زانیارییە نهێنییەکانی ڕێککەوتنەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، مشتومڕێکی توندی لەبارەی قەبارە و کاتی ئەو دەستکەوتە داراییانە دروستکردووە کە تاران بەدەستی دەهێنێت. پێشبینی دەکرێت ڕێککەوتنەکە ڕێگە بە ئێران بدات لە ماوەی 60 ڕۆژی دانوستانەکاندا بە سەربەستی نەوت بفرۆشێت، لەگەڵ کردنەوەی دەرگا بەڕووی سووککردنی سزاکان، دەستگەیشتن بە پارە سڕکراوەکانی، و پێکهێنانی سندوقێکی وەبەرهێنان بە بڕی ٣٠٠ ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە ئەگەر بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمەریکی دەڵێت: ڕەخنەگران پێیان وایە کە ترەمپ دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکی، ئێستا هەمان هەنگاوەکان دووبارە دەکاتەوە کە پێدانی پارەیە لە بەرامبەر سازشکردنی ئەتۆمی. بەڵام کۆشکی سپی جەخت لەوە دەکاتەوە کە زانیارییەکان چەواشەکارین و ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای "پارەدان لە بەرامبەر پابەندبوون" داڕێژراوە، کە ئەمەش باشترین ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە بەهێزترین ڕێککەوتن. بڕیارە ڕۆژی هەینی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا واژۆ بکرێت، کە دەبێتە دەستپێکی 60 ڕۆژ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی وردتری ئەتۆمی.
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، ئێران تەنها لە کاتێکدا سوودمەند دەبێت کە پابەندی تەواوی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بێت؛ لەوانە دروستنەکردنی چەکی ئەتۆمی، لەناوبردنی ماددە پیتێنراوەکانی، و ڕێگرینەکردن لە هاتوچۆی سەربەستی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز. هەروەها بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایگەیاندووە، لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا بۆیان دەردەکەوێت ئایا ئێران جدییە یان نا.
سەبارەت بە سندوقە 300 ملیار دۆلارییەکەی ئاوەدانکردنەوەش کە پڕۆژەیەکی پێشنیازکراوی قەتەرە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە؛ ئەو پارەیە لەسەر حیسابی باجدەرانی ئەمریکی نابێت، بەڵکو لەلایەن کەرتی تایبەتی وڵاتانی کەنداو و ئاسیاوە دابین دەکرێت. هاوکات مەرجی بەکارهێنانی سندوقەکەش کۆتاییهێنانە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، دەستبەرداربوون لە یۆرانیۆمی پیتێنراو و ڕێگەدان بە پشکنینە نێودەوڵەتییەکان.
4526 جار خوێندراوەتەوە