ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەی ئاسایی
خۆی ئەنجام دەدات و تیایدا چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات، لەوانە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران
لەلایەن بەغداوە، پرسی خانەنشینبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، و بێبەشکردنی
خاوەن داهاتە باڵاکان لە سەبەتەی خۆراکی مانگانە.
کۆبوونەوەکە کە ژمارە (١٧٠)ی ئەنجومەنی وەزیرانە، کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی
لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا بەڕێوەدەچێت و بڕیارە دوو کاتژمێر بخایەنێت. لە بڕگەی یەکەمی کارنامەکەدا،
کێشە و چارەسەرەکانی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێم بۆ ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی
فیدراڵییەوە دەخرێتە ڕوو، کە بڕیارە لەلایەن وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە پێشکەش
بکرێت و هەریەک لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشت کراون.
لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەسەر بڕیاردان بۆ خانەنشینکردنی ئەو ئەندامانەی
ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم دەکرێت کە مەرجی یاسایی تەمەن و ساڵانی خزمەتیان هەیە،
بەتایبەت کە کارەکانیان هەڵپەسێردراوە و تائێستا خانەنشین نەکراون، ئەم بابەتەش لەلایەن
وەزیری دارایی و ئابووری و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەخرێتە بەرباس.
هەروەها لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی بێبەشکردنی سوودمەندانی
خاوەن داهاتە باڵاکان لە پرۆژەی سەبەتەی خۆراکی دەکرێت، بۆ ئەوەی تەنها بۆ خاوەن داهاتە
سنووردارەکان تەرخان بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی بازرگانیی عێراق داوای زانیاریی
ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان دەکات کە مووچەی مانگانەیان لە سەرووی یەک ملیۆن
و پێنجسەد هەزار دینارەوەیە، و ئەم بڕگەیەش لەلایەن بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە
دەخرێتە ڕوو کە وەک میوان بەشدارە لە کۆبوونەوەکەدا.
289 جار خوێندراوەتەوە