شێخ مەقسود؛ گرێیەکی 13 ساڵەی سەر دڵی سوریە فاشیستەکان

شێخ مەقسود... گرێیەکی ١٣ ساڵەی سەر دڵی سوریە فاشیستەکان:

پانۆرامای ١٣ ساڵ بەرخۆدانی ئەفسانەیی شەڕڤانان لە شێخ مەقسود

لە چلەکانی سەدەی رابردوودا، کوردێکی دیندار و پیاوچاک بەناوی شێخ مەقسود، لە گوندەواری عەفرینەوە روو دەکاتە حەڵەب و لە نزیک گردێکی کەنار شار، کە بە گردی سەیدە ناسرابوو و هەندێک کریستیان و کوردی لەدەوروبەر نیشتەجێ ببوون، خانویەک دروست دەکات.

لە ساڵی ١٩٥٢، شێخ مەقسود کۆچی دوایی دەکات و گۆڕەکەی دەبێتە مەزارێک و لەهەموو لایەکەوە خەڵك بەئامانجی بەدیهاتنی مرازەکانیان زیارەتی دەکەن.

ساڵ دوای ساڵ گەڕەک گەورە دەبێت و دەبێتە بەشێک لە شاری حەڵەب و شۆرەتی شێخ مەقسود هەڵدەگرێت.

پێشتر حەڵەب وەک مەکینەیەکی تەعریب وابوو، هەر کوردێکی رۆژاڤا رووی تێکردبا، ناسنامە کوردیەکەی دەهاڕی و زمان و کەلتور و ناسنامەکەی لەناو کوچە و کۆڵانەکانی ئەم شارەدا لەدەست دەچوو و دەبوو بە عاڕەب.

شێخ مەقسود، دەبێتە پەناگەیەک و هەزاران لەو کوردانەی بەهۆی تەعریب یان سیاسەتی برسیکردنی دەوڵەتی فاشی و داگیرکەری سوریەکان لەو گەڕەکە کرد و بێ ئەوەی نیگەرانی لەدەستدانی ناسنامە و زمانە زاگرۆسیەکەیان بن.

رەنگە نە بەخەیاڵی شێخ مەقسود و نە بەخەونی هیچ کام لە کوردە نیشتەجێکانی ئەوسادا هاتبێت کە رۆژێک دێت نەوەکانیان شێخ مەقسود دەکەنە قەڵایەکی بەرخۆدان.

١٣ ساڵە، شێخ مەقسود بەرزترین قەڵای بەرخۆدانە لەسەر ئاستی دونیا.

ئەم ئەفسانەی بەرخۆدانە لە ئەیلول و ئابی ٢٠١٢ دەست پێدەکات، ئەوسا دانیشتوانی شێخ مەقسود یەکینەکانی پاراستنی گەلیان پێک هێنا و گەڕەکەکەیان لە سوپای داگیرکەری سوریا پاک کردەوە.

دوای ئازاد بوونی شێخ مەقسود، سێ تایبەتمەندی ئەو گەڕەکە وایکرد کە لە ١٣ ساڵی رابردوودا ببێتە ئامانجی بەردەوامی داگیرکاری عاڕەبەکانی کیانە دەسکرد و فاشیەکە.

تایبەتمەندی یەکەمی شێخ مەقسود ئەوەیە بەرزترین ناوچەی حەڵەبە، ئەوەی بەسەر شێخ مەقسودا زاڵ بێت بەسەر هەموو حەڵەبدا زاڵە.

تایبەتمەندی دووەمی ئەوەیە شێخ مەقسود بەسەر هەموو رێگا سەرەکییانەدا زاڵە کە حەڵەب بە گوندەواری ئەو پارێزگایە و بە ناوچەکانی عەفرین و شەهباوە دەبەستێتەوە. 

