ئێمە شکستیان پێدێنین


هەبو و دەبێت، لە کوردستان مرۆڤێکی باڵا بەرز، دەست و مەچەک بە‌هێز، پەنجە و خامە رەنگین، بیر تیژ و بیر جوان، ئازا و ئازاد. چیرۆکی ژیانی چیرۆکی هاتنە دنیا و گەورەبون و پیربون و مردن بو. لەو نێوەندەشدا چیرۆکی ژیان و دادپەروەری و جەنگی دژ بە ستەمکاری فێر بو و ئێمەشی فێر کرد. شتە دنیاییەکانی لە بیر کرد بەڵام قەت ئامۆژگاری باوکی بۆ بەرگری کردن لە هەژاران و زوڵملێکراوان لە بیر نەکرد.

ژیانی ئەو پڕ بو لە کۆچ و گەڕان، دۆزینەوەی جوانی و ون کردنی ناشرینی، هێلانەکردن و پشودان، رۆیشتن و فڕین. مرۆڤ کاتێک بۆ ساتێک رادەمێنێت و بیر لەم ساتە دەکاتەوە وەک ئەوەیە لە نێو ئەفسانەیەکدا بژی. بەڵام ئەو راستی بو و هەروەک بەشێک بو لە چیرۆکی جەنگی مرۆڤ بۆ باشترین شێواز لە ژیان.

بۆ رێگا پریاسکەکەی کۆڵی پڕ کرد لە شیعری نالی و سالم و حاجی قادری کۆیی، سترانی سێوە و مەقامات و حەیران و بەهجەت یەحیا و دانا غەنی و کامکار.

لەو سەفەرەدا ترسی گۆڕی بۆ هیوا، ترسنۆکی بۆ ئازایەتی و گریان بۆ خەندە. ژیانی پڕ بو لە شۆڕش و سەرکێشی. ئەو چیرۆك نەبو، حەقیقەت بو. ئەو خاک و خامە و خەبات بو. تەنیا سەرکردەیەک نەبو بەڵکو ئایدیایەکی بەردەوامە کە هێندەی مێژوی خودی مرۆڤ دێرینە. ئەویش ئایدیای ئازادی مرۆڤە. تا مرۆڤ مابێت دەمێنێت. چۆن لە ژیاندا هەمو گەندەڵ و ستەمکارەکان لە دژایەتی شکستیان هێنا لە مرنیشدا شکست دێنن. ئێمە شکستیان پێدێنین.

648 جار خوێندراوەتەوە