کورد وەک سپیکاری ڕووی ڕەشی جۆلانی

لەوەئەچێ ئەمریکا و ئەوروپا هاوپەیمانییەکەیان لەگەڵ کوردا لە ڕۆژئاوا تەنها بۆ ڕوخان و کۆتایهێنانی داعش نەبووبێ، بەڵکو ئاماژەکان زیاتر بۆ ئەوە ئەچن کە نیازی ئەوان زیاترە لەوەو ئەیانەوێ ڕووە تیرۆرستی و تینوو بەخوێنەکەی جۆلانی و دەسەڵاتەکەی بە کورد سپیکەنەوە.

دوای هەر کۆمەڵکوژییەکی جۆلانی و دەسەڵاتەکەی، ڕاستەوخۆ بەناوی دانوستان و لێکتێگەشتن دانیشتنێکیان لەگەڵ دەسەڵاتە لیبراڵ و ئاشتیخوازەکەی ڕۆژئاوا و جەنراڵ مەزڵوم عەبدیا بۆ ڕێکئەخەن، هەتا بیکەن بە ڕۆژەڤی مێدیا جیهانی و ناوخۆییەکانی سوریا، لەوڕێیەوە هەم تووڕەی ئاشتیخوازانی جیهان و هەم تووڕەی ناوخۆی سوریاشی پێدابمرکێنەوانێ.

باش بیرمان ماوە لەسەروبەندی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی عەلەوییەکانا بەدیاریکراوی لە ١١ی مانگی سێی ئەمساڵ، ئەوروپی و ئەمریکییەکان، لەژێر سەرپەرشتی خۆیان ڕێکەوتنێکی ١١ خاڵیان بە جەنراڵ مەزڵوم و جۆلانی واژۆکرد.
لەڕاستییا ئەو واژۆکردنە تەنها مەرەکبی سەر پەڕەکان بوون و لەسەر زەوی بەکارنەکرا، چونکوم مەبەستی پشتی ڕێکەوتنەکە هێورکردنەوەی بارودۆخەکە پڕ مەترسی و ئاڵۆزەکەبوو کە لە دژی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی عەلەوییەکان هاتبووە ئاراوە.
ئەوکاتە دەسەڵاتەکی جۆلانی هەروەک ئەوەی پەیامێکی ئاسمانی بەدەستگەشتبێ بۆ کۆتایهێنان بە بنەچەی عەلەوییەکان لە سوریا لە هیچ شتێ سڵی نەئەکردەوە، هەزاران عەلەوی بێ بەزەییانە بەدەستی گرووپە تیرۆرستیەکانی پێکهێنەری دەسەڵاتەکەی جۆلانی کوژران و ئاوارەکران.

ئێستاش ئەوروپا وە ئەمریکا بەدیاریکراوی لە ڕێی “تۆماس باراک” نوێنەری سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ ناوچەکە نیازییانە هەمان سیناریۆکەی پێشوو دووبارەکەنەوە، دوای ئەو هەموو کوشتار و سوکایەتیەی کە بەرامبەر پیرو گەنجی درووزەکان کردیان دانیشتنێکی هاوشێوەی ئەوەی مانگی مارسی ئەمساڵ لەنێوان دەسەڵاتی خۆسەر بە ڕابەرایەتی جەنراڵ مەزڵوم و دەسەڵاتە توندهاوێژە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکەی جۆلانیا دووبارەکەنەوە، دیسانەوە تووڕەی ئازادیخوازانی جیهان و ناوخۆی سوریا لەوڕێیەوە دامرکێننەوە، کە ئەمەش سەرکەوتن بۆ جۆلانی و خواردنەوەی پێکێ ژەهرە بۆ کورد.

