چاکسازی پێویستی بە یاسا نییە، بڕیاری ئازایانەی دەوێت

دەگێڕنەوە کابرایەک لە گوندێکدا هەبوو هیچ حەزی بەوە نەبوو لە ژیانیدا خۆی ماندوو بکات، بۆ پەیداکردنی قووتی خۆی و ماڵ و منداڵەکانی ئەوەی کردبووە پاساو کە سەری بێرزق لەژێر خاکدایە و خوا سەری دا رزقیش دەدات. بە خێر و سەدەقەی ئاوایی دەژیا. لەناو ئەهلی گوندیش مشتومڕی ئەوە دروست بووبوو کە ئەم پیاوە لەشساخ و تەندروستە و خێری پێدەرناچێت. بڕیاریان دا ئیدی زەکات و سەرفترەکانیان نەکەنە کاسەی ئەم ماڵەوە، لە بری ئەوە هانی خاوەنماڵیان دا وەک خەڵکی ئاوایی دەست بداتە کارێک. 

پارچە زەوییەکیان بۆ تەرخانکرد و یارمەتییان دا لە تۆوکردن و کێڵانی و کردیان بە گەنم، بە هیوای ئەوەی ئیدی ئەویش وەک عمومی گوندییەکە بە کاری کشتوکاڵی ماڵ و منداڵی بژیێنێت. ساڵ قاتی بوو بەروبوومی کشتوکاڵ پێگەیی و گەنمی تازە جووتیار قەفی چووە ئاسماندا. کاتی دروێنە و چنینەوەی بەرهەم هات، ئەو کات ئامێری کشتوکاڵی پێشکەوتوو پەیدا نەبووبوو، خەڵکی بەدەست دروێنەیان دەکرد، دەبوو ئەمیش یان رۆژانە بچێتە یارمەتیی دەرودراوسێ تا ئەوانیش بە هەرەوەزیی گەنمەکەی ئەمیش بدوورنەوە، یاخود دەبوو بە تەنیا شان بداتە بەر درەوکردنی گەنمەکەی.

هەموو رۆژێک بەیانی زوو لەگەڵ ئەوەی ئەهلی ئاوایی دەچونە کار، ئەمیش داسی دەنایە سەرشانی و دەچووە دیار زوییە بە گەنم چێنراوەکەی و لە خەیاڵی خۆی دابەشی دەکرد ئەگەر هەر رۆژەی ئەوەندەی لێبدوورێتەوە، ئاوا بە مانگێ تەواوی دەکا و وەک خەڵک دەبێتە خاوەن خەلە و خەرمان. دەگەڕایەوە ماڵەوە بە ژن و مناڵەکانی دەگوت هەموویم دیاریکردووە و بەوەندە رۆژ گشتی دەدوورمەوە و لە بەیانییەوە دەستپێدەکەم.

 

بۆ سبەی بە هەمان شێوە دەچوووەوە دیار گەنمەکە و هەمان خەیاڵی چەندبارە دەکردەوە و بڕیاری دەدا لە بەیانییەوە دەست پێبکات. وردەوردە وەرزی دروێنە کۆتایی هات، ساڵ تێپەڕی و بەرهەمەکەی هەڵوەڕی و نەبووە خاوەن مەڵۆیەک گەنم.

جا حوکمڕانیی کوردستانیش بە دەردی ئەم کابرایەی لێهاتووە. ئیدی چاوەڕێکردنی بۆ نانی ماڵە دراوسێ، بێشێو هێشتوویەتییەوە و دەبێت خۆی هەوڵ بدات نانی میللەتەکەی پەیدا بکات، هەرچەند دەکات ناتوانێ دەست بەدروێنەکەی بکات. ئێستا و چەند جارێکی دیکەش لە رابردوودا کە تووشی قەیران هاتووین، لەکاتی هەموو ئەزمەکاندا بە دروستکردنی کۆمەڵێک هیواوە بەڵێنی چاکسازیی داوە و ئەمڕۆی بە سبەی سپاردووە کە لێرەوە دەست بە چاکسازی دەکەم.

 

چەند ساڵێک تێپەڕین بە پاساوی نەبوونی یاسای چاکسازی، لە کاتێکدا چاکسازی یاسای پێویست نییە، بە بڕیاری ئازایانە دەکرێت. بەڵام وەک کابرای گوند چۆن وەرزی دروێنە تێپەڕی و نەبووە خاوەن بەرهەمەکەی، لە کوردستانیش کاتێک دەزانن شتەکان لە دەست دەردەچن و کاتی چاکسازی نامێنێ و بە جارێ ماڵی کورد وێران دەبێت.

