ژن لە نێوان کلتور و یاسادا

رۆژی ٨ی مارس لە ساڵی (١٩١٠) دیاریکرا بۆ رۆژی جیهانی ژنان International Women Day لەو رۆژە بەدواوە، هەتا ئێستا ساڵانە یاد دەکرێتەوە و چالاکی و سیمیناری تایبەت بەو بوارە رێک دەخرێت و هەندێ جار یاسای نێو دەوڵەتی لە بوارەکانی تایبەت بە مافی ژنان گۆڕانکاری تێدا دەکرێت .

لە ماوەکانی رابردودا ژنان مافی دەنگدانیان نەبو و لەکاتی کاردا رەچاوی مافەکانیان نەکراوە کاتژمێرەکانی کاریان زۆر بوە، کڕین و فرۆشتن و بازرگانی بە جەستەیانەوە کراوە.

بە هەوڵو ماندوبونی ژنان خۆیان لە بوارەکانی ژیان و کۆششیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان گۆڕانکاری گەورە کراوە لە یاساکاندا دەرهەق بە مافەکانی ژنان، پێویست دەکات ژنان مافەکانیان بە یاسا لە بوارەکانی ژیان دەستەبەر بکرێت، مافی یاسای خۆیان هەبێت بەبێ جیاوازی لە گەڵ پیاواندا و لەسەر بنەمای مرۆڤ بونی هەردوکیان و یەکسانی لە ماف و ئازادیەکانیاندا مامەڵەیان لەگەل بکرێت .

بە پێچەوانەوە نابێت و لە پێگەو مافیان کەمبکرێتەوە لەپەنای بەکارهێنانی ناوی کلتور وئاین وهیچ پاساوێکدا.

لە کۆمەڵگای دواکەوتو خاوەن کلتوری داخراو گەر یاساش هەبێت کاری پێناکرێت، ژنان زیاتر کەوتونەتە بەر هێرش و تانەی کۆمەڵگا و چەوسێنراونەتەوە تەنها لەبەر ژن بونیان، ئەمەش لە خۆیدا دەبێتە هۆی تێکشکاندنی سایکۆلۆجی و کەسایەتی ژنان وا دەکات بە ناخێکی شکاوە گەورە ببن و ژیان بگوزەرێنن.

بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ژنان لە کۆمەڵگایەکدا کە یاسا مافەکانی نەپاراستن، هەوڵ و کۆششەکانی خۆیان زیاتر بکەن بە بەرزکردنەوەی ئاستی توانا و زانیاریەکانیان و بۆ سەلماندنی خود و چەسپاندنی  یەکسانی مافەکانیان لەسەر بنەمای مرۆڤ بونی، لە میژوی کۆمەڵگای کوردی لاپەڕەکانی پڕن لە ناوی ژنانی درەوشاوە لە بوارەکانی روبەڕوبونەوەی نەخوێندەواری و وریاکردنەوەی ژنان و کچان و ئافرەتان لە هەمبەر مافەکانی خۆیان نمونەی حەپسەخانی نەقیب، وەژنانیش هەبون لە مێژوی کوردا سەرکردایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیان کردوە وکەمتر نەبون لە پیاوانی کورد.

لە کۆتایدا دەڵێین ژنی بەهێز واتە منداڵی بەهێز واتە خێزانی بەهێز و کۆمەڵگای بەهێز.

596 جار خوێندراوەتەوە