1- ئێران
ئێران، رێژەی هەوێنکردنی یۆرانیۆمی (U235) گەیاندوەتە زیاتر لە (60%) بەپێی زانیاریەکانی موساد، ئێران تەنها چەند هەفتەیەکی دەوێت بۆ دروستکردنی
نۆ بۆمبی ئەتۆم.
ئێران یەك وێستگەی کارەبای هەیە کە بە وزەی ئەتۆم کار بکات،
ئەویش وێستگەی بوشەهرە لەسەر دەریای خەلیج، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەم جۆرە
ویستگەیە پارێزراو و سەلامەتە و نابێت لە هیچ دۆخێکدا بۆردومان بکرێت.
دو گرنگترین وێستگەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی (U235) لە ئێران، هەردو
وێستگەی "نەتەنز" لە نزیك قوم و ویستگەی "فوردۆ"ـیە لە نێوان
ئەراك و قوم.
ئیسرائیل وێستگەی نەتەنزی بۆردومان کردوە و بەتەواوی پەکی
خستوە، هەندێك تیشکی ئەلفای کوشندە لە قاتی سەرەوەی وێستگەکە بڵاوبۆتەوە، بەڵام
بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بەئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێت.
وێستگەی ئەتۆمی فوردۆ، لە شوێنێکی سەختی ژێر شاخ دایە، ئەم وێستگەیە
بۆردومان نەکراوە، چونکە بۆردومانکردنی ئەم شوێنە، قورسە و تەنها بە موشەکی
ستراتیجی و تەنها بەئەمەریکا دەکرێت! با چاوەڕێ بین بزانین ترەمپ دەڵێت چی؟!
ئێران، هیچ پڕۆژەیەکی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی هایدرۆجین نیە، کە
زۆر لە یۆرانیۆم ئاڵۆزتر و کاریگەرترە.
2- یۆرانیۆم
یۆرانیۆم، رەگەزێکی کیمیایی زۆر گرنگە، وەك سوتەمەنی بۆ
دروستکردنی وزەی کارەبا و چەکی ئەتۆمیش بەکاردێت، نزیکەی لە (10%)ـی وزەی کارەبای
جیهان سوتەمەنیەکەی یۆرانیۆمە، هاوکات زۆربەی بۆمبە ئەتۆمیەکانیش لە یۆرانیۆم دروست دەکرێن و
هەندێکیشیان لە هایدرۆجین!
یۆرانیۆم کانزایەکی قورسە، چڕییەکەی کەمێك لە خوار چڕی
ئاڵتونەوەیە، بە جۆرێک بارستایی (قورسایی) یەك مەتر سێجا لە یۆرانیۆم، زیاتر لە (19)تۆنە،
لە کاتێکدا قورسایی هەمان قەبارە لە ئاسن تەنها حەوت تۆن و (780) کیلۆگرامە.
رەنگی یۆرانیۆمی سروشتی، خۆڵەمێشیە و لە زۆربەی شوێنەکانی
سەرزەوی بەکوردوستانیشەوە هەیە، یۆرانیۆمی
سروشتی، بە شێوەی سێ فۆڕم یان سێ ئایزەتۆپ هەیە، یۆرانیۆم (U234 - U235- U238) زیاتر لە (99%)ـی
یۆرانیۆمی سروشتی لە جۆری (U238)ـە لە کاتێکدا تەنها لە (0.7%)ـی (U235) و رێژەیەکی زۆر کەمیشی لە جۆری (U234)ـیە.
یۆرانیۆم، یەکێکە لە هەرە بارستە ئەتۆمیە بەرزە ناجێگیرە
تیشکدەرەوەکان، ئەم خەسڵەتەشی وایکردوە بەپێی هاوکێشەی گۆڕینی بارستایی بۆ وزە (E=mc²) لەڕێگەی پەرتکردنی ناوکی گەردیلەکانیەوە بایەخدار بێت بۆ
دروستکردنی وزەی بەرز!
هەمو جۆرەکانی یۆرانیۆم، تیشکدەرەوەن، بەڵام ئەوەی لە
بەرهەمهێنانی وزەدا بەکاردێت، یۆرانیۆمی (U235)ـە، کە بەڕێژەیەکی
زۆر کەم لە (U238) سوکترە، گەردیلەی ئەم جۆرەی یۆرانیۆم کە (92)
(ئەلکترۆن= پرۆتۆن) و (143) نیوترۆنی تێدایە، بە ئاسانی لەت دەبێت و لەڕێگەی
زیادکردنی یەك پرۆتۆنەوە دەگۆڕێت بۆ یۆرانیۆم (U236)، پاشان پەرت
دەبێت و دەگۆڕێت بۆ مادەی (باریۆم و کریپتۆن) لەگەڵ جیابونەوەی سێ پرۆتۆن، یان
دەگۆڕێت بۆ (زینۆن و سترۆنتیۆم) لەگەڵ جیابونەوەی دو پرۆتۆن، هەر پرۆتۆنێکی جیابوەوەش
پەلاماری گەردیلەکانی دیکەی (U235) دەدات و کارلێک دەکات و پاشان زنجیرەیەکی
هێشویی کارلێک دروست دەبێت و لەگەڵ هەر کارلێکێکشدا وزەیەکی گەورە بەرهەم دێت.
پرۆژەی بەرهەمهێنانی وزەی یۆرانیۆم، پرۆسەیەکی ئاڵۆز و هێواشە،
بریتیە لە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی (U235) لەڕێگەی هەوێنکردنی یۆرانیۆمی (U238)ـوە، پرۆسەی
هەوێنکردن لەڕێگەی هەزاران سەنتەفیوژەوە بۆ دەرهێنان و جیاکردنەوەی (U235) لە (U238) ئەنجام دەدرێت، بۆ دروستکردنی وزەی پێویست
بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، تەنها رێژەی لە (3% بۆ 20%) جیاکردنەوە یان
بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی(U235) لە یۆرانیۆمی (U238) پێویستە، بەڵام
بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم، بەرهەمهێنانی لە (90%)ـی یۆرانیۆم لەجۆری (U235)ـی پێویستە.
225 جار خوێندراوەتەوە