بزووتنەوەی گۆڕان و پیرسترۆیكا

مرۆڤەكان لە شكست دەترسن، هەندێك جار ئەو شكستە دەیان و سەدان خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، كێ هۆكاری شكستەكەیە؟ بۆچی شكستمان هێنا؟ دیاریكردنی هۆكارەكان دەبێتە هەوێنی ئەوەی كە چیتر ئەو شكستە دووبارە نەكەیتەوە و ھەستیتەوە.


لە مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، حیزب و دەستە و كۆمەڵ نەبووە، تووشی نسكۆ و ئاشبەتاڵی نەبێت، هەر لە خستنە چاڵ و شاردنەوەی چەكی شانی پێشمەرگە تاوەكو هەڵهاتن و پەنابردنە بەر دەوڵەتانی سەركردەكانمان.


بزووتنەوەی گۆڕان هێزێكی جەماوەری تۆكمەیە و بە باوكی ئۆپۆسیۆنی هەرێمی كوردستان ناودەبرێت. لەم هەڵبژاردنەدا "نسكۆ"یەك بەرۆكی گرت و دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا و بە لای زۆربەی خەڵكەوە ئەوها باس دەكرێت كە گۆڕان كۆتایی هات.!


كۆتاییھاتن واتە وشكبوون و بڕینی ڕەگەكانی ئەو بزوتنەوەیە، هیچ هێزێكی سیاسیش بۆ ئەبەد تاوەكو تاكە دەنگدەر و ئەندامێكی مابێت كۆتایی نایەت، ڕاستە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمایەكی فكری و تیۆری قوڵ بنیات نەنراوە، بەڵام هەر تاك و هێزێكی سیاسی بیەوێت گۆڕانكاری بكات، دیسان دەچێتەوە سەر خەزێنەكەی بزوتنەوەی گۆڕان.


گۆڕانكاری لە کوردستان هەرگیز كۆتایی نایەت، چونكە بزوتنەوەی گۆڕان بە خەڵكی وت فێری گۆڕانخوازی بن، نەریتی سزادانی پارتە سیاسیەكان خودی گۆڕان دایهێناوە، هەر بۆیە هەر سزادان و پاداشتێك بۆ گۆڕان دەبێت پێشوازی لێبكرێت.


كۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی سۆڤێت لە حوزەیرانی 1987 كۆبووەوە، میخائیل گۆباچۆڤ پێشنیازی كرد كە هەیكەلی وڵات دابڕێژنەوە (پیرسترۆیكا) بۆ ئەوەی یەكێتی سۆڤێت پێداچونەوە بە سیاسەت و ئابوری وڵاتەكەی بكاتەوە، ڕاستە یەكێتی سۆڤێت چەند ساڵێكی كەم دوای ئەوە هەڵوەشایەوە، بەڵام ئەو بناغەیەی كە دایڕشت دواتر بوو بە هەوێنی ئەوەی كە چەندین سەركردەی ڕووس و دیارترینیان سەركردەیەكی باڵای وەكو ڤلادمێر پوتن، وڵاتەكەی لەشكست و نسكۆ هەستێنێتەوە و دواجار بوو بەو ڕووسیایەی ئێستا دەتوانێت بە بڕیارێكی، یاری بە چارەنوسی ملیۆنان خەڵك بكات.


مەرج نییە هەر بیروباوەڕێك لە قۆناغێكدا بوەستێت واتای ئەوە بێت كە لەناوچووە، بەپێچەوانەوە هەندێك وەستان واتای پشوودان و بەخۆداچوونەوە دێت.

لە وڵاتانی پێشكەوتوو و تازە پێشكەوتوودا بە دەیان حیزب و لایەن لە هەڵبژاردنی چارەنووسازدا دۆڕان و شكستی گەورەیان تۆماركردووە، بەڵام دواتر بە دەستنیشانكردنی شكستەكانی نەك هەستاونەتەوە، بگرە پاش چەندین ساڵ جڵەوی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، ئەمەش لە كاتێكدا زۆرێك لەو سەركردانە كاتێك شكستیان هێناوە، دەستبەجێ بە داوای لێبوردنەوە كشاونەتەوە،هەربۆیە گۆڕان بە دەست لەكار كێشانەوەی سەركردەكانی نمونەیەكی جوانی دیموكراتی بەخەڵك پیشان دەدات كە لە مێژووی هەڵبژاردنی عێراق و ناوچەكەش دەگمەنە.


لەم قۆناغەی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان، چەندین گەنج هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخسا كە خۆیان لە بەرپرسیاریەتییەكی گەورەتر لەخۆیان ببینن، بەڵام كە نەیانتوانی یاخود قورس بوو بەلایەنەوە بارەكەی سەرشانیان باش ڕابگرن، لۆمە ناكرێن، بەڵكو كەسە بەئەزموونەكان زیاتر دەكەونە بەر نەشتەری ڕەخنە كە چەندین ساڵ سەرقاڵی سیاسەت بوون. بە ئەزموون ئەوە سەلمێنراوە.


