بەیناوبەین ، هاجیسی جەنگی جیهانی سێهەم لە قەیرانە سیاسی و سەربازیە هەرێمی و جیهانیەکاندا زاڵ دەبێت بەسەر میزاجی گشتی کۆمەڵگەکانی دنیادا .
تازەبوونەوەی ئەم هاجیسە ترسناکە لەپاش جەنگی جیهانی دووەمەوە ، بەردەوام لەناو کۆمەڵگەی بەشەریدا ئامادەیی هەیە .
لە قەیرانی ڕەکێتە سۆڤیەتیەکانی کوبا -١٩٦١ دا ، لە داگیرکردنی ئەفغانستان ١٩٧٩ دا ، لە جەنگی کەنداوی دووەم ١٩٩١ دا ، لە جەنگی سربیا ١٩٩٨ ، لە ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ ، لە هێرشەکەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ ی ئەمریکادا بۆ سەر سوریا ، لە تیرۆر کردنی قاسمی سلێمانیشدا ، جارێکی تر ئەم ترسە دەکەوێتەوە ناو بیرکردنەوەی ئاسایی خەڵکەوە .
جەنگی جیهانی چی یە ؟
مەرج نیە لە جەنگی جیهانیدا هەموو نەتەوە و گەلانی دنیا بدەن بەیەکدا و لەناو یەکدا بکەونە شەڕەوە . بەڵام کارتێکردن و ئاسەواری ئابووری ، سیاسی ، فەرهەنگی جەنگی جیهانی گشتگرە نەک گۆڕەپان و سەنگەری جەنگەکە .
جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم گۆرەپانە ڕاستەقینەکە و سەنگەرەکانی لە ئەوروپا و باشووری ئاسیادا بووە . ئەمریکای لاتین ، ناوەڕاست و باشووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، راستەوخۆ بەشداری جەنگەکە نەبوون . بەڵام ئەو قەیرانە ئابووریەی بەهۆی جەنگەوە لەجیهاندا دروست دەبێت سەرتاپاگیرە و کاریگەری قورس و گران بەسەر کۆمەڵگەی بەشەریەوە دادەنێت .
دۆخی پێش جەنگی جیهانی !
بەپێ ی هەردوو جەنگە جیهانیەکەی سەدەی ڕابردوو ، دۆخی سیاسی ، ئابووری ، فەرهەنگی ، کۆمەڵگەی بەشەری پێنج دیاردەی بنەڕەتی هەیە :
یەکەم :
سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری و دارایی . لەناو دەوڵەتانی جیهاندا باری ئابووری توشی رکود و پەککەوتن دەبێت . بێکاری زیاد دەکات و توانای کڕین کەمبدەبێتەوە . ئابووری جیهان ڕوو لەهەرەس و شکست دەکات . توانای دانەوەی قەرزە دەرەکی و نێوخۆییەکانی دەوڵەتان ڕادەوەستێت . بۆنمونە لە پێش جەنگی جیهانی دووەمدا جیهان بە کەسادی ئابووری سیەکاندا تێپەڕی و ئێستاش لە ژێرکاریگەریە خراپەکانی قەیرانی ٢٠٠٨ ی ئابووری جیهانداین .
دووەم :
گەشەی فیکری و مەعریفی لەناو کۆمەڵگەکاندا ڕادەوەستێت . شەپۆلێکی پۆپۆلیسیتی زاڵ دەبێت بەسەر بیرکردنەوەی سیاسی گشتی دا . گوتاری ناسیونالیزمانەی بێ پرۆژەی چارەسەری تەعبیەی بیری سیاسی دەکات . چەمکەکانی عەدالەت و ماف و دیموکراسی پاشەکشە دەکەن . رقلێبوونەوەی مەزهەبی ، نەتەوەیی ، لەنێوان گەلاندا پەرە دەستێنێت . فدراسیۆنە هەرێمیەکان بەرەوهەڵوەشاندنەوە دەچن . بۆنمونە لە جەنگی جیهانی دووەمدا نازیەکانی ئەڵمانیا - هیتلەر و فاشیەکانی ئیتالیا - مۆسۆلۆنی ، ئێستاش بەگشتی لەجیهاندا گوتاری پۆپۆلیستی زاڵە بەسەر سیاسەتی جیهاندا لە هاوشێوەی ترەمپ وبۆریس جۆنسن و ئەردۆغان .
سێهەم :
دروستبوونی توانای بەرپەرچدانەوە ئەو دەوڵەتە بچوکانەی تازە لە ڕووی توانای سەربازیەوە بوژاونەتەوە لەدژی زلهێزەکانی جیهان ، داواکردنیان بۆ گۆڕانکاری لە نەخشە و جیوگرافیای سیاسی جیهاندا . بۆ نمونە لە جەنگی جیهانی دووەمدا ( ئەڵمانیا و یابان ) لەدژی فەرەنسە و بەریتانیا . ئێستاش ئێران و تورکیا لە دژی خۆرئاوا و ئەمریکا .
