ئێران: ئەمریکا تاکە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ناوچەیەکی لەناوبردووە

KNN : Kurdish News Network
12:44 - 10/06/2026
جیهان
+
-

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای هورمزگان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئێران، ئاوی خاوێن لە "20 هەزار کەس" لە دانیشتووانی ناوچەی بەمانی بڕاوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای هورمزگان، لە میانی هێرشەکەی شەوی ڕابردوودا، دوو کۆگای کۆنکرێتیی هەڵگرتنی ئاو بە توانای لەخۆگرتنی دوو هەزار و 500 مەتر سێجا لە ناوچەی بەمانی، بە مووشەک کراونەتە ئامانج و بەتەواوی لەکار کەوتوون. ئەو کۆگایانە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی شارۆچکەی کوهەستەک و 10 گوندی دەوروبەری بوون.

 

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، ناوچەکە خاوەنی سەرچاوەی ئاوی ژێرزەویی پێویست نییە بۆ ئەوەی بەپەلە بکرێتە جێگرەوەی کۆگاکان، تێکچوون و وێرانبوونی ئەو سەرچاوانەش کێشەیەکی گەورە و جدی بۆ تۆڕی ئاودابینکردنی ناوچەکە دروست دەکات.

410 جار خوێندراوەتەوە