دەكرێت بە چەند هۆكارێك شكستەكەی بزووتنەوەی گۆڕان باس بكرێت:-

1- نەبوونی گوتاری سیاسی یەكگرتوو.
2- دووركەوتنە لە هەناسەی   ئۆپۆزسیۆن.
3- ڕێكکەوتن لەگەڵ پارتی لە هەولێر، یەكێتی لە سلێمانی و ئیسلامییەكان لە شارەزوور.
4- ڕاگەیاندێكی پەرتەوازە.
5- دووركەوتنەوەی ئەوانەی كە پێشتر لەناو بزووتنەوەكە كاریان كردووە و ئامادەنەبوون بانگەشە بۆ بزووتنەوەكەیان بكەن.
6- دووركەوتنەوەی چەندین سەركردەی كارێزما و كاریگەری بزووتنەوەكە.
7- باڵی رێفۆرم و بزووتنەوەی گۆڕان هەمیشە شەڕی دامەزراوەیان دەكرد، كەچی تاوەكو ئێستا گۆڕان خۆی لە ڕووی دامەزراوەییەوە لاوازە.
8- رێژەیەكی بەرچاوی بایكۆتی دەنگدەران، كە زۆربەیان دەنگدەری كۆنكرێتی گۆڕان و لەبەر تێكچوونی دۆخی نا ئاسایی گۆڕان كپوكڕ لێی نیشتوون.
9- لە دوای مردنی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە یارمەتی وڵاتانی هەرێمی بۆ تواندنەوەی گۆڕان حیزب و هاوپەیمانی دیكە راگەێنرا.
لێرەدا ئەوە بەدەر دەكەوێت كە سەرجەم ئەوانەی كاندیدی بزووتنەكەوە بوون، قوربانی دەستی سیاسەتی ناڕوونی بزووتنەكەن.

 

هەر بۆیە لەم دۆخەی ئێستای گۆڕاندا، دەبێت گۆڕان:-

1- هەیكەلی نوێ بۆ بزووتنەوەكە دابڕێژن.
2- كەسانی خاوەن فكر و پرۆژە بهێننە پێشەوە.
3- پلانی داهاتوو دەستنیشان بكات.
4- گۆڕانكاری لە زۆربەی ئۆرگانەكانی حیزبەكەی بكات.
5- ئاشتەوایی سەرتاسەری بۆ كەسەكانی خۆی ڕابگەێنێت.
6- كۆنفرانسێك بەناوی (داهاتووی گۆڕان بەرەو كوێ؟) ببەستێت و چەندین خەڵكی ئەكادیمی لێكۆڵینەوەی خۆیان بۆ بنێرن.
7- تاکە ھیوای گەڕاندنەوەی دەنگدەرە نیگەرانەکانی گۆڕان کە دەنگیان بە لایەنەکانی دیکە داوە، گۆڕانکاری ریشەییە لە بزوتنەوەکەدا و گێڕانەوەیەتی بۆ ئەو پێگەیەی دەنگدەران دەیانەوێت و ھیوایان پێیەتی.
8- لیژنەیەکی باڵا پێکبھێنرێت و دەسەڵاتی تەواوی پێبدرێت بۆ گۆڕانکارییەکان و پێداچوونە بە ھەموو پەیوەندی و رێککەوتنەکان.
9- میدیای گۆڕان لە ریشەوە بگۆڕدرێت و دەزگایەکی نوێی میدیایی پێکبھێنرێت کە ھەڵگر و گوازەرەوەی گوتاری نوێی گۆڕان بێت.
10- واژۆکردنی بەڵێننامەیەک (میساقی شەرەف) و بڵاوکردنەوەی بۆ رای گشتی، کە بزوتنەوەکە جارێکی تر لە بنەماکانی لانادات و ھەرکەسێکیش لە ھەر ئاستێکدا پێشێلیان بکات دووردەخرێتەوە دەکرێت.
11- هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی رێكەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.

بەم رێگایانە و دەیان ڕێگای دیكە دەتوانن گۆڕان بخەنەوە سەر رێچكەی جارانی.  ئەگەر هێشتا بیروباوەڕی گۆرانخوازی لە رۆحی سەرجەم هەڵسوڕاوان ماوە، كۆڵدان نەخوازراوە، بەرەو پێشچوون مەرجی پێشوەخت بێت، بیرمان نەچێت گۆڕان دەبێت وەكو هەمیشە لەگەڵ خەڵك راستگۆ بێت، باشترین سیاسەت لەگەڵ جەماوەر سیاسەتی ڕاستگۆییە.

570 جار خوێندراوەتەوە