تۆماس باراک کە بازرگابێکی چاوچنۆک و بەڕەچەڵەک عەرەبی مەسیحی لوبنانە، لە ئێستایا زیاتر وەک ڕاوێژکاری پەیوەندییە گشتی و دەرەکییەکانی محەمەد جۆلانی دەرەکەوێ نەک نێردەی دۆناڵد ترەمپ، ئەو لەبری یەکخستنی سورییەکان و کارکردن و هاندانی دەسەڵاتدارانی دیمەشق بۆ بەشدارتپێکردنی کۆی پێکهاتەکانی سوریا لە حکومەتێکی بنەکەفراوانا، لێدوانەکانی زیاتر خزمەت بە بەرژەوەندی حکومەتەکەی جۆلانی ئەکات، لەبری هاندان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی لە نێوان ڕۆژئاوا و سوەیدا بۆ ڕەوانەکردنی هاوکاری، باس لە توانەوەی هێزەکانی هەسەدە لەناو بەناو سوپای سوریا ئەکات، کە لەبنەڕەتا ئەو سوپایە هەر هەمان گرووپە تیرۆرستییەکانی پێشووی ناو “تحریر شام”، قاعیدە، داعش، حەمزات و حەمشاتن، لەکاتێکا هێزەکانی هەسەدە ڕەنگاوڕەنگترن، ژن پێکهاتەیەکی سەرەکی ئەو هێزەیە، بەژمارەی شەڕڤان زۆر لە بەناو سوپاکەی جۆلانی گەورەتر، ڕاهێنراوتر و پڕ چەکترن.

لە ئێستایا ئەبێ هەسەدە زۆر وریاتر لەجاران مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەیا بکات، ئەو دەرفەتە نەیاتەوە بە جۆلانی بۆ سپی کردنەوەی ڕووی تاریک و دەستی خوێناوی خۆی لەدوای کوشتار و سوکایەتی پێکردنی درووزەکان، لە ئێستایا کاتکوشتن بۆ هەسەدە سیاسەتێکی ژیرانەیە، کرمتر بەدەم داواکەی تۆماس باراکەوە بچن، کە لەبنەڕەتا داوای تورکیا و قەتەرە. ئاماژەکانیش بۆ ئەوە ئەچن لەڕێی ئاسانکاری بۆ گرێبەستی بازرگانی کۆمپانیاکانی نوێنەرەکەی ترەمپەوە سەرکەوتووبووبن لە کارکردنە سەر وتار لێدوانەکانی نێردەکە، کە ئەمە بۆ سیاسەتی ئێستای سەردەمی ترەمپ نامۆ نییە، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی مانگی پێنجی ئەمساڵا بینیمان کە چۆن گرێبەستە بازرگانییەکان توانیان ڕێڕەوی سیاسی دۆناڵد ترەمپ بەرەو ئەو ئاڕاستەیەببەن کە سعودیە و تورکیا-قەتەر ئەیانخواست. ترەمپ دەستی خستە ناو دەستی محەمەد جۆلانی گەورە تیرۆستی داواکاروای ئەمریکا کە دە هەزار دۆلار بەرامبەر سەری دانرابوو بۆ هەرکەسێ بیکوژێ یان زانیاری دروستی لەسەر بدات، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆکێکی ئەمریکابوو لەگەڵ سەرۆکێکی سوریا لەدوای ٢٥ ساڵا، لەبەرئەوە دووبارە بوونەوەی هەمان سیناریۆ ئاسانترە و تێچووەکەشی کەمترە.

ئەبێ هەسەدە باش لەوە تێبگەشتبێ کە لەدوای عەلەوی و درووزەکان نۆرەی کوردە، جۆلانی زۆر زیرەکانە هەنگاو ئەنێت بۆ بنیاتنانی سوریایەکی یەک ڕەنگ، یەک ئاین، یەک مەزهەب و بگرە یەک نەتەوەش، ئەو کە ئیسلامێکی سونی سیاسی توندهاوێژە، هەڵگری بیری جیهادییە،  لەزیندانا فەقێی بەردەستی "ئەبو مسعەب ئەلزەوقای" و دەڕچووی قوتانخانەی ئەلقاعیدەیە ئاستەمە بتوانێ بڕوا بە دیموکراسی و پێکەوە ژیانی گەلان بێنێ.
جۆلانی یەکەم هەنگاوی پاکتاوکردنەکەی بە ئاسانترین، بێ هێزترین و بێ پاڵپشتی ترین دەستپێکرد کە عەلەوییەکان بوون، ئاخر لەوکاتەوە تا ئێستا گڵۆڵەی ئێران ڕوو لە لێژییەو تەنانەت توانای بەرگری کردنی لە ئاسمانی وڵاتەکەی خۆشی نییە، بڕستی لێبڕاوە تا بتوانێ بەهانای عەلەوییەکانەوە بچێ. پاشان جۆلانی دەستی بۆ درووزەکان برد، کە بە ڕووکەش پاڵپشتی ئیسرائیلیشیان هەبوو، بەڵام ئەو نەسڵەمییەوە زیرەکانە هۆزە عەرەبییەکانی کرد بە گژیانا، دوای گەشتن بە مەرام و ئامانجەکەی کە چوونە ناوەوەی سوەیدابوو، کە لەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەدی کوڕەوە نەیاتوانی بوو بچنە  ناو ئەو شارە درووز نشینەوە، هێزەکانی خۆی کشانەوە و پۆلیس و ئاسایشی لەو شارە جێگیرکرد کە لە بنەڕەتا هەر ئەندامانی گرووپە جیهادییەکانی ناو "تحریر شام"ن، بەمەش توانی خۆی وەک نێوەندگیر نمایش بکات و وەلامی داوکاری ئیسرائیلیش باتەوە.

