سەرەڕای ئاگربەست گرژییەکان بەردەوامن؛ لە لوبنان حەوت کەس کوژران

KNN : Kurdish News Network
12:34 - 26/04/2026
جیهان
+
-

پەرەسەندنە سەربازییەکانی باشووری لوبنان سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست بەردەوامن؛ سوپای ئیسرائیل هۆشداری دەداتە دانیشتووانی دەیان گوند و حزبوڵاش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل، هاوکات وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئاماری قوربانییەکانی بڵاوکردەوە.

 

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی دایە دانیشتووانی زیاتر لە 20 گوندی باشووری لوبنان کە بەرەو باشوور نەجووڵێن و، داواشی لە دانیشتووانی 50 گوندی دیکە کرد نەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. هەروەها ڕێگری لە هاوڵاتییان دەکرێت نزیکی ناوچەکانی ڕووباری لیتانی، دۆڵی سەلخانی و سلووقی ببنەوە.

 

سوپای ئیسرائیل جەختی لەوەش کردەوە، لە ماوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا لە پێگەکانی خۆیان لە باشووری لوبنان جێگیر دەبن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییە بەردەوامەکانی حزبوڵا.

 

 لەلایەکی دیکەوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی ماتۆڕسکیلێکی لە شارۆچکەی زەوتەری ڕۆژهەڵات لە باشووری لوبنان کردە ئامانج.

 

لە بەرامبەردا، چەکدارانی حزبوڵای لوبنان ڕایانگەیاند، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کۆبوونەوەیەکی سەربازانی ئیسرائیلییان لە شارۆچکەی تەیبە کردووەتە ئامانج و زیانیان پێگەیاندوون. دواتریش لە هەمان شارۆچکەدا، هێزێکی تایبەتی ئیسرائیلییان بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج.

 

سەبارەت بە زیانە گیانییەکانیش، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری وڵاتەکە، حەوت کەس کوژراون و 24 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە سێ لە بریندارەکان منداڵن.

73 جار خوێندراوەتەوە