تاوانی کوشتنی ژینا ئەمینی و بیدعەی حیجابی زۆرە ملێ

 ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقزی،  بەسەفەر دەچێتە تاران. لەوێ بەبیانوی پێشێلکردنی ڕێساکانی تایبەت بەحیجابی زۆرەملێ،(لەکاتێکدا مامۆستا حەسەنی ئەمینی زانای ڕۆژھەڵاتی کوردستان کەیەکێکە لەوکەسانەی بەییاننامەیەکییان لەسەر رووداوەکە بڵاوکردۆتەوە باسی لەوە کرد جل وبەرگی ژینا موۆتەششم بوەو ئیسلام ئەو ڕەفتارە رەتدەکاتەوە بەرامبەری کراوە)، پۆلیس قۆڵبەستی دەکات و بەتوندی ئەشکەنجەی دەکەن، تادووای سێ ڕۆژ لەبێھۆشی، گیانی سپارد.

ئێمە وێڕای  ئیدانەکردنی ئەوتاوانە، سەرەخۆشی لەکەس وکارو بنەماڵەوئازیزان و خەمبارانی دەکەین وھاوخەمی خۆمانیان پێدەگەیەنین.  و دۆعاخوازیشین پەروەردگار بیخاتە سایەی سۆزو لێخۆشبوونی خۆیەوە.

دوای ئەمە
 دەخوازم بەم بۆنەیەوە سەرنج بۆلای کێشەی حیجابی زۆرە ملێ لەدنیای نوێدا ڕابکێشم. سەرەتا دەبێت سەرنج بۆ ئەوە ڕابکێشم کە لەدیدی ئیسلامییەوە، باڵاپۆشی پەیوەندی بەئیمان و قەناعەتی ئافرەتی باوەڕدارەوە ھەیە. ڕێگەکەشی ڕۆشنبیرکردن و بانگەشە بۆکردن وھاندان و پەروەردەکردنە، نەك توندوتیژی وسەپاندن.

ھەربۆیە حیجابی زۆرە ملێ لەڕێی بەکارھێنانی زەبرو زۆری دەوڵەت بۆ سەپاندنی، جگە لەبیدعەیەکی ئەم سەردەمەی بێ پێشینە لە مێژووی ئیسلامیدا، ھیچیتر نیە.

رەنگدانەوەیەکی نەرێنی بەئایدۆلۆژکردنی ئیسلامە لەلایەن ھەندێ بزاڤ و بیرمەندی ئیسلامی نوێوە، لەژێرکاریگەری ولاسایی کردنەوەی ھەندێ ئایدۆلۆژیای مۆدێرن و لەوانەش مارکسیزمد! بەحوکمی ئەوەی ئایدۆلۆژیا لەڕێی دەوڵەتەوە دەسەپێنرێت بەتایبەتیش لە وڵاتە نادیموکراتەکانی ھاوشێوەی وڵاتە کۆمۆنیستەکان. ئەگەر بیانوی حیجابی زۆرەملێ پاراستنی ئەخلاقی کۆمەڵگە بێت، ئەوا نەك  ھەرنابێتە ھۆی پاراستنی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، بەڵکو زیاتر لاوازی دەکات و کۆمەڵگە بەرەو ھەڵوەشانەوەی زۆرتر دەبات.

بەحومی ئەوەی لەم سەردەمەدا، حکومەتی ئەخلاق و دینسەپێنەر، بەپێچەوانەی ھەندێ دیدی رووکەش لە بازنە ئیسلامی و ناوەندە دینییەکەدا، کۆمەڵگەیەکی دین لاواز وپڕکێشەی ئەخلاقی بەدوای خۆیدا دەھێنێت، بەحوکمی ئەوەی دین و ئەخلاق بەسروشتی پێکھاتەو  سروشت و ئەرکیان قابیلی سەپاندن نین، بۆیە  کاتێك ھەوڵی سەپاندنییان دەدرێت، دووچاری شێوان دێن و کاریگەریشیان کەم دەبێتەوە، کۆمەڵگەش لەگەڵ ناسنامە دینی وئەخلاقییەکەیدا دووچاری کێشە دەکات و  لەجییاتی چارەسەر دەبێتە سەرچاوەی چەندین کێشە. 

تاکۆمەڵگەش زۆرتر نوێبووبێتەوە ھاوشێوەی ئێران، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم دۆخە بۆسەر تاك وکۆمەڵگە گەورەتر دەبێت، بەحوکمی گۆڕانکاریی لەو چاوەڕوانییانەی لەئاین ودەسەلات ووێناکردنی خود وەك کائینێکی خاوەن ماف و کەرامەت، لەبیرکردنەوەی تاکەکاندا پەیدا دەبێت، واقیعی ئێستای کۆمەڵگەی ئێرانیش لەم ڕوەوەباشترین بەڵگەیە.

275 جار خوێندراوەتەوە