مەرجەکانی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشکرا کران

KNN : Kurdish News Network
12:03 - 10/06/2026
ئابوری
+
-

نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری، لیستی داواکاری و مەرجەکانی ئەو کۆمپانیا بیانییانەی ئاشکرا کرد کە لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بەمەبەستی ڕازیبوونیان بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت.

 

بەپێی زانیارییەکانی ئەو شارەزا ئابوورییە، دیارترین مەرجەکانی ئەو کۆمپانیایانە خۆی لە سێ خاڵی سەرەکیدا دەبینێتەوە. یەکەمیان پەیوەستە بە لایەنی ئەمنییەوە، کە داوای دابینکردنی پاراستنی ئەمنیی توند بۆ کێڵگە و بیرە نەوتەکان دەکەن و جەخت لە پێویستیی قایمکردنیان دەکەنەوە لە دژی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی دامەزراوەکان و ستافی هونەری و ئەندازیارە بیانییەکان.

 

مەرجی دووەم بریتییە لە دابینکردنی میکانیزمێکی دارایی ڕوون و متمانەپێکراو بۆ دەستەبەرکردنی پێدانی شایستە داراییەکانیان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، بە مەرجێک ئەو میکانیزمە لەگەڵ بڕگەکانی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی یەکبگرێتەوە. هەروەها، لە مەرجی سێیەمدا جەختیان لەسەر خشتەبەندیکردن و دانەوەی قەرز و شایستە داراییە کەڵەکەبووە کۆنەکان کردووەتەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە قەرزەکانی کۆمپانیای (DNO)ـی نەرویجی، کە پێشتر ڕایگەیاندبوو بەتەواوی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی ڕاگرتووە تا ئەو کاتەی قەیرانی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان، کە بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، چارەسەر دەکرێت.

 

لە لایەکی دیکەوە، چاودێران پێیان وایە ئەم مەرجانە تۆپەکە دەخەنە گۆڕەپانی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەوە، بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و کۆتایی بەو چەقبەستووییە بهێنن کە ماوەیەکی زۆرە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.

421 جار خوێندراوەتەوە