چوارەم :
پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا . لەهەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا ، بازدانی گەورە بەسەر داهێنان و تەکنەلۆژیای پیشەسازی و سەربازیدا هاتبوو . ئەو توانا پیشەسازیانەی وەک دروستبوونی ماتۆڕی بەنزین و توانای فڕین ، لە پیشەسازی سەربازیدا بەکارهات کە چەکی مۆدێرن بوون و تازە داهاتبوون ، غروری سوپا شەڕکەرەکانی هاندابوو بۆ جەنگ . لە ئێستەشدا توانای جەنگی ئەلەکترۆنی و تەکنەلۆژیای کۆنترۆڵکردن لە دوورەوە و فڕۆکەی درون و چەکی ئەتۆمی ... هتد ، غروری سوپای زلهێزەکانی جیهانن .
پێنجەم :
میحورە بەندی لەسەر ستراتیژی هاوبەش بۆ بردنەوە و داڕشتنەوەی سیاسەت و سیاسەتی ئابووری جیهان لەسەر بنەمایەکی تر . لەهەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا ، چ بە کۆمەڵەی گەلان بێت یان نەتەوە یەکگرتووەکان ، سیاسەتی نوێ ی ئابووری جیهان بنیاتنراوە کە میحوەری براوەکان دایانڕشتووە . پرۆژەی جیهانگیری و نیولیبریالیزمیان بۆ ئابووری جیهان ئەزموون کردووە . لەئێستادا بەهۆی فەشەلی جیهانگیری و نیولیبریالیزمەوەبێت یان ئاسەوارە خراپەکانی بەسەر کۆمەڵگەکانی بەشەریەوە ، ئەو پرۆژەیە بەلای زۆرینەی گەلانی دنیاوە لەدۆخی پەرچەکرداری پێچەوانەدایە و نەیاری زۆری هەیە لەسەر ئاستی جیهان . نەیارەکان میحوەرێکن بۆ سڕینەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پرۆژە زاڵە بەسەریانەوە .
هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی ؟!
زەحمەتە پێشبینی تەواوی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی بکرێت . ئەوەی هەیە ، بەراوردکردنە لەنێوان روخساری جەنگەکانی ئێستا و جەنگە جیهانیەکانی یەکەم و دووەمدا . جەنگی جیهانی یەکەم بە هۆی تەقەکردن و کوشتنی شازادەی نەمسا فرانز فیردیناندوە لە سربیا ١٩١٤ هەڵگیرسا کە نەمساییەکان بۆ تۆڵەکردنەوە هێرشیان کردە سەر سیربیەکان ، روسەکان بۆ پشتیوانی سربیەکان بەشداربوون ، دواتر ئەڵمانەکان و عوسمانیەکان پشتی نەمساییەکانیان گرت لە دژی ڕوسەکان ، بەریتانی و فەرەنسی و ئەمریکیەکان پشتی ڕوسەکانیان گرت لەدژی ئەڵمان و عوسمانیەکان . لە ئێستادا هاجیسی تیرۆکردنی قاسم سولەیمانی ، بەبەراوردکردنی شازادە فرانز و تەداعیاتی کوشتنەکە و پەلکێشکردنی دەوڵەتانی تر بۆئەگەری جەنگەکە ، بەراورد و لێکچوونەکە لەیەکتر نزیکتردەکاتەوە .
جەنگ و یاری !!
بەپێ ی ئەزموونەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم ، تیئۆری جەنگ لێکدانەوە و بۆچوونی سیاسی ، ماتماتیکی ، فەلسەفی جۆراوجۆری لەسەرە .
بەبایەخترینیان تیئۆری یاری ( گەمە ) یە کە سیسیۆلۆجیست و زانای بیرکاری و بیرمەندەکانی وەک ئابووریناس ئێرفینگ فیشەر ، جۆن فۆن فیومانی سیسیۆلۆجیست ، جۆرج پرایس و جۆن ماینمارد سمیس ، لە سەدەی ڕابردوودا ، لێکدانەوەیان بۆ جەنگ کردووە کە بریتیە لە یاری .
یاریکردن ( شەترنج ، دامە ، پۆکەر ) لەسەر دوو بنەمایە ، جوڵەکردن و دەستکەوت ( قازانج)
جۆری جوڵەکان بەپێ ی تەوەقوع و ئەگەرەکانە بۆ بەرانبەر و دەستکەوت - بردنەوە دیاری دەکات . لەناو یاریەکاندا هەموو رووەکانی بەرانبەر بەهەند وەردەگیرێت بۆ هۆکاری جوڵەکانی ، ئینجاکە بەرخود دەکرێت . هەندێک جار یاری تەنیا بە ئیستفزاز و ترساندن دەکرێت بۆ ئەوەی هانی بەرانبەر بدەیت جوڵەیەکی پێ بکەیت کە لە تەوەقوعی تۆدایە و کەلێنێکت بۆدەکاتەوە تا جوڵەی خۆتی پێ مسەوگەربکەیت . هەندێ جاری تر لێ ی دەدەیت بۆ ئەوەی لێتبداتەوە تا ڕووبەرێکت بۆ چۆڵبکات تا بەرانبەر پەرشوبڵاوبکەیت .
بۆیە هەموو یاریەکانی جەنگ مەرج نیە جیهانی بێت ئەگەر لە روخساریشدا هاوشێوەی جەنگی گشتگیربێت ، تەنیا رووبەری ( شەترنج ، دامە ، پۆکەر) ەکە لەنێوان دوو بەرانبەرەکەدا دەزانێت ئەنجامەکەی بۆکوێ دەبات !!!
899 جار خوێندراوەتەوە