زمانی کوردیی لە کوێی؟ زمانەکانی تری جیهانە.

شێوەزاری سۆرانیی کوردیی، بە یەکێک لە ئەندامانی زمانی وەرگێڕانی گوگڵ بوو. ئەم هەواڵە چەند جێ و هۆی دڵخۆشییە زیادتر خەمهێنە. پێوویستە تاکی کوردیی، لایەن و دەستگەی پەیوەندیداری وەکوو زانکۆ، ناوەندەئەکادیمییەکان و هەر کەسێک خۆی لە بەرانبەر کلتوور و زمانی کوردییدا خۆی بە پەرۆش و لێپرسراو دەزانێت، بە ئاگا و جووڵە بهێنێت.

 ناکرێت، زمانێکی دەوڵەمەندی خاوەن یەکەمین نیشتیمانی مرۆڤایەتیی لەسەدەی بیستوویەکدا، هێشتا نەتواندرێت بە پێوانە و ستاندار بکرێت_ شێوەزاری ڕووبەرێکی بچووک و کەمقسەپێکار، جوودا بکرێتەوە و بە ئەندامی زمانانی جیهانیی ببێت. ئەمە هێندەی تر پەردەی شانۆییی نەخۆشکەوتن و مەترسیی لەناوچوونی زمانی کوردیی، لا دا! هەروەها بێخەمیی و بێمووبالاتی دەستەڵاتی کوردیی لە سیساڵی ڕابردوویدا، ڕوونتر دەکاتەوە. دەستەڵاتێک، بە بیریدا تێپەڕ نەبووە و نەهاتووە: زمانێکی یەکگرتوو دەستەبەری یەکێتیی و پێکەوەییی، لەبەرانبەریەکتریی هەستی بەرپرسیارێتیی نەتەوەیە.

ئەم باسە، جارێکی تر بۆ ڕەهەندێکی تری لە دوای ڕاپەڕینەوە ئاوکێشی دوودەستەڵاتداریی و بیری بەڕێوەبردن، دەستمان دەگرێت. دەستەڵاتی کوردیی حیزبیی، لەو مێژووەوە بە ئاشکرا هەوڵی جیاکاریی و وانەدادان بەوەی دوودەستەڵاتداریی هەیە و هێڵی دوورکەوتنەوە و خۆپارێزیی لەگەڵ یەکتر بدات، بە بێگوومان نەک بیر لە زمانێکی یەکگرتووی کۆکەرەوە و سڕەرەوەی شێوەزاری سرووشتکرد ناکاتەوە، بەڵکوو_ لە ڕێگەی قوڵکردنەوەی لەیەکترنەچوونەوەوە، زیادتر ئەمە بە قوربانیی دەکات و ئەم جووداوازیی شێوەزارەی بە یەکەمین و سەرەتاییترین میکانیزم کردووە.

 زمانی کوردیی، لە کوێی؟ زمانی تری جیهانییدایە!
 پێشوەڵامی ئەم پرسە، پرسێکی تر خۆی قوت دەکاتەوە: ئایا زمانی تری جیهانیی، زمانێکی نادەوڵەمەندی یەکشێوەزارن و بێ بەرنامەڕێژیی و بە پێوانەکردن و پوختەکردنی سرووشتکردێکی پووخت و پاڵفتەیە و زمانی کوردیی بەم هەموو شێوەزار و دابەشبوونەی بەسەر جوگرافیای بچووک و فرەیییەیدا، دیاردەیەکی زمانیی نامۆ و نەبووە و بە هۆی ئەم لێکترازانەخۆیییەشی بووە؟ گەر ئەمە درووستە بەڵێ یەکگرتوویی زمانی کوردیی نەکردەیە و بیرکردنەوە و دەستبۆبردنی تەقینەوەی کۆمەڵایەتیی و کلتووریی ڕوو دەدەن، نیشتیمان لە بەرانبەر پارچەپارچەبوون و دۆخی مەرگ دادەنێن! ئەمە تەواو پێچەوانە و بە هۆشدا نەچووە! هەر زمانێکی دوونیا، فرەشێوەزار و دەوڵەمەندە. بەڵام خەمی دەستەڵات و وڵاتداریی و نیشتیمانسازیی بە زمانێکی پاراو و بە خزمەتیان کردوون.

