هیچ هاوپەیمانییەکی سیاسی ناتوانێت گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بکات ئەگەر دامەزراوەی تەشریعی پەکخراو بێت یان پەراوێز خرابێت،،

هیچ هاوپەیمانییەکی سیاسی ناتوانێت گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بکات ئەگەر دامەزراوەی تەشریعی پەکخراو بێت یان پەراوێز خرابێت،،

کلیلی شەرعییەت بۆ هەر هاوپەیمانییەک، 
بۆ دەربازبوونی لەو دۆخە چەقبەستووە سیاسییەی یەخەی هەرێمی گرتوە لە بازنەیەکی داخراودا، لە ئێستادا بۆ هەر لایەنێکی سیاسی کە خاوەنی کورسی پەرلەمانیە، مەرجی هاوپەیمانی یان پشتگیری ببەستێتەوە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان وەک (داینەمۆی)گۆڕانکاری،

ئەمە گوزارشتێکی زۆر ورد و پڕمانایە بۆ وێناکردنی نەخشەڕێگایەکی ڕزگاری نیشتمانی،کاتێک دەڵێیت؛

پەرلەمان وەک داینەمۆی گۆڕانکاری؛ڕێک دەست دەخەیتە سەر ئەو جومگەیەی کە ژیانی سیاسی لە هەرێمدا لێیەوە پەککەوتوە،

*نەمانی شەرعییەتی دامەزراوەیی؛
پەرلەمان سەرچاوەی شەرعییەتی حکومەت و دامەزراوەکانی ترە،کاتێک ئەم ناوەندە پەکدەخرێت حکومەت لە حکومەتێکی چاودێریکراوەوە دەگۆڕێت بۆ حکومەتێکی کاربەڕێکەر ،یان دەسەڵاتێکی ڕەها کە هیچ لێپرسینەوەیەکی لەسەر نییە، ئەمەش گەورەترین گورزە لە پرۆسەی دیموکراسی،

*بۆشایی یاسایی و دەستووری؛
ژیانی مرۆڤەکان و گۆڕانکارییە خێراکان پێویستیان بە یاسای نوێ و هەموارکردنەوەی یاسا کۆنەکان هەیە،پەکخستنی پەرلەمان واتە پەککەوتنی چاکسازییە یاساییەکان،نەمانی چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە نیشتمانییەکان بە ڕێگەی یاسایی، دروستبوونی دۆخێک کە تێیدا بڕیاری کەسی و حزبی جێگەی یاسا دەگرنەوە،

*لاوازبونی پێگەی هەرێم بەرامبەر نەیاران؛
کاتێک پەرلەمان نییە، هەرێم وەک قەوارەیەکی بێسەر و بێ بەرنامە دەردەکەوێت،نەیارەکان سوود لەم بۆشاییە دەبینن بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕیارانەی کە دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمن لە ناوەند،نیشاندانی هەرێم وەک ناوچەیەکی ناسەقامگیر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کە ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر پشتگیرییە دیپلۆماسییەکان دەبێت،

چۆن ئەم "کلیلە" بازنە داخراوەکە دەشکێنێت

گۆڕینی ئاراستەی هێز لە حزبەوە بۆ دامەزراوە، گەورەترین و گرنگترین هەنگاوە بەرەو بەنیشتمانیکردنی دەسەڵات و سەقامگیریی سیاسی،ئەم پرۆسەیە بە واتای گواستنەوەی بڕیار و هەژموون دێت لە بازنە تەسکە حزبییەکانەوە بۆ ناو دەزگا فەرمییەکان (وەک پەرلەمان، حکومەت، و دادگاکان)
کاتێک (لایەنێکی سیاسی) مەرجی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەخاتە پێش هەموو شتێک، دەیەوێت (داینەمۆی)بڕیاردان بگەڕێنێتەوە شوێنی ئەسڵیی خۆی،ئەمە وا دەکات هەر هاوپەیمانییەک ناچار بێت لەبری ڕێککەوتنی ژوورە تاریکەکان،مل بدات بۆ سەروەر بوونی یاسا،

لێرەدا پشتگیری ئەو لایەنەسیاسیە وەک بزوێنەری گۆڕانکاری وایە، بۆ داینەمۆی پەرلەمان،ئەگەر هێزێکی سیاسی ئامادە بێت ئەو داینەمۆیە هەڵگیرسێنێتەوە و بەرەو ئامانجی دادپەروەری و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بیبات، ئەو لایەنە سیاسیە دەبێتە کلیلی شەرعییەت بۆی،
ئەمە وادەکات هاوپەیمانییەکە تەنها ڕێککەوتنێکی سیاسی نەبێت، بەڵکو ببێتە پەیماننامەیەکی ئەخلاقی لەگەڵ خەڵک،ئەگەر نا مانەوەی ئەو هێزە سیاسیە لە دەرەوەی ئەو بازنە داخراوە بە سەربەرزییەوە، زۆر باشترە لە بوون بە بەشێک لە شکستەکان.

ئاوارە سلیمان: ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان

35 جار خوێندراوەتەوە