سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی ئه‌مریكا له‌ ڕۆژاڤا:


ئه‌مریكا ناچار بو ته‌نها متمانه‌ به‌ شه‌ڕڤانان بكات له‌ ڕۆژاوا.

جێگەی خۆیەتی له‌ چه‌ند خاڵێكدا بە کورتی باس لە رۆڵی ئەمریکا بکەین لە رۆژئاوا.
١. دوای ئەزموونێکی شکست خواردووی تاڵ لەنێوان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەمریکا، لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی دژ بە ڕژێمی بەشار ئەسەد، له‌ یارمەتیی سەربازی و پڕچەک کردن هیچ ئەنجامی نەبوو، به‌ڵكو چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ڕێی ئه‌م گروپانه‌وه‌ ده‌گه‌یشته‌ ده‌ست گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی وه‌ك داعش و به‌ره‌ی نوسره‌. بۆ نموونە، سوپای سوریا ئازاد کە بە بەڵگە سەلمێنرا هاوکارییەکانیان کەوتە دەست گروپە تیرۆریستیەکان. ئه‌وه‌ تەنیا شەڕڤانان بوون توانیان بە پاڵەوانێتی بێوێنە لە بەرەکانی جەنگدا یارمەتی نێودەوڵەتی بە ئامانجی شەڕی دژ بە تیرۆر بەکاربهێنن و نەگاتە دەست تیرۆریستان. بە پێچەوانەی گروپەکانی دیکە. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ئەمریکا بژاردەی نەماو ناچار بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تەنیا مامەڵە لەگەڵ یەپەگەو یەپەژەو دواتر هێزەکانی سوریای دیموکرات بکات.

٢. لە پێنج ساڵی رابردوودا هێزە شەڕکەرانی رۆژئاوای کوردستان تەنیا لە ناوچە کوردنشینەکان رووبەڕووی تیرۆر نەبوونەوە بەڵکو بوونە هێزی زەمینی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی بۆ شکستهێان بە داعش و دواجار تاکو رزگار کردنی پایتەختی داعش، رەققە، بەردەوام بوون. گیانفیدای هێزەکانی سوریای دیموکرات و ‌هێزی پێشمەرگەو شە‌هید بوون و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس بووە بەهۆی ئەوەی داعش لە هێزێکەوە کە لە بۆستن لە ئەمریکاو پاریس و لەندەن و برۆکسل و بەرلین و ستۆکۆڵم کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدا، لەناو ماڵەکەی خۆیدا لەموسڵ و رەققەو دەوروبەری شکستی پێهێنرا. ئێستا جیهان و پایتەختەکانی دەوڵەتانی رۆژئاوا ئارامەو هاوڵاتیانی ئەو دەوڵەتانە لە ئارامیداو بێ ترس دەژین بەرهەمی قوربانی کوردە لە شەڕی دژ بە تیرۆردا.

٣. لە دوو ساڵی رابردوودا چەندین جار دەرفەتی دانوستاندن لەنێوان ئیداره‌ی رۆژئاواو حکومەتی بەشار ئەسەد بە نێوەندگیری روسیاو ئێران و عێراق هەبوو بەڵام لەلایەن ئەمریکاوە شکستی پێهێنرا. ئەمریکا بەڵێنی ئەوەی دا رۆژئاوا دەپارێزێت لەکاتێکدا ئێستا ئەمریکا نەک ئەو ناوچانە ناپارێزێت لە داگیرکاری سوپای تورکیا بەڵکو دەرفەتی گفتوگۆی لە پێگەی هێزەوە بۆ ئیدارەی رۆژئاوا لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەباربرد.

٤. ئەمریکا نەک خیانەتی لە کوردانی رۆژئاوا کرد بەڵکو لە ماوەی دوو مانگی رابردوو بە ناوی رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام و رەواندنەوەی ترس و نیگەرانی تورکیا سەنگەرەکانی بەرگری هێزەکانی سوریای دیموکرات لەسەر سنوری رۆژئاوای کوردستان و تورکیا بە شەڕڤانان روخاند پێی چۆڵکردن. ئەمەش لەم کاتی جەنگەدا کاریگەری گەورەی هەیە لە سنورداکردنی توانای هێزەکانی هەسەدە لە بەرگری کردن لە خاك و خەڵکی رۆژئاوا.

ئەم بڕیارەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان زۆر قورس لەسەر پێگەو سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ده‌کەوێت. ترەمپ جارێکی دیکە ئەو روانینەی تۆخ کردەوە کە ئەمریکا بەرگری لە دۆستەکانی ناکات چونکە تەنیا بەرژەوەندی هەیە نەک هاوپەیمان. لەکاتێکدا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەتایبەت بەرژەوەندی ئەمنی تەواو پێکەوە گرێدراوە بە هاوکاری هاوپەیمانەکانی.

کورد گەلێکی رەسەنی ئەم ناوچەیەو وەک چیاکانی کوردستان رەگی داکوتاوەو بۆ هیچ شوێنێک ناچێت. هەروەک خوازیاری پێکەوەژیان و ئاشتییه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لانی تری ناوچه‌كه‌. نە بەم داگیرکارییەو نە هیچ هێرشێکی دیکە لەناو ناچێت. بەڵکو دەمێنێتەوە. ئەوەی پێویستە پێداچوونەوەی وردە بەشێوازی دروستکردن و بەڕێوەبەردنی هاوپەیمانێتییەکانی لە ناوچەکەدا، لە هەمووش گرنگتر بەهێزکردنی پایەکانی تواناکانێتی لە ناوخۆدا.

به‌شێك له‌ وتاری ڕۆژاڤا ئه‌زمونێك بۆ تێپه‌ڕاندنی گرێی جیۆپۆلیتیكی. .

1646 جار خوێندراوەتەوە