نەتانیاهۆ: رەنگە ناچاربین بە تەنیا و بەبێ ئەمریکا دژی ئێران درێژە بە شەڕ بدەین

KNN : Kurdish News Network
11:10 - 10/06/2026
جیهان
+
-

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی (i24NEWS)ـی ئیسرائیلی، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنیی وڵاتەکەیدا هۆشداری داوە لەوەی، لە کۆتاییدا لەوانەیە تەلئەبیب ناچار بێت بە تەنیا و بەبێ پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە.

 

نەتانیاهۆ بە وەزیرەکانی کابینەکەی ڕاگەیاندووە، پێدەچێت دۆخەکە بەو ئاراستەیەدا بڕوات کە ئیسرائیل ناچار بێت بە تەنیا ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەم دۆخە باجێکی قورسی دەبێت، وەک کەمبوونەوەی تەقەمەنی و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: "نامانەوێت بگەینە ئەو خاڵە، بەڵام دەزانین کە دەتوانین لە بەرامبەر ئێراندا خۆڕاگر بین."

 

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هۆشداری بە نەتانیاهۆ دابوو، ئەگەر ململانێکان بۆ شەڕێکی گشتگیر فراوان ببن و چارەسەرە دیپلۆماسییەکان ڕەتبکرێنەوە، ئەوا ڕەنگە واشنتن لە بەرامبەر ئێراندا ئیسرائیل بە تەنیا جێبهێڵێت.

 

هاوکات لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی واشنتن بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکە، ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل، لە هەمان کۆبوونەوەدا هۆشداری داوە کە لە ڕوانگەی تەلئەبیبەوە، لەم دۆخەی ئێستادا نزیکەی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران وەک "ڕێککەوتنێکی خراپ" سەیر دەکرێت.

182 جار خوێندراوەتەوە