 گەر بە خەمی دەستەڵاتبوونی زمان، حوکوومداریی و نیشتیمانسازیی بە فلتەر بکەین، کە زمانی تری زیندوو و بەردەوام لەگەشەکردن، پێیدا تێپەڕ بوون و دەبن، ڕوونی دەکاتەوە: زمانی کوردیی لە هیچ کوێی زمانی تری جیهاندا نییە، بەڵکوو کولەمەرگیی، لە پەراوێز و هەڕەشەی لە ناوچووندا هێشتۆتێوە و مەرگ، لە دەرگەیدا وەستاوە، کە هیچ زمانێکی تری خزمەتکراو بە پێوانەکردن، لەم دۆخەدا نییە.

ناوەندەزانستیی و یەکادیمییەکان
 دەستەڵات و نااەندەئەکادیمییەکان، دووڕی دراوێکن و لە خاڵێکدا یەکتر دەگرنەوە. کاریگەریی لەسەر یەکتر جێدەهێڵن. گوتراو و دەستەواژەی'' دەستەڵاتی کوردیی حیزبیی" لەو ڕەهەندەوەیە جگەلە خۆخوێندنەوەیەکی نەرجسییانە فەلسەفەیەکی تری نییە. بۆ ئەمەش کۆی ناوەندەزانستیی و ئەکادیمییەکان، هیی ئەو و بۆ ئەو دەبن، یان نین و نابێت ببن. کادیر و ڕۆڵگێڕەکانی بۆ ئەم فەلسەفەیە کار دەکەن، یاندەبێت کاری بۆ بکەن، دەنا بێ کار دەبن. جێیان نابێتەوە.
 هۆی ئەم مۆنۆپۆلەحیزبییە، بە ویستی کارەکتەر و ڕۆڵگێڕەکانی ئەم ناوەندانەدا تێپەڕ بوون و دەبن. ئەمانە حیزبین یان حیزبێندراون. لە ڕێگەی ئەمانەوە ڕاستەوخۆ بە حیزبەوە گرێدراون. زانکۆکان، باشترین نموونەن! کە دەتوانن ڕۆڵی مەزن و کاریگەر بۆ زمانی کوردیی، هاوئاهەنگ لەگەڵ دەستەڵات بگێڕێت. بەڵام کە ویستی نەما، لە ناوەندێکی زانستیی پارێزگار و چاودێرەوە بۆ بارەگایەکیی حیزبیی گۆڕدرا، ناسنامەکەی وەکوو ئێستا دەدۆڕێنێت.

 دۆڕانی ئەم ناسنامەیە کارەساتی گەورە و ماڵوێرانکار بە دوای خۆیدا دەهێنێت. پرۆسێسی خوێندن و فەلسەفە و گرینگیی بوونی ئەم ناوەندە، کادیر و تاکی پێگەیشتوو درووست ناکات. نابێت بە هۆی بەرهەمهێنانەوە هۆشیاریی نیشتیمانیی، لە بنەڕەتی نیشتیمانسازییە_ بە ئاڕاستەیەکی تر لە تواناهۆشیی و جەستەییەکانیشی بەتاڵ دەکاتەوە. بە جۆرێک گەر بخوازرێت بەشی یەکەمی هاوکێشەکە کە نیشتیمانسازییە بە گەڕ بخرێت( کە ئێستا کوردستان و باشوور لە قەیرانی نەبوونیدایە) درووست دەکات.

 کەوایە: ئەم پێکداچوون و ئاڵۆزیی دۆخە، لە ئەنجامی نەبوون یان کاربۆکردنی دەستەڵاتی کوردیی هەموو لێی بەرپرس دەبێت، دەستەڵاتێکی گەندەڵ، سیستەم و فەلسەفەی حیزبیی بە گەڕ دەخات، ناوەندەزانستیی و ئەکادیمییەکان لە بەردەم ئەم ویستەبەرپرس دەکات، لە کۆتایییدا تاکێکی ناهۆشیاری هیچپێگرینگنەبوو بەرانبەر بە کۆی کایەکۆمەڵایەتییەکان، کلتوور و زمان بە خۆی پەروەردە دەکات. دەیخاتە خزمەتی حیزبسەنتەریی خۆخوێندنەوەیەکی نەرجسییانەوە!

