ڕیالیستی ترەمپ بەرامبەر ڤەنزوێلا

سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ڤەنزوێلا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، نموونەیەکی ڕوونە لە جێبەجێکردنی تیۆری ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ، ئەم تیۆرە شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە بۆ ڕەفتارو هەڵسوکەوتی دەوڵەتان دەکات لە چوارچێوەی سیستەمی جیهانی.


ئەم تیۆرییە کە بنەماکانی لەسەر هێز و بەرژەوەندی نیشتیمانی و بەکارهێنانی ئامرازە سەربازی و لەشکرییەکان ناسراوە، لەلایەن بیرمەندانی سیاسی کلاسیکی وەکو میکیاڤێلی و هۆبزەوە دامەزراوە. ئەوان لەسەر بنەمای خراپی سروشتی شەڕانگێزی مرۆڤ، لێکدانەوە بۆ ڕەفتاری سەرکردەو دەوڵەتان دەکەن. نەبوونی متمانە و نادڵنیایی لە بەرامبەر یەکتر، خۆپەرستی و بەرژەوەندیخوازی وا دەکات سیستەمی نێودەوڵەتی پڕ بێت لە ملشکاندن و فرت و فێڵ.


میکیاڤێلی لە پەرتووکی “میر”دا باوەڕی وایە لە پێناو هێنانەدی ئامانج و خواستەکانت، هەموو وەسیلەیەک ڕێگەپێدراوە، تەنانەت ئەگەر دژی بنەما ئەخلاقی و یاساییەکانیش بێت. 


هۆبز دەڵێت “مرۆڤ گورگە بۆ گیانی  براکەی ”بیرمەندانی ئێستای تیۆری ڕیالیستی وەکو هانز مۆرگێنتاو و کێنێت والتز، جەختیان لەسەر سیستەمی ئانارشیستی نێودەوڵەتی کردووەتەوە، کە تێیدا ڕێکەوتن و ئاشتی لەنێوان دەوڵەتان شتێکی کاتی و ڕێژەییە و بەپێی کات و هاوکێشە تازەکان دەگۆڕێت ، وتەی “ئەگەر ئاشتیت دەوێت، خۆت بۆ جەنگ ئامادە بکە” ناوەڕۆکی ئەم بیرکردنەوەیە دەردەخات.


لێکدانەوە و بەکارهێنانی ئەم تیۆرە بە ڕوونی لە ڕێبازی ترەمپدا ڕەنگی داوەتەوە. دەتوانین بڵێین ئەم کەسایەتییە یونیک و جیاوازە، خۆی بووە بە سیستەمێکی تازەی جیهانی  لەم سەردەمەدا. ئەمە بەپێچەوانەی ئەو سیستەمە سیاسییەیە کە بیرمەندانی ئەمریکی وەکو فرانسیس فوکویاما لە پەرتووکەکەی “کۆتایی مێژوو”دا، پێیان وابوو تەواوی جیهان بەرەو لیبراڵ دیموکراسی هەنگاو دەنێت، سیستەمێک کە پشت بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان، دیپلۆماسی، ئاشتی جیهانی و بەرژەوەندی ئابووریە هاوبەشەکان دەبەستێت.


ڤەنزوێلا لە ناوچەیەکی ستراتیژیدا لە کیشوەری ئەمریکای لاتین، ناوچەیەک کە ئەمریکا بە “حەوزی پشتەوەی خۆی” دایدەنێت. لە سەردەمی نیکۆلاس مادوورۆ لە ساڵی ٢٠١٣ەوە هەتا دەستگیرکردنی، ڕژێمەکەی کە بە پشتگیری کووبا، ڕوسیا، چین و ئێران بەردەوام بوو لە دەسەڵاتدا، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا ، ئەمەش دەرفەتێکی ستراتیژی بوو بۆ ئیدارەی ترەمپ بۆ پیشاندانی سۆپەر پاوەرو هەژموونی زاڵی ئەمریکا بۆ  جیهان. سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر ڤەنزوێلا دەتوانرێت لە چێوەی ڕیالیزمی نیۆکلاسیکیدا شی بکرێتەوە،. بەپێی ئەم تیۆرییە، ئامانجی سەرەکی هەر دەوڵەتێک لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا پاراستنی بەرژەوەندی نیشتیمانییە لە ڕێگای زیادکردنی هێز و قازانجی ئابووری، و بەکارهێنانی هێزی سەربازی یەکێکە لە ئامرازە ڕەواکان کاتێک بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان لە مەترسیدان.


یەکێک لە پرەنسیپە سەرەکییەکانی ئەم سیستەمە سەپاندنی سزای ئابووری بە شێوەیەکی بێوچان بوو، لەگەڵ ئامادەیی بۆ بەکارهێنانی ئامرازی سەربازی وەک چارەسەری کۆتایی. 


