شارەزایەکی
کەشناسی پێشبینی دەکات سبەینێ پێنجشەممە پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان زیاتر
بەرز ببنەوە، بەڵام لە ڕۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی فێنک ناوچەکان دەگرێتەوە و
کەشوهەوا بەرەو نزمبوونەوە دەچێت.
ئاراس جەبار،
شارەزای کەشناسی، سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ پێنجشەممە (11ی حوزەیرانی 2026)
ڕایگەیاند، ئاسمانی هەرێمی کوردستان ساماڵ و ڕوون دەبێت. هاوکات پلەکانی گەرما
بەراورد بە ئەمڕۆ دوو پلە بەرزدەبنەوە و کەش گەرمتر دەبێت، هەروەها خێرایی با لە
نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتردا دەبێت لە کاتژمێرێکدا و ئاراستەکەشی لە باشووری
ڕۆژئاواوە دەبێت.
بەپێی
پێشبینییەکانی ئەو شارەزایەی کەشناسی، بەرزترین پلەکانی گەرما بۆ سبەینێ بەم
شێوەیە دەبن: لە سلێمانی 38 پلە، هەولێر 41 پلە، دهۆک 39 پلە، هەڵەبجە 40 پلە،
کەرکووک 43 پلە، گەرمیان 44 پلە، ڕاپەڕین 40 پلە و لە سۆران 38 پلە دەبێت.
لە بەشێکی
دیکەی زانیارییەکانیدا، ئاراس جەبار ئاماژەی بەوە کردووە، لە دوو سبەی ڕۆژی
هەینییەوە (12ی حوزەیران) بارستە هەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاستەوە ڕوو لە
ناوچەکان دەکات. بەهۆی ئەمەشەوە پلەکانی گەرما دوو بۆ سێ پلە نزم دەبنەوە و
کاریگەریی ئەم بارستە هەوایەش بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و پلەکانی
گەرما زیاتر دادەبەزن.
1136 جار خوێندراوەتەوە