 سیاسەتی نیشتیمانیی زمان
 نیشتیمانسازیی، دەوڵەتداریی و تا بەڕاست و بەرجەستەبوونی دەوڵەتیی کوردیی، بە بوون و دەستەبەریی سووپای مەعنەویی کە زمانە تێپەڕ دەبێت. زمان، پێوویستیی بە سیاسەتی نیشتیمانیی هەیە. کە کۆی یەکەبەڕێوەبەریی و یاساییەکان، کایە و ناوەندەزانستییەپەیوەندیدارەکان، بەرپرس بەرانبەر بە خۆی، دەکات. لە هەنگاوی یەکەمیدا لە دەستی حیزب قوتاریان دەکات. ناسنامەڕەسەنەکەیان پێ دەداتەوە! لە سیاسەتیی نیشتیمانیی زاماندا و لە باروودۆخێکی لەم جۆرەدا، ئاوەڕشاوەکە بۆ سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە. تاکی هۆشیار بەرانبەر کۆی پرسەکۆمەڵایەتیی و نیشتیمانییەکان، بە دید و تێڕوانینێکی درووستی کۆمەڵایەتیی و نیشتیمانییانە، درووست و ئامادە دەکات. کە ئەم هەنگاوە، سەرەتای نیشتیمانسازییە. نیشتیمانسازییش لە سک و منداڵدانی شۆڕشی فرەڕەهەندی هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی و تاکسازیی، لە دایک دەبێت.

 سیاسەتی نیشتیمانیی زمان،کوردیزان و خەمخۆرانی کۆ و مۆڵ دەکات. ڕۆڵی زیادتریان پێ دەدات و بۆچوون و تێڕوانینان، بە بۆچوون و تێڕوانینی جێبایەخ، وەر دەگرێت... لە ئەنجامی ئەمەدا: کۆی تاکی کۆمەڵی کوردەواریی ئەرکدار دەکات.

 جارێکی تر و هەنگاوێکی تر بۆ دواوە پێوویست دەبێت، تا بگوترێت: ڕێی ئەم سیاسەتی نیشتیمانیی زمانە و نیشتیمانسازییە، دەچنەوە دەستەڵات... دەستەڵاتیی کوردیی حیزبیی خۆخوێنەرەوەی نەرجسییانە. ئایا دەستەڵات، بوار دەدات؟ پێیدا تێپەڕ ببێت! خۆی دەخاتەبەر ئەم نەشتەرەوە! یان دەبێت شۆڕشی فرەڕەهەندی هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی و تاکسازیی بە کاوەخۆ و سەربەخۆیانە، بە دەر لە دەستەڵات و ویستیی، خۆڕسکانە سەرپێ بکەوێت.

ئەنجام:
یەکەم: زمانی کوردیی، یەکێک لە زمانە دەوڵەمەندەکانی دوونیایە.
دووەم: زمانی کوردیی، لە پەراوێزی زمانەجیهانییەکاندایە، تەنانەت مەرگ لە بەردەرگەیەتی.
دووەم: زمانی کوردیی، لە باشوور( کە شێوەزاری سۆرانی زۆرتر لە م سنوورەدایە) قوربانیی دەستی دەستەڵاتی کوردییە.
سێیەم: ناوەندەئەکادیمیی زانستییەکان، کادیر و ڕۆڵگێڕێکی ناسەربەخۆ، یان حیزبین، هەروەها باشترین هۆی بە حیزبییکردنیشیانن. لە بری کادیر و تاکی نیشتیمانیی بەرپرس، بە پێچەوانەوە بەرهەم دەهێنن.
چوارەم: بەم باروودۆخەکۆمەڵایەتییەدا، بە هۆی دەستەڵاتەوە، هەموو لەگەڵ خۆیدا تێوە دەگلێنێت.
پێنجەم: بۆ ڕزگاربوون، پێوویست بە سیاسەتێکی نیشتیمانیی زمان، دەبێت. کە خۆی لە چوارچێوەی نیشتیمان سازییدا دەبینێتەوە.
شەشەم: نیشتیمانسازیی، نەشتەرە و دەبێت دەستەڵاتی کوردیی لەبەرانبەریدا بوەستێت و بوار بە تێپەڕبوونی بدات.

360 جار خوێندراوەتەوە