سێیەم تایبەتمەندێتیشی بوونی کوردە لەو گەڕەکە و هێرش و پەلاماربۆ سەر ئەم گەڕەکە بەئامانجی قەتڵ و عامی و ئاوارەکردنی کوردەکانی مەنفەزێک بووە بۆ عاڕەبە سوریەکان، بە فیرقەیی و بەعسیەوە، بە حاکم و مەحکومەوە تا هەناسەی فاشیستانەی خۆیان تێدا بدەن.
  
چیرۆکی بەرخۆدانی ئەم قەڵایە، رێک لە رۆژی ئازادبوونیەوە لەسەر دەستی کیژ و کوڕە شەڕڤانە زاگرۆسیەکان دەست پێدەکات.

یەکەم داستانی بەرخۆدانی شەڕڤانانی شێخ مەقسود  دژی سوپا داگیرکەرەکەی ئەو کیانە بوو لە ئەیلولی ٢٠١٢.
رژێمە فاشیەکەی بەعس لە هێرشێکی فراوان و بە بەکارهێنانی فرۆکەی جەنگی، هەوڵی دا شێخ مەقسود داگیر بکاتەوە. تەنها بە بۆردومانی ئاسمانی زیاتر لە ٢٠ هاوڵاتی کورد شەهید بوون. 
شەڕڤانان، بە بەرخۆدانی کەم وێنەیان توانیان ئەم هەوڵەی کیانە فاشیەکە بۆ داگیرکردنەوەی شێخ مەقسود پوچەڵ بکەنەوە.

دووەم بەرخۆدانی شێخ مەقسود، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی ئەوساڵەدا بوو. ئەم جارەیان دژی چەتە سوریەکان و کرێگرتە کوردەکانیان بوو لە گروپی سەلاحەدینی ئەییوبی.

بەرخۆدانەکە هەفتەیەک درێژەی کێشا و لە کۆتایی ئۆکتۆبەری ئەو ساڵەدا، بەتەواوی هێرشی چەتە ئۆپۆزسیۆنەکانی کیانە فاشیستەکە تێکشكێنرا.
 
سێیەم و سەختترین بەرخۆدانی شێخ مەقسود شەڕی ١٥ رۆژەی بوو لەگەڵ رژێمی داگیرکەری ئەسەد. لەم شەڕە ١٥ رۆژەییەدا، رژێمە داگیرکەرەکەی سوریا چەکی کیمیاوی دژی ئەم قەلای خۆڕاگرییە و دەیان کەس بوونە قوربانی. 

بەڵام کیمیاویش دادی نەدا و دواجار لە ١٨ی ئایاری ئەوساڵەدا داگیرکەر بە تێکشکاوی لەسەر دەستی نەوەکانی شێخ مەقسود پاشەکشەی کرد .

ساڵی ٢٠١٤ شێخ مەقسود سەختترین ساڵی بەڕێ کرد و بۆ شێخ مەقسود ساڵی بەرمیلە بارودەکانی رژێمە داگیرکەرەکەی ئەسەد بوو.

سەختی ئەو ساڵە هەر لەبەرمیلە بارودەکاندا نەبوو، لەوەشدا بوو لەهەردوو لاوە، داگیرکەرە سوریەکان گەمارۆیان خستبووە سەر شێخ مەقسود و ئەم گەڕەکە بەدرێژایی ساڵ لە حاڵەتی شەڕدا بووە.

لەم ساڵەدا، زۆرجار رژێم و چەتەکان لەیەک کاتدا و هەریەک لە لایەکەوە هێرشیان دەکردە سەر شێخ مەقسود و شەڕڤانان لەیەک کاتدا لە دوو بەرەدا جەنگاون، هەم لەگەڵ داگیرکەرە بەعسیەکان و هەم داگیرکەرە تیرۆریستە فیرقەییەکان.

لە رۆژهەڵات و باکورەوە عاڕەبە داگیرکەرە تیرۆریستەکان، و بەتایبەتیش جەبهەی ئەلنوسرەی جۆلانی و ئەحراری شام و لە باشور و رۆژاڤاش سوپا و شەبیحەکانی داگیرکەرە بەعسییەکان.