کوردستان تووشی قەیرانی قووڵی دارایی هاتووە، هۆکارەکانیش تەنیا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی جووڵەی بازرگانی نین، بەڵکو بەشێکی زۆری قەیرانەکەی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە بەهەدەردانەوە هەیە. ئەمەش بەشێکی لەناو مووچەی فەرمانبەراندا جێکراوەتەوە و بەشە زۆرەکەی بەهەدەردان لە شوێنی دیکەوەیە.

ئەوەی پەیوەندیی بەو بەشەی ناو مووچەی فەرمانبەرانەوە هەیە، جیا لەوەی لیژنەکانی چاکسازی حکومەت دیاریان کردووە و پەیوەستیان کردووە بە رێژە و بڕی تەرخانکراو بۆ خانەنشینانی پلە باڵا و وەک ناویان لێناوە نایاساییەکان. بەڵام ئەمەش لەناو ئەو بەشەی مووچە کەمینەیە بە بەراورد بەوەی لەناو ئەو دوو کەرتەی دیکەی پێشمەرگە و دەزگە ئەمنییەکاندا هەن، ئەوەی پارتی و یەکێتی تەنانەت ئامادەنەبوون رێگە بدەن بایۆمەتریشیان بۆ بکرێت، چونکە بندیوار و بەهەدەردانەکان بەشی زۆری لەوێوە دەڕوات.

بۆیە دەستبردن بۆ چاکسازیش دەبێ ئازایانە دەستبردن بێت بۆ ئەو بەش و سێکتەرانەی زۆرترین بەهەدەردانەکانیان تێدایە.

کوردستان کێشەی لە دوو شت هەیە و دەبێ لەیەککاتدا هاوتەریب دەست بۆ هەردووکی بەرێت، داهات و خەرجی. ئەو داهاتەی دەستی دەکەوێت بەشی خەرجییەکانی ناکات. تەنها بە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان ناتوانێت بەسەر قەیرانەکەدا سەرکەوێت، دەبێ هاوتەریب داهاتاکانیشی زیاد بکات.

لە دۆخێکی وەک ئێستا کە خەریکە قەیرانی دارایی، کەمبوونەوەی جووڵەی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت، دەبێتە دیاردەیەکی جیهانی، ئایا هەرێمی کوردستان بەچی دەتوانێ داهاتی زیاد بکات؟  بێگومان ئەمە پرسیارێکی دروستە، بەڵام کوردستان تایبەتمەندی ئەوەی هەیە لەم هەلومەرجەشدا داهاتەکانی زیاد بکات نەک کەمبێتەوە.

 

ئەویش لەبەرئەوەی رێگەی کۆکردنەوە و سەرچاوەکانی داهات لە کوردستان، گەندەڵی و بەهەدەردانی زۆری تێدا دەکرێت، بە بڕیاردان لە رێکخستنەوەیان، لە گرتنی ئەو کون و کەلەبەرانەی پارەی تیا بەهەدەر دەچێت، داهات لە کوردستان زۆر زیاددەکات، زیاتر لەوەی مانگانە بۆ مووچە پێویستێتی.

حکومەت کە دەیەوێت دەست بەچاکسازی بکات دەبێت پێکەوە هەموو رێگەکان بگرێتەبەر، نابێت گوێی لەوەبێ کارێکی قورسە بەیەکجار لەهەموو کەرت و سێکتەرەکانەوە دەستپێبکات. خۆی ئەوە راستە کە کارێکی سەختە بتوانێت بەیەکجار دەست بۆ بەرژەوەندی هەموو باند و هێز و گرووپەکان بەرێت کە لەپشتی گەندەڵییەوەن، بەڵام ئەم رێگەیە ئاسانترە لەوەی وەک هەنگاوی سەرەتا لە مووچەخۆرانەوە دەستپێبکات.

 

چونکە کەسێک بەهەر رێگەیەک سوودمەندبووبێت لەوەی مانگانە چەند سەت هەزار دینارێک لە حکومەت وەرگرێت، هەروا بەئاسانی قبووڵی ناکات ببینێت حکومەت ئەو چەند سەت هەزارەی ئەو دەبڕێت کە قووتی منداڵەکانێتی، بەڵام حکومەت دەست بۆ سەتان ملیۆن دۆلار نابات کە لە کەناڵی دیکەوە دەدزرێت.

