لە نێوان پارتی و یەکێتیدا؛ کێ کلیلی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی لایە؟

لە نێوان پارتی و یەکێتیدا؛ کێ کلیلی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی لایە؟ بۆچونێکی چۆمان محەمەد، شارەزای بواری یاسا-یە

لەبارەی میکانیزمە یاساییەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە دەڵێت:

یاسای هەڵبژاردن لەسەر چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە کاتی بنبەستی سیاسی دەقی یاسایی تێدا نییە، بەڵام یاسای سەرۆکایەتی هەرێم چوار حاڵەتی دیاریکردووە:

١. کۆنەبوونی پەرلەمان: ئەگەر ٤٥ ڕۆژ دوای بانگەوازی سەرۆکی هەرێم، پەرلەمان نەتوانێت کۆببێتەوە، خولەکە بە هەڵوەشاوە دادەنرێت.

٢. دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ: کاتێک ٥١ پەرلەمانتار بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بکەن.

٣. شکستی پێکهێنانی حکومەت: ئەگەر کاندیدی ڕاسپێردراو نەتوانێت لە وادەی دیاریکراودا کابینەی حکومەت پێکبهێنێت.

٤. تێکچوونی سەقامگیریی: دروستبوونی مەترسیی جدی لەسەر سیستەمی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم.

بەڵام لە ئێستادا بەشێک لەم بژاردانە ئەستەمن؛ بۆ نموونە پرۆسەی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران لە ڕووی یاساییەوە بەستراوەتەوە بە بوونی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە تا ئێستا هەڵنەبژێردراوە تا داواکارییەکان وەربگرێت. هەروەها هێشتا هیچ کاندیدێک بە فەرمی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕانەسپێردراوە.

چارەسەری جێگرەوە، بۆ ئەم بابەتە بریتی لە:

یەکەم: ئەنجومەنی شورا
دەکرێت داوای بۆچوونی یاسایی لە ئەنجومەنی شورا بکرێت سەبارەت بەوەی ئایا تەنها "کۆبوونەوەی سوێندخواردن" بە کۆبوونەوەی فەرمی هەژمار دەکرێت یان نا، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی مەرسومەوە پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە.

دووەم: دادگای فیدراڵی
پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی عێراق بژاردەیەکی دیکەیە، هاوشێوەی ئەوەی لە خولی پێنجەمدا ڕوویدا. 

ئەگەر ئاڵۆزییەکان زیاتر بن، دوور نییە دادگای فیدراڵی بۆ پاراستنی مافی دەنگدەران بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدات.

سەرەڕای ئاڵۆزییەکان، هێشتا پارتی و یەکێتی بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان وەک هەنگاوی کۆتایی نەبینیوە و هێشتا مەودای مانۆڕی سیاسییان ماوە و لەگەڵ ئەنجامدانەوەی خێرای هەڵبژاردن نین تا ئەو کاتەی دۆخەکە بە تەواوی ڕوون دەبێتەوە..

دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن سەرباری کێشە یاساییەکانی، کێشەی سیاسی، ئەمنی و داراییشی هەیە، واتە لەرووی عەمەلییەوە بەربەستی ئابووری هەیە چونکە ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر فشارێکی زۆری ئابوریدایە، بۆیە لەمکاتەدا ئەو ئەرکە بارگرانییەکە زیاتر دەکات، هەروەها بەهۆی بوونی شەڕ لە ناوچەکە و دۆخی ئەمنی، ناسەقامگیریی سیاسیشەوە ئەستەمە بتوانرێت هەڵبژاردن جارێکی تر بکرێتەوە.


هەروەها کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ٧/١/٢٠٢٧دا ماوەکەی تەواودەبێت، کە لەو ماوەیەدا کاتی تەواو لەبەردەستدا نابێت بۆ ئامادەکاری و ئەنجامدانی گەڕێکی تری هەڵبژاردن، بۆیە ئەگەر لەرووی یاساییشەوە کێشەی نەبێت لەرووی کردەییەوە ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە.

686 جار خوێندراوەتەوە