ئێستاش بەپێی ئەقڵ ولۆژیک، بەپێی شیکاری زۆربەی لێکۆڵەرەوەکان هەنگاوی دواترنورەی پاکتاوکردنی کوردە، کە خاونی هێزێکی بە دسپلین و ڕاهێنراوە کە خۆی لە هێزەکانی هەسەدەیا ئەبینێتەوە.
هەسەدە بە بەهێزترین هێزی سەربازی ئێستای سوریا ئەژمارەکرێ، خاوەنی ١٥٠ هەزار شەڕڤانی ڕاهێنراوە، کە باوەڕدارن بە ئازادی بۆ تاک و کۆمەڵگە، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە لەگەڵ بیری جیهادی توندڕەوی باوەڕدار بە یەک ئاین و یەک مەزهەبی جۆلانی دەسەڵاتەکەیا دژو دڕدۆنگن. بوونی هێزێکی هاوشێوەی هەسەدە کە ژن یەکێکە لە کۆڵەکەکانی لە سوریا بۆ ئەوان ئاڵنگارییەکی گەورەیە، شەڕکردن لە دژیان جیهادی باڵایە و تەواوکاری فتوحاتە. هەر ئەوەشنا بەڵکو تۆڵەسەندنەوەیە لە ڕووخاندنی دەولەی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" کە ئەمە خەونێکی هەموو توندڕەوێکی ئیسلامی جیهادی ڕادیکاڵە.

بۆ باشتر تێگەشتن پەنا ئەبەم بۆ ئەفسانەیەک کە کاک نەوشیروان مستەفا لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی ئەگێڕێتەوە وەک ئامۆژگارییەک بۆ یەکێتی و پارتیی کە بۆ ئێستای ڕۆژئاوا زۆر گونجاوە، ئەمە وێڕای دڵنیاییم لە هۆشیاری دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا، بەڵام وەک ئەوترێت کەس بە وەسێت نامرێ، ئەگێڕێتەوە و ئەڵێ:
لەناو کوردا واباوە ئەڵێن مەلایکەتی گیان کێشان ناوی ئیزرائیلە..
کابرایەک لەگەڵ ئیزرائیلا دۆستەبێ و پێیئەڵێ، تکات لێئەکەم هەروەختێک بتەوێ گیانم بکێشی پێشتر ئاگادارمکە..
لەپاش فەتەرەیەک ئیزرائیل ئەچێ بۆلای کابرا تا گیانی بکێشێ..
کابرا بە ئیزرائیل ئەڵێ من و تۆ واڕێکەوتبووین کە پێشتر ئاگادارمکەی..
ئیزرائیلیش پێیئەڵێ پێشتر ئاگادارم کردووی..
کابرا ئەڵێ چۆن ئاگادار کردووم؟..
ئیزرائیل ئەڵێ گیانی کەسێکم لەلای چەپتەوە کێشا کە دراوسێو بوو، وە لەلای ڕاستیشەوە گیانی کەسێکی ترم کێشا کە هەر درواسێت بوو، ئیتر ئەبوایە بزانی کە گیان کێشان گەشتۆتە سەرتۆ.

