ئەنجومەنی وەزیران بریاریدا.. دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان دادەمەزرێن و لێخۆشبونی 15%ـی سزای هاتوچۆ درێژکرایەوە

KNN : Kurdish News Network
02:52 - 18/06/2025
کوردستان
+
-

لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بڕیاریدا بە دامەزراندنی سەرجەم دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان و لێخۆشبونی 15%ـشی لە سزای هاتوچۆ درێژکردەوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

لە بەیاننامەی کۆبونەوەکەدا هاتوە، حکومەتی هەرێم هەوڵ و کارەکانی بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەران، بۆئەو مەبەستەش سەرۆکی حکومەتی هەرێم نامەیەکی بۆ دادگای فیدراڵی ناردوە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستوریبونی بڕیاری بڕینی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، جەختیشکراوەتەوە، حکومەتی هەرێم هەمو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردوە و خوازیارە لەبەرامبەردا رێز لە مافە دەستورییەکانی بگیرێت و شایستە داراییەکانی بۆ بنێردرێت.

 

سەبارەت بەپێشهات و پەرەسەندنەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم جەختیكردوەتەوە پشتیوانیی هەمو هەوڵێک دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و پاراستنی ئاشتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

 

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبونی15% لە سزاکانی هاتوچۆ، بۆماوەی شەش مانگی دیکە.

 

هاوکات، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە دامەزراندنی دەرچوانی پزیشکی گشتی لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی، بۆئەو مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بەمەبەستی دامەزراندیان.

338 جار خوێندراوەتەوە