عەدنان زورفی و كورد و سێ ئاڵنگاری

دوای ماوەی زیاتر لە چوار مانگ لە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیرانی پشوو، دواى (15) رۆژیش لە دەست لەكاركێشانەوەی محمد تۆفیق عەلاوی كاندیدی راسپێراوی پێشوو بۆپێكهینانی حكومەت، سەرئەنجام ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، پیاوێكی مەیلە و رۆژئاوایی، كەسێكی كەمێك دوور لە ئێران، كەسێكی بە باگراوندێكی دینی، عەقڵیەتێكی ئەمنی، باوەر بە ناسیۆنالیستی عێراقی و باوەڕ بووبە حكومەتێكی ناوەندیی بەهێز بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق راسپارد.



ئەو كەسەش عەدنان زورفی تەمەن 54 ساڵە، زورفی لە نەجەف لە دایكبووە و خوێندنی ئیسلامیی لە كوفە تەواو كردووە. ئەو ئەندامی پێشووی حیزبی دەعوەیە، ئێستا سەرۆكی لیستی نەسری حەیدەر عەبادییە لە پەرلەمانی عێراق و لەدوای ساڵی 2003 بۆ چەند جارێك بووەتە پارێزگاری نەجەف.



زورفی وەك عەبادی باكگراوندێكی رۆژئاوایی هەیە، جیاواز لە سەركردەكانی دیكەی شیعە. هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زورفی لە سەردەمی رژێمی بەعس لە ئێران نەبووە، بەڵكو هەڵهاتووە بۆ سعودیە و دواتر بۆ ئەمریكا و لە ویلایەتی میشگن ژیاوە.



دەتوانرێت بوترێت ئەم كەسە هەمان كۆپی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراقە، بەبەڵگەی ئەوەش زورفی سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی نەسرە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەمان كاتیشدا كەسێكی نزیكی عەبادیە، بۆیە پێدەچێت ئەو سیاسەتانەی كە حەیدەر عەبادی لەكاتی خۆیدا بەرامبەر بە كورد پیادەی دەكردن، لە سەردەمی ئەم بەربژێرەشدا جارێكی دیكە ئەگەر دەقاودەقیش نەبێت، بەشێوەیەك لە شێوەكان جارێكی دیكە پیادەبكرێنەوە.



عەدنان زورفی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، وەك پێشتر لە لێدوان و نوسینەكانیدا دەردەكەوێت، زۆر توندە، بەتایبەتی لە دۆسیەی نەوت، بودجە و پەیوەندیە سیاسیەكانی بەرپرسانی كورد لەگەڵ سەرۆك وەزیرانەكانی پێشووتری عێراق، وەك عەبادی، عادل عەبدولمەهدی و مالیكی، هەروەها لە كاتی سەردانی بەرپرسانی ئەمریكاشدا بۆهەرێمی كوردستان، هەڵوێستی توندی هەبووە.



بە خوێندنەوەیەكی كورتیش لەوە تێ دەگەین، عەدنان زورفیش ئەو كەسە نیە كە كورد چاوەرێی دەكرد، بەڵام قسەكە لێرەدا ئەوەیە، لە ئەگەری رازی بونی كورد بەم بەربژێرە، پێویستە بەرپرسانی كورد هەر لە سەرەتاوە رێكکەوتنێكی نوێ و شەفافانەی لەگەڵ ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی ئەمیش بە دەردی سەرۆك وەزیرەكانی پێشوو نەچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستادا عەدنان زورفی سێ تەحدی(ئاڵنگاری ) لەبەردەمیدا وەستاونەتەوە ئەوانیش:



1-بەشێكی سەرەكی پاڵپشتییەكانی عەدنان زورفی، دەوەستێتە سەر كوتلە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان، ئەویش بەوەی تاچەند پشتیوانی لێدەكەن و بەدەردی محمد تۆفیق عەلاوی نابرێت، بەتایبەتی كورد و سوننەكان، چونكە وەك كوردەواری دەڵێت، مانگەشەو سەرلەئێوارە دیارە. هەر لە ئێستاوە بەشێك لە لایەنە شیعیەكان، بەتایبەتی كوتلەی فتحی هادی ئامری، ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای مالیكی و قەیس خز علی، لە دەستنیشانكردنی ئەم كەسە نارازین و دەڵێن بەرهەم ساڵح بەڵینەكەی خۆی نەبردوەتەوەسەر و عەدنان زورفی رەت دەكەنەوە.



2-شەقامی عێراقی و بەتایبەتی خۆپیشاندەران لە دەستنیشانكردنی ئەم جۆرە كەسانە رازی نین، بەڵكو ئەوان دەیانەوێت كەسێكی سەربەخۆ ببێتە سەرۆكوەزیران، ئەمەش وادەكات گرفت بۆ زورفی دروست ببێت و نەبێتە جێگای متمانەی تەواوی هاوڵاتیان.



3- لە هەموو گرنگتریش ئەوەیە تاچەند عەدنان زروفی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەمریكا و ئێران رازی دەكات، كە پشتیوانی لێ بكەن، چونكە وەك دەزانرێت هەریەك لەم دوو دەوڵەتە رۆڵی گەورەی هەیە لەسەقامگیری عێراق و دانانی كەسە یەكەمەكانی عێراق لە پۆستەكاند. بە تێڕوانینی بەندە بەهۆی فشارەكانی ئەمریكا بۆ سەرئێران، كوژرانی قاسم سلێمانی و لە ئێستاشدا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران، رەنگە رۆڵی ئێران كەمێك لە عێراقدا پاشەكشەی كردبێَت، بەڵام دواجاریش دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت و وەكیلەكانی ئێران رۆڵیان لە عێراقدا نەمردووە و هەرماون.



لە كۆتایشدا ئەمەش بەجێ دەهێڵین بۆ رۆژگار و بۆ ئەو 30 رۆژەی كە لەبەردەم كاندیدی راسپێراودا هەیە، بزانین كێ یارییەكە دەباتەوە ئەمریكا یان ئێران.

1053 جار خوێندراوەتەوە