ئەم ئەفسانەیە کت و مت بۆ ئێستای ڕۆژئاوا وتراوە…
هێزەکانی محەمەد جۆلانی گەورە تیرۆرست، سەرۆک کۆماری ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع بە پاکتاوی عەلەوییەکان دەستیان پێکردو ئێستاش لە هێرشی بەردەوامان لەژێر ناوی جیاجیایا بۆ پاکتاوکردنی درووزەکان، ئیتر ئەمە ڕوون و ئاشکرایە و زیرەکیەکی زۆری ناوێ بۆ تێگەشتن، کە دوای درووزەکان نۆرەی کوردە، وەک گەورەترین دوژمنی نەتەوەیی و عروبە - ئایدۆلۆژی و ئاینی.

ستراتیژی سەربازی تەنها بەرگری کردن نییە بەڵکۆ هەندێجار هێرش بردن وەک بەشێک لە ستراتیژی بەرگری ئەژمارەکرێ بۆ خۆپاراستن و کەمکردنەوەی زیانەکان.
ئێستا کاتی ئەوەیە کە ڕۆژئاوا سود لەم کات و ساتە وەرگرێ و سنورەکانی خۆی تۆکمەکات لەڕێی هاوکاری کردنی گرووپ و دژە هێزەکانی جۆلانی و ماندووکردنی دەسەڵاتە تیرۆرستییەکەی دیمەشق، هەتا لایەنیکەم لە دانوستانەکانی دواترا لەبری پاشەکشێ کردن لە ڕەقە و دێرەزوور مامەڵە لەسەر حمس و حەما بکەن.
ئەزانم ئێستا ئەڵێن تورکیا بەوە ڕازی نابێ و دەستێوەردان ئەکا، بەڵام ئەبێ هەمووان لەوە دڵنیابن لەئەگەری سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی پرۆژەی ئاشتی باکوری کوردستان، تورکیا هەر هێرش ئەکاتەوە سەر ڕۆژئاوا، ئەمجارەیان نەک تەنها لەڕێی میلیشیاکانیی حەمشات و حەمزات و ئەوانی ترەوە بەڵکو بەبەشداری دەسەڵاتی دیمەشقیش ئەبێ، هەتا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی شەرعیەت وەرگرێ و کەس لەسەر کورد و ڕۆژئاوا نەیەتە جواب.
میلیشیاکان و چەکدارەکانی جۆلانی نایشارنەوە و ئەڵێن هەنگاوی دواتر هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوایە، "هەڵبەتە ئەوان ئەڵێن ئازادکرن". لای ئەوان هەموو کورد ئێزیدییەو هەموو ئێزیدیەکیش خوێنی حەڵاڵە، ئەوان کچ و ژن و جوانی کورد بە حۆری و غولامەکانی بەهەشت ئەبینن، "هەڵبەتە بۆ تێرکردنی حەزە ئاژەڵییەکانیان نەک پیرۆزکردن".
تا ئێستا کەم سەرکردەی کورد هەبووە کە هاوشێوەی جەنراڵ مەزڵوم عەبدی وورد و زرنگ و دووربین و خاون ستراتیژی قوڵبێ و من وەک خۆم بڕوای تەواوم بە پێشەنگی و پێشبینییەکانی هەسەد، پەیەدە و یەپەژەیە، ئەوان توانیان نەک هەر خاکی کوردستان لە ڕۆژئاوا ڕزگاربکەن بەڵکو توانیان تیاشیا بمێننەوە و حوکمڕانییەکی مەدەنی و لیبراڵیش پێشبخەن.
هەڵبەتە جەنگ خراپترین بژاردەیە بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام مەرجیش نییە شەڕکردن تەنها بەچەکبێ، بەڵکو سەلمێنراوە کە جەنگی ئابوری کاریگەری لە هێرشی چەکداری کەمترنییە، بیریشمان نەچێ زۆربەی سامانی سروشتی سوریا ئەکەوێتە ناوچەی قەڵەمڕەوی هەسەدەوە.
ئێستا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: جۆلانی ئێستا لە بێهێزیدا دوو کۆمەڵکوژی دژی عەلەوی و درووزەکان ئەنجامدا، ئاخۆ لە بەهێزیدا چیتربکات، بەتایبەتی بەرامبەر کورد؟
جا پێش ئەوەی هەردوو دەست و قاچ بشکێنن پەنجەکان بەکاربێنە.

264 جار خوێندراوەتەوە