چۆن 8ی مارس دەستنیشانکرا ؟
یەکەم کۆنگرەی جیهانیی ئافرەتە
سۆشیالیستەکان لە ساڵی 1907 لە شاری شتوتگارد/ئەڵمانیا بەسترا.لەو کۆنگرەیەدا (
کلارا تێستکین) بووە ئەندامی دەستەی سکرتارییەتی ئافرەتان، کە ژنێکی زۆر چالاکی ئەڵمانیا
بوو. کلارا ڕۆژنامەیێکی تایبەتیی بۆ کاروباری ژنان دەردەکرد بەناوی ( گلایشهایت )
کە بە زمانی ئەڵمانیی واتا ( یەکسانیی) .
ئەو گۆڤارەی کە
خۆی دەریدەکرد کردییە ئۆرگانی ڕێکخراوەکە .
دوەم کۆنگرەی
ئافرەتان لە دانیمارك بەسترا. یەکێك لە بڕیارە گرنگەکانی کۆنگرە ئەوە بوو کە ڕۆژی
8 ی مارسی دەستنیشان کرد بۆ ڕۆژی جیهانیی ژنان ، چونکە تا ساڵی 1914 ئافرەتانی هەر
وڵاتێك لە یەکێك لە ڕۆژەکانی مارس یادی ڕۆژی ئافرەتانیان دەکردەوە، بەڵام بەڕێکەوت
لەو ساڵەدا وڵاتانی ئەمریکا، ڕوسیا، نەمسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، هەنگاریا و سویسرا
لە هەمان ڕۆژ یادەکەیان کردبۆوە. کاتی خۆیشی خۆپیشاندانێکی گەورە لەو ڕۆژەدا ڕووی
دابوو کە لە خوارەوە بە کورتیی باسی دەکەم.
مێژووی خەباتی
ژنان دوورو درێژە ، بەڵام ساڵی 1856 گەیشتە ترۆپکی. لەو ساڵەدا خۆپیشاندانێکی گشتیی
ئافرەتان دژی نایەکسانی و زوڵموزۆر لە نیویۆرك کرا.پۆلیس زۆر دڕندانە سەرکوتی
کردن. لە 1908/03/08 واتا پاش 52 ساڵ و هەر لە نیویۆرك خۆپیشاندانێکی دیکەی ژنان
کرا. خۆشبەختانە ئەمجارە بەس ژنانی هەژار و چەوساوەو ڕەنجدەر نەبوون ، بەڵکو بەشێك
لە ژنانی چینی مامناوەندیش هاوپشتیان بوون. ژنان بە شێوەیێکی نوێ هاتنە سەر شەقامەکان ، هەر ئافرەتەو پارچەنانێکی وشك
و دەستەیێك گوڵی هەڵگرت بوو. ئەمجارەیان داواکارییەکانیان زۆرتر بوو لە خۆپیشاندانەکانی
پێشوو. هەر داوای ( یەکسانیی ) نەبوو ،بەڵکو : کەم کردنەوەی سەعاتی کار و مافی هەڵبژاردن
..هتد.
تێکۆشانی ئافرەتان بەردەوام بوو تا ئەوەی ئیتر لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتان
ئەو ڕۆژە 8 ی مارس دەکرایە ڕۆژی پشووی فەرمیی بۆ ئافرەتان و زۆربەی ڕێکخراوە جیهانییەکان
بەتایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان بەو ڕۆژەدا ناوە. هەر لە لایەن ئەو
ڕێکخراوەوە چەندین یاسای جۆراوجۆر بۆ پشتگیریی ئافرەتان دەرچوە.
وێڕای سووربوونی
ئافرەتان خۆیان لەسەر داوای مافەکانیان ،
بەشێکی بەرچاوی پیاوانی مافخواز، ڕێکخراوەکان، دامودەزگا جیهانییەکان پشتگیریی خەباتی
ڕەوای ئافرەتانیان کردووە.
وێڕای سوپاس و پێزانینی
ئەو هاوکاریی و یارمەتییانە ، ئیتر ئەو قۆناغە تەواو کە ژنان بێ پیاوان هیچیان پێ
نەکرێ و هەر چاویان لە هاوکاریی و کۆمەکی ئەوان بێ . ئێستا ژنان بە گشتیی و هی
کورد بەتایبەتیی و باکوور و ڕۆژئاوای
کوردستان تایبەتتر خۆیان سەرکردایەتیی و سەرپەرشتیی بەرخۆدان و خەباتی ڕەوای گەلەکەمان
دەکەن . داستانەکانی کۆبانی و عەفرین. شەنگاڵ و شەڕناخ و قەندیل بە دەستومەچەکی
کچان و ژنانی کورد تۆمار کراون.
لە داستانی کۆبانی
، ژنانی کورد هاوشانی پیاوان نەبوون ،بەڵکو بەرپرس و سەرکردەشيان بوون.
ژن، ژیان، ئازادی
وا بۆ 5 مانگ دەچێ ئەو دروشمە بووەتە سیمبوڵێکی
جیهانیی. ئەوە خوێنی ژینا-ی منی کوردە بووەتە بەنزین و داگیرکەر دەسووتێنێ ، ئەوە
قژی ژینای منە بۆتە مار و لە ملی داگیرکەر دەئاڵێ و دەیخنکێنێ ...ژن ، ژیان ،
ئازادی داهێنانی منی ژنە ..
ئەم سەدەیە هی ئێمەیەو
هی ئێمەیە...
66 جار خوێندراوەتەوە