بۆیە ئەگەر حکومەت باوەڕی بەوە هەیە کە چاکسازی لێدانە لە بەرژەوەندی. لە بەرژەوەندیدانی سەت کەس ئاسانترە وەک لە بەرژەوەندیدانی سەت هەزار کەس. لەبەر ئەوەی بەشی زۆری سەرچاوەی داهات لە هەرێمی کوردستان پشتی بە نەوت بەستووە، دەبێ بیر لەوەبکرێتەوە لەم کەرتەوە دەستپێبکرێت، ئەگینا هەرچی بکات دەبێتە پینە و پەڕۆ. 

بۆ ئەوەی داهاتی نەوت زیادبکرێت، پێویستە خەرجی تێچووی بەرهەمهێنانەکەی کەم بکرێتەوە. وەک ئەوەی سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێکرد کە 40%ی دەبێتە داهات و شەستەکەی بۆ تێچووی و فرۆشی دەڕوات.

لەناو ئەو بڕەی بۆ کۆمپانیاکان و تێچووی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی خەرج دەکرێت، بەشێوازی جیاجیا زیادەڕۆیی تێدا دەکرێت و حکومەت دەتوانێت بە هەندێ بڕیاری ئازایانە خەرجییەکانی کەمبکاتەوە و داهاتەکانی پێزیادبکات.

یەکێک لەوانە تێچووی پاسەوانی و دابینکردنی پێداویستی و کەرەستەی رۆژانەی کۆمپانیا نەوتییەکانە، لەبەر ئەوەی لەداهاتی نەوت دەدرێتەوە نەک لەسەر حسابی کۆمپانیا، بۆیە زیادە مەسرەفییەکی بێئەندازە لێرەوە دەکرێت کە ئەویش لە رێگەی کۆمپانیاکانی سیکویریتییەوە بۆ چەند دەسەڵاتدارێک دەڕوات.

 

حکومەت زیاتر لە 100 هەزار پۆلیسی ناوخۆ و زێرەڤانی و پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتنی هەیە، ئەمە لە دەرەوەی ئاسایش و پێشمەرگە. چ لۆژیکێک رێگە بەوە دەدات مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار لەم هێزانە خەرج بکرێت کە زۆرێکیان کراون بە پاسەوان و باخەوانی باخ و ڤێلای بەرپرسەکان، بەڵام کۆمپانیای سیکیوریتی ئەهلی پارێزگاری کۆمپانیا نەوتییەکان بکەن و لەوێش مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار لەسەر حسابی داهاتی ئەم میللەتە بۆ کۆمپانیاکان بچێت.

 

چاککردنی ئەمە یاسای ناوێ تەنها بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران بەوەی حکومەت خۆی پاسەوانی کەرتی نەوت دەکات و ئەو گرێبەستانەی کۆمپانیا سیکیوریتییەکان هەڵبوەشێنێتەوە سەتان ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.

بوارێکی دیکە کە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات و گەندەڵی و بە هەدەردانە، کەرتی تەندروستییە. باند و کۆمپانیاکانی هێنانی دەرمان کە بووە بە پێداویستیی رۆژانەی خەڵک. ئایا حکومەت ناتوانێت بە بڕیار ئەمە لە دەستی گرووپە مافیاییەکان دەربێنێ کە کەسوکار و دەستوپێوەندی دەسەڵاتدارەکانن و حکومەت خۆی بەڕێوەی بەرێت، کە لەلایەک رێ لە بەهەدەردان دەگرێ و دەشتوانێ بیکات بەسەرچاوەیەکی دیکەی داهات؟ رێکخستنەوەی گومرگ و کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان، رەنگە ئەم هەنگاوانە کەسانێکی کەم کە گرووپی خاوەن بەرژەوەندین زەرەرمەندبن، بەڵام حکومەت دەربازدەکەن لە کێشە و قەیرانی دارایی.

بەڵام حکومەت نەتوانێت دەست بۆ ئەمەیان بەرێ کە ئاسانترینیانە و بیەوێ لە دەستبردن بۆ قووتی زۆرینەی خەڵکەوە دەستپێبکات، بەدڵنیاییەوە ناتوانێ بەرگەی لێکەوتەکانی بگرێت.

941 جار خوێندراوەتەوە