ساڵی ٢٠١٥ بە بۆردومانکردنی شیخ مەقسود لەلایەن رژێمە داگیرکەرەکەی سوریا دەستی پێکرد، بەتایبەت لەکۆتایی مانگی یەک و سەرەتای شوبات.

شەڕ و پەلامارەکانی چەتەکانی جۆلانی و گروپە کرێگرتەکانی دیکەی داگیرکەر، بەدرێژایی ساڵ بەردەوام بوو.

یەکێک لەسەختترین شەڕەکانی ئەو ساڵە لە مانگی نیساندا بوو. رژێمی داگیرکەری بەعش دەیەویست بەهەر نرخێک بێت شێخ مەقسود بگرێت، بۆ ئەوەی رێگای نێوان حەڵەب و شار و شارۆچکەکانی دەوروپشتی لە چەتە داگیرکەرەکانی ئۆپۆزستۆن بگرێت.

لەبەرامبەریشدا، چەتەکانی ئۆپۆزسیۆن شیخ مەقسودیان بەدەروازەی حەڵەب دەزانی. بۆ ئەو چەتە فیرقەییانە داگیرکردنی ئەو دەروازەیە بەمانای کۆنترۆڵکردنی هەموو حەڵەب دەهات.

مانگی ئایاری ٢٠١٥، مانگی گەلەکۆمەکێی گروپە چەتە و تیرۆریستە عاڕەبەکان بوو.

لەو مانگەدا ١٥ گروپی چەتە، کە تا ئەوساش خوێنی یەکتریان دەڕشت، بڕیاریان دا بەرەیەکی هاوبەش و ژورێکی ئۆپەراسیۆن دژی کورد لە شێخ مەقسود پێک بێنن و بەرەی نوسرە و جەبهەی شامی و جەیشی ئیسلام و نوردەین زەنگی بەشێک بوون لەو باندە تیرۆریستانە.

لە مانگی حوزەیراندا، دووبارە رژێمە فاشیستەکەی سوریا بە بەرمیلی بارود کەوتەوە هێرشکردن بۆ سەر شێخ مەقسود. ئەم جارەش کوڕان و کیژانی وڵاتی خۆر و ئاگر، بەرخۆدانی کەموێنەیان کرد.

دوای بێ ئومێد بوونی سوپاو شەبیحەکانی رژێمی داگیرکەر و چەتەکانی ئۆپۆزسیۆن، ئەم جارە دەروازەیان بۆ داعش کردەوە ئەرکی داگیرکردنی شێخ مەقسود بگرێتە ئەستۆ. لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەردا، داعش بەختی خۆی بەم قەڵایەی کوردان تاقی کردەوە.

داعش بە بێ ئومێدی کشایەوە و جارێکی دی و لەمانگی ١٢دا جەبهەی نوسرەی جۆلانی پەلاماری شێخ مەقسودیان دایەوە. بە کۆتایی هاتنی ساڵی ٢٠١٥دا، دوا پلەامارەکانی جۆلانی شکستی خوارد و ناچار بوو رێککەوتنێکی دیکە لەگەڵ شەڕڤانان واژۆ بکات.

ساڵی ٢٠١٥ بەدوا جەولەی هێرشە ناکامەکانی جەبهەی تیرۆریستی جۆلانی و بە تێکشکاندنی هێرشەکە کۆتایی هات.

ئەم تێکشکانە بوو وایکرد کە لەسەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر چەتەکانی جۆلانی و گروپەکانی دیکە بەناچاری لەژێر زەبری شەڕڤانان لە دەورو بەری شێخ مەقسود بکشێنەوە و رێککەوتنامەیەک لەگەڵ شەڕڤانان واژۆ بکەن.

