هەستانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان؛ زەرورەتێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و بژێوی خەڵک.

هەستانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان؛ زەرورەتێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و بژێوی خەڵک. 

جەلال ئیسماعیل – باژێروانی مەکۆی دهۆکی بزووتنەوەی گۆڕان

مێژووی سیاسیی هاوچەرخی هەرێمی کوردستان گەواهی ئەوە دەدات کە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩دا تەنها گۆڕانکارییەکی حزبی نەبوو، بەڵکو گۆڕینی چەمکی سیاسەت بوو لە بەرژەوەندیی تەسکەوە بۆ بەرژەوەندیی گشتی. ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی ساڵانێک بەسەر کۆچی دوایی ڕێبەرە مێژووییەکەی، کاک نەوشێروان مستەفا، و ئەو هەورانەی بەسەر ئاسمانی بزووتنەوەکەدا هاتن، جارێکی تر پرسی هەستانەوەی گۆڕان بووەتە ڕۆژەڤی سیاسی و جەماوەری، چونکە ئێستا دۆست و نەیارانی بزووتنەوەکە دانی پێدا دەنێن کە پاشەکشەی پێگەی جەماوەریی گۆڕان زیانی گەورەی بە هاوسەنگیی هێز و پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستان گەیاند و ژیان و گوزەرانی خەڵکی بەرەو خراپی برد. 

لە گەرمەی ئەم پێویستییە نیشتمانییەدا، کاتێک بزووتنەوەکە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو جەماوەر، کارەکتەرێکی خاوەن ئەزموون، دەستپاک و خاکی وەک دانا ئەحمەد مەجید مەیدانەکەی چۆڵ نەکرد و ئەم ئەرکە قورسەی لەم کاتە هەستیارەدا گرتە ئەستۆ. ڕۆڵی ئێستای کاک دانا تەنها وەک ڕێکخەرێک نییە، بەڵکو وەک بزوێنەرێکی ڕاستەقینەی ئاشتکردنەوەی گۆڕانخوازان و کۆکەرەوەی دەنگە ناڕازییەکان دەردەکەوێت. ئەو بەو مێژووە دوورەی لە کارگێڕی و سیاسەتدا هەیەتی، ئەمڕۆ بووەتە چەقی ئومێد بۆ ڕێکخستنەوەی نێوخۆیی بزووتنەوەکە و گەڕانەوەی بۆ سەر ئەو ڕێچکە ڕەسەنەی کە کاک نەوشێروان دایڕشتبوو. بوێریی ئەو لە گرتنەدەستی ئەم بەرپرسیارێتییە لە کاتێکی وادا، نیشانەی دڵسۆزییەکی قووڵە بۆ کوردستان و خەڵکەکەی، چونکە ئەو باش دەزانێت کە بێ گۆڕانێکی بەهێز، مافەکانی هاووڵاتیان هەمیشە لە مەترسیدا دەبن. 

هەستانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەژێر سایەی ئەم هەوڵە نوێیانەدا، تەنها دەستکەوت بۆ حزبێک نییە، بەڵکو بەهێزکردنی پایەکانی هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکانە. کاتێک گۆڕان بەهێز دەبێتەوە، هاوسەنگیی سیاسی دەگەڕێتەوە و دەنگی ڕەخنەگری ناو پەرلەمان دەبووژێتەوە، بەمەش سیستەمی چاودێری و لێپرسینەوە دەبێتەوە بە قەڵایەک بۆ پاراستنی مووچە و بژێوی خەڵک. ئەرکی ئەمڕۆی هەموو دڵسۆزان ئەوەیە کە پشتیوانی ئەم هەنگاوە نوێیانە بن و بزووتنەوەکەی کاک نەوشێروان بکەنەوە بەو سەکۆیەتی کە تێیدا هەژاران و چینە ستەملێکراوەکان دەنگی خۆیانی تێدا دەبیننەوە و چیتر ڕێگە نەدرێت بەرژەوەندیی گشتی بکرێتە قوربانیی ململانێی تەسک. 

وەک ئەرکێکی سەرشانمان لە مەکۆی دهۆک و هەموو ئۆرگانەکانی تری بزووتنەوەکە، داوا لە هەموو لایەک، لە هەوادارانی دێرین و لە گەنجانی تینووی گۆڕانکاری دەکەین، کە پێکەوە خەمی کوردستان بخۆین و پشتیوانی ئەم هەستانەوەیە بین. بزووتنەوەی گۆڕان بەم ئیرادە نوێیەی کە کاک دانا و هاوڕێکانی پێی هاتوونەتە مەیدان، دەبێت بگەڕێتەوە سەر ئەو بنەمایەی کە مرۆڤی کورد سەنتەری بڕیار بێت. 
ژیانی هاووڵاتیان و پاراستنی شکۆی تاکی کورد تەنها بە یەکگرتوویی و بووژانەوەی هێزە نیشتمانییە ڕاستەقینەکان دەکرێت.
 هەستانەوەی گۆڕان و سەرکەوتنی ئەم کاروانە نوێیە، سەرەتای کۆتاییهێنانە بە بێئومێدی و دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە بۆ کوردستانێکی بەهێزتر و دادپەروەرتر.

126 جار خوێندراوەتەوە