغەز و ئاسنی عێراقی هەیە بەمەبەستی ئاڵوگۆڕكرپێكردن و وەك گرنگترین كاڵا لای هاوڵاتی.

بەپێی بڕگەی یەک لە مادەی (33)ی یاساكە ئاستەكانی و پێوانەی و شێوەی دراوی نەختینەی كاغەز و ئاسن دیاری دەکات.

لە بڕگەی دووەمی هەمان مادە هاتوە كە بانكی ناوەندیی تەنها لایەنی پەیوەندیدارە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ دەركردنی دراو، هەروەك تەنها لایەنی لێپرسراوە بەپێدانی عێراق بە بڕی دراوی پێویستی چاپكراو بەهەردوو شێوەی (كاغەز و ئاسن) بۆ گشت ناوچەكانی عێراق لەهەموو كاتەكاندا، هەروەك لێپرسراوە لە دیاریكردنی بەهای دینار و كێشانەوەی دراوی دڕاو بێكەڵك و ئەو دراوانەی ئیلغائەكرێنەوە لە بەكارهێنان.

قۆناغەكانی دراوی عێراقی
دراوی عێراق بەچەند قۆناغێكدا تێپەڕیوە ئەوانیش:
چاپی مەلەكی كە وێنەی مەلیك فەیصەڵی لەسەر بو بەردەوام بو تا ساڵی (1958).
چاپی كۆماریی كە هێمای كۆماریی لەسەر بو تا ساڵی (1978 )

چاپی نێودەوڵەتی (ناسراو بە سویسری) كە لە كۆمپانیای (دیلاو)ی بەریتانی و (ئێكسبورتلس)ی سۆڤێتی چاپ دەكرا تا ساڵی (1990)، دواتر بەهۆی ئابڵوقەی ئابوری سەر عێراق، لەناوخۆی عێراق لە چاپخانەی (دار النهرین) بە وەرەقەی ئاسایی چاپی ئەكرد كە هیچ مواسەفاتی پێویستی دراوی تیانەبو.

دوای روخانی رژێمی سەدام لە ساڵی (2003) بانكی ناوەندیی بڕیاری ئیلغاكردنەوەی گشت شێوە دراوەكانی عێراقی دا بەهەردوو نێودەوڵەتی (سویسری)یەكە كە لە هەرێمی كوردستان كاری پێ ئەكراو شێوە ناوخۆییەكە  (كاغەزە بێ‌ مواسەفات) ەكە كە لە ناوەڕاست و باشوری عێراق كاری پێ‌ دەكراو جۆریكی نوێی دەركرد كە لە حەوت ئاست دراو پێكهات بە مواسەفات و ئاستێكی بەرز كە نەتوانرێ‌ بە ئاسانى ساختە بكرێ‌ و تائێستاش کاریان پێدەکرێت جگە لە (50) دیناریى.

259 جار خوێندراوەتەوە