ساڵی ٢٠١٦، بە هێرشی ئاسمانی تورکەکان بۆ سەر شێخ مەقسود دەستی پێکرد و ئەم هێرشە لە مانگی شوباتدا و هاوکات و هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ هێرشی هەمەلایەنەی چەتەکانی سوڵتان موراد و عەمشات و جەبهەی نوسرەی جۆلانی و باندە تیرۆریستە نێودەوڵەتیەکانی وەک ئۆیغور و تورکستان و چیچانی.

لەناوەراستی مانگی تەموزدا، روانگەی سوری مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد کە چەند مانگێکە بەسەر یەکەوە و بێ پسانەوە و رۆژانە چەتە سوریەکان و بە پشتیوانی چەک و تەقەمەنی و لۆجیستی تورکەکان گەڕەکی شێخ مەقسود بە تانک و تۆپ بۆردومان دەکەن.

دوا هێرشی بێئومێدانەی جەبهەی تەحریری جۆلانی لە ئەیلولی ئەو ساڵەدا بوو، کە بەهاوکاری زۆربەی گروپە چەتەکانی تر هێرشێکی فراوانی کردە سەر شێخ مەقسود. لەم هێرشانەدا و بەتایبەتی لە هێرشەکەی ٢٦ی ئەیلولدا، چەتەکانی جۆلانی بە خراپی تێکشکان.

هەر لەو مانگەدا بوو، پەیامنێرەکان وێنەی ژاندرمەی تورکیان لەدەوروبەری شێخ مەقسود بڵاوکردەوە کە بەشداری و سەرپەرشتی هێرشێکی دیکەی هەمەلایەنەی تەواوی گروپە تیرۆریسەتە عاڕەبەکانی کیانە فاشیەکەی سوریایان دەکرد.

لە شکستی تورکەکان و چەتە مورتەزیقەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و لە ناوەڕاستی مانگی ٨ئابدا جارێکی دیکە رژێمە فاشیەکەی ئەسەد ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر شێخ مەقسود دەست پێکرد.

لەم هێرشەدا حیزبوڵلای لوبنانیش تێوەگلا و رایگەیاند شەڕکردن لە گەڵ کورد لە حەڵەب وەك شەڕکردن لەگەڵ زایۆنیستەکان لە ئیسرائیل وایە.
 ئەمجارەش قەڵای بەرخۆدان شکستی بەداگیرکەر و حیزبوڵای لوبنانی هێنا.

ساڵی ٢٠١٧ ساڵێکی ئارام بوو. شەڕڤانانی کورد بەری بەرخۆدانی ئەفسانەیی پێنج ساڵی رابردوویان چنییەوە و کەشێکی ئارامتریان بۆ خەڵکی ئەم قەڵای بەرخۆدانەیان دابینکرد.

 ٨ ساڵی رابردوو تا ئێستاش، ئەم قەڵایە لەلایەک لەژێر گەمارۆی ئابووری و هەمەلایەنەدا بووە. تا دیسەمبەری ٢٠٢٤ گەمارۆی رژێمە داگیرکەرەکەی بەعس و لەوساشەوە هی باندەکانی جۆلانی. 

جگە لەوە، لەم هەشت ساڵەدا، جاروبار کەوتۆتە ژێر پەلامار و هێرشی سەربازی و هێرشەکەی شەوی رابردوو تازەترین هێرش، بەڵام پێناچێت دو اهێرش بێت. 

کورد هەزاران شانازی نەتەوەیی هەیە، بەڵام گریمان هیچ شانازییەکی نییە، تەنیا بەرخۆدانی ئەفسانەیی ١٣ ساڵی رابردووی شیخ مەقسود بەسە کە خۆی بە شکۆمەندترین نەتەوەی جیهان بزانێت.

هاوپێچ: 
نەخشەی قەڵای بەرخۆدان، شێخ مەقسودی کوردان.

279 جار خوێندراوەتەوە