دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمامی عێراق ، پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و دیاری کردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران لە ئێستادا بە یەکێک لە قورسترین و ئاڵۆزترین پرسە سیاسیە گەرمەکان دادەنرێت، فراوانبوونی ململانێی کوتلە سیاسیەکان لە ناوخۆ لە لایەک و لەلایەکی تریشەوە ئەوەی پرۆسەکەی ئەوەندەی تر ئاڵۆز کردووە کاریگەری و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانە کە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ ڕۆڵی یەکلایکەرەوە دەبینێت لە بابەتەدا، ئاشکرایە ئێران و ئەمەریکا دوو کارەکتەری سەرەکین لە یاریەکەدا، هەرچەندە ڕۆڵی تورکیا و سعودیە لاوەکین، ئەوەی بۆ ئەمەریکا گرنگە لەم پرسەدا سەقامگیری و هاوسەنگی ئەمنی و بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی وزەیە لە ناوچەکەدا.
سەبارەت بە ئێران دەیەوێت هەژموونی پێشتری خۆی بگەڕێنێتەوە بەتایبەتی لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، کەواتە بەهێزی و بەرژەوەندی هێزە نزیکەکانی ئێران و کاریگەریان فاکتەرێکی تری پێکهێنانی پرۆسەکەیە کەئێران خوازیاریەتی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەکانی بپارێزێت لە ڕێگای هێزە (پرۆکسیەکانی) لە عێراق.
ئەوەی خاڵی گرنگ و سەرەکیە، کاندیدی سەرۆک وەزیران لەسەر بنەمای زۆرترین کورسی و ئەنجامی هەڵبژاردن دیاری ناکرێت، بەڵکو پێویستە ئەوە لەبەر چاو بگرین کە زۆربەی جار دانانی سەرۆک وەزیران بە هەماهەنگی بووە بەدەر لە ژمارەی کورسی و ئەنجامی هەڵبژاردن و کوتلەی بەهێزی پەرلەمان، ڕاستە ژمارەی کورسیەکان تەحەکوم بە پرۆسەکە دەکەن، بە جۆرێکی تر لە کۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان کاندید پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگەکانە کە دەکاتە ٢١٠ کورسی،کەواتە ئەوەی پرۆسەکە یەکلا دەکاتەوە بڕیاری یەکگرتووی چوارچێوەی هەماهەنگیە کە لە ئێستادا ئەوەی دەبینرێ هەمان سیناریۆکانی پێشووە دوبارە دەبێتەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٠ ئەیاد علاوی لە پرۆسەکە پەراوێز خراو، لە سالی ٢٠٢١ سەدر کە خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانی بوو بە ھەمان شێوە لە پرۆسەکە دوور خرایەوە، کەواتە ژمارەی کورسی دەور نابینێت، ئەوەی زۆرترین دەور دەگێڕێت ملکەچی و گوێڕایەڵی کاندیدەکەیە بۆ مەرجەعیەتی شیعە و پراکتیزەکردن و کار کردن بۆ خواستی هێزە شیعەکانی لایەنگری ئێران و بەرەی مقاوەمە بە تایبەتی کە ڕۆڵی مالکی و عامری و قەیس خزعلی و هێزە نزیکەکانیان دژی کاندید کردنەوەی محمد شیاع سودانین بەھۆکاری دژایەتی کردنی دۆسیەی حەشدی شەعبی و مەلەفە ئەمنیەکان لەڕابردودا کە زیاتر بە لایەنگری پاراستنی بەرژەوەندی ئەمەریکا ناسراوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کورد و سونەکان پەیوەندییەکانیان ئاڵۆزی تێکەوت لەم ساڵانەی دوایدا لەگەڵ ناوبراو، کەواتە سیناریۆی دروست بوونی حکومەت خۆی دەبینێتەوە لە پێکهێنانی هاوپەیمانیەکی فراوانی لایەنە یەکگرتووەکانی شیعە کە ئەستەمە ڕۆڵ و کاریگەری مەزهەب و تایەفی لەم پرۆسەیەدا بسڕێتەوە، کەواتە ڕاستە هاوپەیمانی گەشەپێدان و پەرەپێدان زۆرترین کورسی هەیە بە سەرۆکایەتی محمد سودانی، بەڵام وەرگرتنەوەی کورسی سەرۆک وەزیران بۆ جاری دووەم زەحمەتە، بەدەر لەوەش وەکو عورفێکی لێھاتووە کە کاندیدی سەرۆک وەزیران زۆربەی جارەکان کاندید کەسایەتیەکی جیاواز بووە کە خاوەنی حیزب وکورسی زۆری ئەنجوومەنی نوێنەران نەبووە.
لە لیستی کاندیدانی ئیتاری تەنسیقی، قاسم ئەعرەجی ، حەمید شەتری وئەسعەد عیدامی بە کاندیدی بەهێز و نزیک لە کورسی سەرۆک وەزیران دادەنرێن کە پەسەند کراوی چوارچێوەی هەماهەنگین و بە کەسانی میانڕە و نزیک لە خواست و بەرژەوەندیەکانیان دەناسرێن.
کەواتە دوبارە ڕۆڵی ئێران گەورە و کاریگەرترە لە ئەمەریکا بە پێچەوانەی پێشبینیەکانی ڕابردوو کە گوایە ئێران لاواز بووە و کاریگەری کەمبۆتەوە بە پێچەوانەوەی ئەوەوە ئەمەریکا زیاتر وەکو پرسێکی ناوخۆیی سەیری بابەتەکە دەکات و ناچێتە ناو زۆربەی وردەکاریەکان، ڕۆلی ئێران لەم پرسەدا یەکلاکەرەوە دەبینرێت چونکە پرسەکە ھەستیارو ستراتیژیە سەبارەت بە ئایندەیان .
لە کۆتاییدا، پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق پرۆسەیەکی تەواو ئاڵۆزە کە تەنها بە میکانیزمی دەستوری و ژمارەی کورسیە پەرلەمانیەکان یەکلایی ناکرێتەوە ، بەڵکو کاریگەری چەندین فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی لەخۆدەگرێت. عورفی سیاسی و ڕۆڵی چوارچێوەی هەماهەنگی لە دیاریکردنی کاندیدەکاندا کاریگەرتر دەبینرێت، کە ئەمەش مێژوویەکی درێژی هەیە لە سیستمی سیاسی عێراقی پاش ساڵی ٢٠٠٣دا. هەروەها کاریگەری هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان، بە تایبەتی ئێران و ئەمەریکا، بەردەوام بە فاکتەرێکی بنەڕەتی لەم پرۆسەیەدا دەمێنێتەوە، کە ڕەنگدانەوەی ستراتیژی گەورەتری ئەم هێزانەیە لە ناوچەکەدا.
20 جار خوێندراوەتەوە