نابێت ئۆتۆمبێل هەناردەی دەرەوە بکرێت تاوەکو بە فەرمی تۆمار و ژمارە نەکرێت

KNN : Kurdish News Network
07:28 - 10/06/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕێکاری نوێی بۆ ڕێکخستنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ دەرەوەی وڵات دەرکرد، کە بە ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ دەکرێن

 

 

دەرکردنی ئەم ڕێنماییانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێ لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران کراون

 

بەپێی نووسراوی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ، سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی کە ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتی هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکەن ئاگادار کراونەتەوە، کە لەمەودوا ڕێگەیان پێ نادرێت ئەو ئۆتۆمبێلانە هەناردە بکەن تاوەکو لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ تۆماری نەکەن؛ واتە پێویستە سەرەتا ئۆتۆمبێلەکان ژمارە بکرێن و پاشان هەناردە بکرێن

 

 

مەبەست لەم هەنگاوەش ڕاگرتنی باڵانسی بازاڕ و ڕێگریکردنە لە هەناردەکردنی بەلێشاوی ئۆتۆمبێلە مۆدێل نوێیەکانی (2024، 2025و 2026)، کە لە ماوەی ڕابردوودا ببووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی هەرێمدا

 

 

لە ڕێنماییەکاندا ئاماژە بەوە دراوە، کە ڕێگە بە کۆمپانیاکان دەدرێت ئەو ئۆتۆمبێلانە هەناردە بکەن کە وەک ئۆتۆمبێلی تایبەت تۆمارکراون، بە گشت مۆدێلە جیاوازەکانەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، هەر کۆمپانیایەک بیەوێت ئۆتۆمبێل هەناردە بکات، پێویستە سەرەتا مۆڵەتی فەرمی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان وەربگرێت. بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتەکەش، گومرگ چەند مەرجێکی دیاری کردووە؛ لەوانە دەبێت کۆمپانیا داواکارەکە بەپێی ڕێنمایی ژمارە سێی ساڵی 2021 لە وەزارەتی ناوخۆ تۆمارکرابێت، داواکاری پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی بکات، و پێویستە ئەو ئۆتۆمبێلەی هەناردە دەکرێت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی سڕینەوەی تۆماری بۆ کرابێت

 

هەر بەپێی بڕیارە نوێیەکە، پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی لە ماوەی 24 کاتژمێردا نووسراوی ڕێگەپێدانی هەناردەکردن بۆ کۆمپانیاکان دەربکات، و بڕی 5٪ لە نرخی خەمڵێنراوی ئۆتۆمبێلەکە وەک ڕسوومات وەردەگیرێت

 

 

هاوكات خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە دەتوانێت دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی تۆمار کرد و هەناردەی کرد، لە قۆناغی دواتردا سوود لە تابلۆکەی وەربگرێتەوە. لە کۆتایی نووسراوەکەشدا جەختکراوەتەوە کە مانگانە چاودێریی نرخی

ئۆتۆمبێل لە بازاڕدا دەکرێت، و ئەگەر دەرکەوت ئەم بڕیارە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ و کاریگەریی نەرێنیی دروستکردووە، ئەوا دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکە دەکرێتەوە.

 

157 جار خوێندراوەتەوە