سەرۆکایەتیی شارەوانیی چەمچەماڵ ئاگادارییەکی بەپەلە ئاراستەی هاوڵاتییان و وەستایانی بیناسازی دەکات و ڕادەگەیەنێت، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دروستکردنی هەر جۆرە بینایەک بەبێ مۆڵەتی فەرمی قەدغەیە و سەرپێچیکارانیش ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە
هۆبەی مۆڵەتی بینا لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی چەمچەماڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە بەرواری (1ی 7ی 2026) بەدواوە، هیچ هاوڵاتییەک بۆی نییە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی و مۆڵەتی فەرمی شارەوانی، دەست بە دروستکردنی خانوو یان هەر بینایەک بکات. داواش لە هاوڵاتییان دەکات پێش دەستبەکاربوون، سەردانی هۆبەی مۆڵەتی بینا بکەن بۆ وەرگرتنی ڕێنماییە یاساییەکان تاوەکو تووشی چەندین کێشەی یاسایی نەبن، بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن
شارەوانیی چەمچەماڵ ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو هاوڵاتییانەی لە ئێستادا سەرقاڵی کاری بیناسازین و مۆڵەتیان نییە، پێویستە بەپەلە سەردانی شارەوانی بکەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرن
هاوکات هۆشداریی توند دەداتە سەرجەم وەستاکانی بیناسازی کە کارکردن بەبێ مۆڵەتی فەرمیی بیناکە، ڕووبەڕووی یاسایان دەکاتەوە. لە کۆتاییدا جەخت کراوەتەوە کە پێویستە هاوڵاتییان لە کاتی دروستکردنی هەر بینایەکدا، سەرجەم مەرج و ڕێنماییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەتەواوی جێبەجێ بکەن
75 جار خوێندراوەتەوە