وتەبێژی حکومەتی هەرێم: بەغدا بەردەوام داوای 120 ملیار دینار دەکات لەکاتێکدا داهاتمان لەوە کەمترە

KNN : Kurdish News Network
01:31 - 10/06/2026
کوردستان
+
-

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەسەر پێشنیازی هەرێم لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا پێکدەهێندرێت. ئاشکراشی دەکات کە نزیکن لە ڕێککەوتنی نەوتی و بەغداش داوای ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ دەکات، لەکاتێکدا کۆی داهاتەکە لەو بڕە کەمترە.

 

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە دەیانەوێت کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی فیدراڵی پێشوازی لە پێشنیازێکی هەرێم کردووە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا. جەختیشی کردەوە، پاڵپشتی حکومەتی عێراق دەبن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییەی بەهۆی شەڕی ناوچەکەوە ڕووبەڕووی بووەتەوە. سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، وتەبێژی حکومەت ڕوونیکردەوە کە نزیکن لە ڕێککەوتن و کۆمپانیاکانیش خواستی بەرهەمهێنانیان هەیە، بەڵام داوای گەرەنتیی ئەمنی دەکەن.

 

سەبارەت بە گوشارە داراییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی ڕوونیکردەوە کە فشارێکی زۆر لەسەر داهاتی ناوخۆ هەیە، چونکە جگە لە تێچووی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی مووچەی زیاتر لە 51 هەزار مووچەخۆر، دەبێت بەشێکی ئەو داهاتەش ڕەوانەی بەغدا بکرێت. لەوبارەیەوە وتی: "داهاتی ناوخۆی ئێمە کەمبووەتەوە و بەغدا بەردەوام داوای 120 ملیار دینار دەکات، لە کاتێکدا داهاتی ناوخۆی هەرێم لەوە کەمترە، ئێمەش بەهۆی ئەو فشارەی لەسەرمان دروست بووە، لە گفتوگۆداین لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی واز لەو بڕە پارەیە بهێنن." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا پێکەوە وردبینی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم دەکەن.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هێمای بۆ ئەوە کرد کە هەرچەندە حکومەتی فیدراڵی خواستی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە، بەڵام هەندێک لایەن لە بەغدا نایانەوێت دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە. سەبارەت بە سیستەمی ئەسیکۆداش، دووپاتیکردەوە کە هەرێم دژی سیستەمەکە نییە، بەڵام پێویست بوو هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق زووتر ئاگادار بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئامادەکاریی پێشوەختە بکات.

 

لەکۆتاییدا، وتەبێژی حکومەت باسی لە کەرتی کارەبا کرد و ڕایگەیاند کە گازی سروشتی و کێشە تەکنیکییەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە. ئاشکراشی کرد کە ئامانجی سەرەکی پڕۆژەی (ڕووناکی) دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هاووڵاتییان بە بڕە پارەیەکی کەم.

124 جار خوێندراوەتەوە