هەرێم و بەغداد؛ رێککەوتن یا تەسلیمبون؟
نزیك دەبینەوە لە دواكەوتنی موچە بۆ 80 رۆژ، دواجار ڕێكکەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد راگەیەندرا، هاتنی موچە و دابەشكردنی لە هەمو شت گرنگترو پێویستترە،بەڵام چەند قسەیەكی حسابی هەیە دەبێ بوترێت لەسەر ئەم رێكکەوتنە:
1_حكومەتی هەرێم هەر لەسەرەتای ڕاگرتنی موچەوە، زۆر باش دەیزانی بەبێ جێبەجێكردنی رادەستكردنی نەوت وداهاتی ناوخۆ موچە لەلایەن بەغدادەوە نایەت، حیكمەتی ئەم عینادیە لەچیدا بو؟ بۆ هێشتان ئەم ماوە زۆرە فەرمانبەران لەم دۆخە خراپەدابن، چی وایكرد مەرج و ئیلتیزاماتەكان جێەجێبكەن کە لەسەرەتادا نەتان دەكرد؟ بۆیە کە لەئێستادا رازیبون، تكایە قەناعەتتان پێی هەبێت و جێبەجێی بكەن تاوەكو سەری ساڵ بێ گرفت موچە بنێرێت.
2_گەر لەم هەفتەیەدا موچە بگات، نوسراوەكەی تەیف سامی گوایە هەرێم رەصیدی نەماوە بەهای نامینێت، ئەوە دەسەلمێنرێت بنەمای نوسراوەكەی تەیف سیاسی بوە بۆ برسیكردنی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چونكە گەر هەرێم رەصیدی نەماوە لەناو یاسایی بودجەدا، خێرە ئێستا ئامادەی ناردنی موچەن؟
3_حكومەتی هەرێم رازیبوە بۆ دو مانگ بڕی۲٤٠ ملیار بداتە بەغداد وەك داهاتی ناوخۆ، دەزانین ئەم ژمارەیە كاتیە بۆ تەنها مانگی پێنج وشەشە، بەڵام دەرخەری ڕاستیەكی حاشاهەڵنەگرە كە داهاتی ناوخۆی هەرێم نەئەو ژمارە جیاوازانەیە ڕادەستی بەغداد كراوە، نەو ژمارانەشە خۆتان دەیڵێن و بڵاوی دەكەنەوە، هەر ئەمەشە وایكردوە خەڵك متمانەی بەهیچ ژمارەیەكی حكومەت نەبێت، دەنا لۆجیک نیە ٤ مانگی سەرەتای ئەمساڵ حكومەتی هەرێم بری ٥٠ ملیار مانگانەی لەداهاتی ناوخۆ داوە بە بەغداد، لە کاتێكدا بۆمانگی پێنج وشەش كردویەتیە ۱۲٠ ملیار، ئەوەی پێشبینی کراوە لەسەر ئەم پرسە لە داهاتویەكی نزیكدا كێشەی گەورە دروست دەبێتەوە و بەغدادیش سازش ناكات.
4_سەرجەم خاڵی رێكەوتنەكە لە چوارچێوەی ئەو ئەركانەدایە كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمە بەپێی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەم رێكکەوتنەش شتێكیان جێگیركردوە تا ئەركەكان جێبەجێ نەبێت لەلایەن هەرێمەوە موچە نایەت، كە دەبو حكومەتی هەرێم پرسی موچە بخاتە دەرەوەی ململانێی سیاسیەكان و ئەو ئەركانەی لە ئەستۆیدایە، بۆیە ئەم رێكەوتنە سروشتەكەی هەم كاتیە تا كۆتایی ئەمساڵ، لەهەر بارێكدا ئەرك جێبەجێ نەكرا موچە ناردن دەوەستێت، چونكە ناردنی موچەی مانگی پێنجیان پەیوەستكردوە، بە رەزامەندی و وەرگرتنی نەوت لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق.
5_گەر بە ڕۆحیەتی دروشم و قسەكانی رابردوی هەندێك لایەنی سیاسی بڕوانین ئەم رێكەوتنە تەسلیمبون و خۆچەماندنە، کە لەكاتێكدا ئەم دروشم و قسانە بنەماو بەهای نیە وهیچ راستی تێدانیە ،چونكە هیچ بژاردەیەكیان لەبەردەست نەبوە جگە لە ڕێكەوتن لەگەڵ بەغداد.
813 جار خوێندراوەتەوە