لە ساڵی ٢٠٢٠، ئیدارەی ترەمپ هەنگاوێکی بێوێنەی هەڵگرت بە تۆمەتبارکردنی نیکۆلاس مادوورۆ بە تاوانی بازرگانی ماددەی هۆشبەر و یارمەتیدانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان. 


ئەم هەنگاوە لە مێژووی مامەڵەی ئەمریکادا دیاردەیەکی نامۆ نەبوو، بەڵکو پەیامێکی ڕوون بوو، ئەمریکا ئامادەیە هەموو ئامرازێکی یاسایی و سەربازی بەکاربهێنێت بۆ ڕووخاندنی ڕژێمێک کە بە هەڕەشە بۆ بەرژەوەندییەکانی دادەنرا.


یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سیاسەتی ترەمپ، بەکارهێنانی سزای ئابووری و سەربازی، ئەوەی پێی دەڵێن “هێزی ڕەق” (Hard Power)، بە شێوەیەکی فراوان و سیستماتیک بوو، ئەمە بەپێچەوانەی سیاسەتی ئیدارەکردنی دیموکراتەکان بوو، بەتایبەتی لە سەردەمی سەرۆکایەتی بایدن و ئۆباما، کە کاردانەوەیان بۆ پرس و ئاریشە نێودەوڵەتییەکان هێواش و نەرم بوو، واتە باوەڕیان بە کارکردن بە ستراتیژی “هێزی نەرم” (Soft Power) هەبوو. 


بەپێی ئامارەکانی بانکی جیهانی، ئابووری ڤەنزوێلا لە ٢٠١٣ەوە تا ٢٠٢١ زیاتر لە ٧٥٪ی کەمبوویەوە، کە یەکێکە لە خراپترین داڕمانی ئابووری لە مێژووی هاوچەرخدا بەبێ شەڕ هەرچەندە هۆکارەکانی ئەم داڕمانە چەندڕوویی بوون، وەک سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەت، گەندەڵی، کەمبوونەوەی نرخی نەوت، بەڵام دەرئەنجامەکان نیشان دەدەن کە سزاکانی ترەمپ ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە خێراکردنی ئەم پرۆسەیە.


ترەمپ سزای فراوان کرد بۆ کۆمپانیا و وڵاتانێک کە بازرگانییان لەگەڵ ڤەنزوێلا هەبوو. لە ٢٠٢٠، سزا سەپێنرا لەسەر کۆمپانیای ڕۆسنێفت (Rosneft)، گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ڕوسیا، بەهۆی بازرگانی لەگەڵ PDVSA. هەروەها کەشتییەکانی کە نەوتی ڤەنزوێلا دەگەیەندە کووبا سزا دران. ئەم سزایە دووەمەکان (Secondary Sanctions) ئامرازێکی کاریگەر بوون بۆ جیاکردنەوەی ڤەنزوێلا لە سیستەمی دارایی جیهانی. 


سەرەڕای ئەوەی ترەمپ هیچ کات هێرشێکی فراوانی سەربازی ئەنجام نەدا بەسەر ڤەنزوێلا، بەڵام بەردەوام هەڕەشەی سەربازی دەکرد ، لە ڕێبازی  ڕیالیستیدا، هەڕەشەی بەردەوام و پیشاندانی توانای سەربازی دەتوانێت دوژمنان لە هەڵسوکەوتی نالەبار بگەڕێنێتەوە، ئەم ڕاستەوخۆییە لە باسکردن و بەکارهێنانی هێزی سەربازی، کە بە نائاسایی دادەنرا لە دیپلۆماسی ئەمریکا، بەڵام بۆ ترەمپ کاری خۆی کردو بووە ڕاستی (fact).

ڕێبازی ترەمپ بەرامبەر ڤەنزوێلا نموونەیەکی کلاسیکی بەکارهێنانی تیۆری ڕیالیزم لە سیاسەتی دەرەوە بوو. بە تێکەڵکردنی سزای ئابووری توند، هەڕەشەی سەربازی، و پشتگوێخستنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، ئیدارەی ترەمپ توانی فشارێکی بێ وێنە بخاتە سەر نەیارەکەی و سەرکەوتوو بوو.

ئەم ئەزموونە پەیامێکی ڕوونە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی ئەمریکا لە  پرس و قەیرانە نێودەوڵەتیەکان لە سەردەمی ترەمپدا ،لە جیهانی ڕیالیستیدا، هێز و بەرژەوەندی بەردەوام پرسەکانی سیاسەتی دەرەوە یەکلا دەکاتەوە .


دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان ، دیموکراسیەت و  بنەما ئەخلاقییەکان تەنها کاتێک بایەخیان هەیە کە لەگەڵ ئەم بەرژەوەندیانەدا هاوتەریب بن . پەیامی ترەمپ ڕوون بوو، ئەمریکا ئامادەیە هەموو ئامرازێک بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی لە فەنزوێلا بێت یان لە  هەر شوێنێکی دیکەی جیهان.

82 جار خوێندراوەتەوە